یەژاستار پێشەنگی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕییە

گەریلاکانی یەژاستار لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز، لە ڕیزەکانی پێشەوەدا، بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی.

گەریلاکانی یەژاستار دەڵێن، " لە وەرزی پایزدا ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە، هەموو ئەو گردانە پاک بکەینەوە کە سوپای تورک لێی نیشتەجێ بووە".

ئەو گەریلا ژنانەی لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەڕدەکەن، نەوەک هەر وەڵامی هێرشە داگیرکارییەکانیان داوەتەوە، بەڵکو بە جموجوڵی تاکتیکی سەربازی سەنگەرەکانی خۆیان بەهێزکردووە و گورزی گرانیان لە سوپای تورک وەشاندووە. گەریلا ژنەکان کە بەتایبەت ئەمساڵ لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ شەڕیان کردووە، بە هاتنی وەرزی پایز لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕییدا لە سەنگەرەکانی پێشەوە جێی خۆیان دەگرن.

گەریلاکانی یەژاستار، پێش چالاکی، لە پشکنینەوە تا ئامادەکاری، لە پلانسازییەوە تا چوونە سەر دوژمن، لە هەموو قۆناغەکانی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕییدا ڕۆڵیان گێڕا و پێشەنگایەتیان کرد. گەریلا ژنەکان بەشداربوون لە کۆمەڵەکانی هێرشبردن بۆ سەر سوپای تورک، هەروەها لەنێو کۆمەڵەی نیشانەشکێن، کۆمەڵەی چەکی قورس و تیمە گەڕۆکەکان، لە هەموو گۆڕەپانەکاندا جێگەی خۆیان گرتووە.

دوژمن لە هەموو گردەکان دەردەکەین

ئەو گەریلایانەی یەژاستار کە بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنی هەرێمی بەرخۆدانی چیای ئامێدی، لەکاتی ئامادەکاری پێش ئەنجامدانی چالاکییەکە، قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و گوتیان: "سەربڵندین بەو هاوڕێیانەی لە تونێلەکاندا بەرخۆدان دەکەن، بەرخۆدانیان مەزنترین سەرچاوەی هێزمانە. هەر بۆیە ئەمڕۆ لەو گردانەی سوپای تورک دەیەوێت داگیریان بکات و هاوڕێیانمان لەوێ بەرخۆدان دەکەن، دەمانەوێت چالاکی ئەنجام بدەین. قەرزی شەهیدانمان و گەلەکەمان و ڕێبەرمان لەسەرمان، نەخشەڕێگای ئێمەیە. بۆیە ئامانجی سەرەکیمان لەم پایزەدا، پاککردنەوەی هەموو ئەو گردانەیە کە سوپای تورک لێی نیشتەجێیە. بڕوامان وایە، لە هەموو چالاکییەکانماندا سەرکەوتوو دەبین".