یەژاستار: سەرکەوتن بۆ گەلەکەمانە

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی یەژاستار: هەر ژنێکی کورد، هەر گەنجێک، دایک و هەر بەتەمەنێکی کورد دەبێت نەورۆز بە پڕجۆش و خرۆشترین شێوە پێشوازی لە نەورۆز بکات و بیگۆڕێت بۆ بناغەی تێکۆشانی داهاتووی ئازاد.

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی یەژاستار بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

فەرماندەییەکە رایگەیاندووە: "نەورۆز بە رێپێوانی ئازادیی رێبەرایەتی گەیشتە واتای خۆی. ئێمە نەورۆز لە گەلە راپەڕیوەکەمان و هەمووان ئەوانەی ئاوێتەی نەورۆزبوون، بەتایبەتی لە رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین. لە کەسایەتی کاوەی سەردەم مەزڵوم دۆغان، زەکیە، رەهشان، بێریڤان و سەماکاندا کە لە دژی پەردەی تاریکی لەسەر گەلەکەمان جەستەیان کردە مەشخەڵ و پەردەکەیان دادڕی، ئێمە شەهیدانی نەورۆز بەبیر دەهێنینەوە و لەبەردەم یادی پیرۆزی ئەوان بە رێز و پێزانینەوە بەژنی خۆمان دادەنەوێنین".

گەلەکەمان بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' لەگۆڕەپانەکان دەبێت

لە راگەیەندراوەکەی یەژاستاردا هاتووە بەهار کە لە دوای زستانی تاریک دێت، بۆ هەموو زیندەوەران بە واتای ژیانی نوێیە و بەم جۆرە بەردەوام بووە: "لە بەهاردا خاک بە هەزاران رەنگی خۆیەوە دەڕازێتەوە. بەهار نوێبوونەوە، شینبوون، پێشکەوتن و گەورەبوونە. هەر وەک چۆن بەرامبەر بە زستانی تاریکی خۆڕاگری دەکات، شین دەبێت. لە هەر خانەیەکی ژینگەدا ژیان بوونی هەیە. لەو رووەوە بەهار مزگێنی رزگاربوونە لە ستەمی تاریکی. بەهار وەرزێکە کە ناوازەترین هۆنراوەی بۆ دەهۆنرێتەوە، خۆشترین گۆرانیەکانی بۆ دەچردرێت. لە بەهاردا رۆمانی بێ کۆتایی دەنوسرێن. لە نەورۆزی ١٩٧٣ دا دوای کۆبوونەوەی یەکەم کە رێبەرایەتیمان لە بەنداوی چوبوک سازیکرد، پەکەکە بووە هەڵبەست و هۆنراوەی نوێ، گۆرانی و رۆمانی بێکۆتایی بەهار. ئەقڵیەتی قڕکەری ئەنقەرە کە ئاهەنگی سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی داستانی بەرخودانی گەلەکەمانی رەتکردەوە، لە بەرامبەر هاواری ئازادی لە ئامەد لە رۆژێکی نەورۆزدا تەختی زەوی بوو. لە ساڵی ١٩٧٣ وە لە قۆناغی بەرەوپێشچووندا، نەورۆز؛ بەرخودانی گەلەمانی زیاتر کرد، گەلەکەمانی گەیاندە هێزێکی بەوجۆرە کە هەموو جۆرە سەپاندنێکی کۆلۆنیالیستی پوچەڵ دەکاتەوە. هەوڵ دەدەن گەلەکەمان لە خاکی سەرەکی خۆی داببڕێنن. گەلەکەمان وەک سروشت کە لە بەهاردا نوێ دەبێتەوە، پەیوەستی خاکە هەزاران ساڵەکەیەتی و سەرلەنوێ شین بووەتەوە. لە قووڵایی ئەو خاکەی بە خوێنی ناوازەترین رۆڵەکانی پاراو کراوە، ریشەی داکوتاوە و هەرگیز ئەو ریشەیە لە خاک هەڵناکەندرێت. نەورۆز جەژنی ئازادی گەلەکەمانە. نەورۆز جەژنی ئازادی گەلەکەمانە. بەڵام لە بەرامبەر راستی کۆلۆنیالیزم نەورۆز بۆ ئێمە گۆڕدراوە بۆ کاتی سەرهەڵدان و بەرخودان. ئێمە دەزانین کە تەنیا بە بەرخودانی گەورە و مسۆگەر کردنی ئازادی ئێمە دەتوانین نەورۆز سەرلەنوێ بگۆڕین بۆ جەژن. ئەگەر نەورۆزی گەلێک کە خاکەکەی داگیرکراوە، مرۆڤەکانی بە کۆیلەکراوە و رێبەرایەتیەکەی لە بەردەکانی ئیمراڵیدا زیندانی کراوە؛ بە وزەی بەهار بگۆڕدرێت بۆ تێکۆشان واتادار دەبێت. بەدامەزراندن و دەرکەوتنی پەکەکە گەلەکەمان بە گیانی خۆیشی قوربانی دابێت هەموو نەورۆزێکی بەم جۆرە پێشوازی کردووە. بە دیلگیرانی رێبەرایەتیمان واتایەکی نوێی بە نەورۆز بەخشی. لەم رووەوە  هەر نەورۆزێک بۆ ئێمە هەنگاوێکە بەرەو ئازادی رێبەرایەتی. ئێمە لەو بڕوایەداین کە لەم نەورۆزەشدا گەلەکەمان جارێکی دیکە بە دروشمی 'بژی رێبەر ئاپۆ' بەرەو گۆڕەپانەکان بخرۆشێت و نەورۆز بگۆڕێت بۆ سەردەمی ئازادی".

داوا لە ژنان و گەنجان دەکەین کە ئاگری ئازادی چیاکانی کوردستان گەشاوەتر بکەن

لە راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی یەژاستاردا ئەوەش خراوەتەڕوو:

"لە سەردەمی کاوەی ئاسنگەرەوە تا ئەمڕۆ ناوی زوحاکەکان ئەگەرچی گۆڕدرابێت، شوێنی ستەم نەگۆڕاوە. وەک چۆن بەر لە هەزاران ساڵ زوحاکەکان مێشکی گەنجانی کوردیان دەخوارد و بەم جۆرە هەوڵیان دەدا هەبوونی خۆیان درێژە پێبدەن، لەمرۆشدا هەمان ئەو زوحاکانە ناوی ئاکەپە و مەهەپەیان لە خۆیان ناوە و بە رێبازی شەڕی تایبەت هەوڵ دەدەن گەنجانی کورد لە یادگە و بیر دابماڵن و بەم جۆرە خۆیان لەسەر پێ رابگرن. ماددەی هۆشبەر، لەشفرۆشی، وەرزش و ئامرازەکانی کولتوری باو بۆ زوحاکەکانی سەردەم بوونە رێبازی نوێی خواردنی مێشک. هەر گەنجێک کە لە ناو سیستمی پەروەردەدا دەتوێندرێتەوە لە راستی کۆمەڵایەتی نامۆکراوە و هەر گەنجێک کە دەچێت بۆ ئاهەنگەکان لەو شوێنانەی خوێنی شەهیدانی تێدا ڕژاوە، بە بێ ئەوەی درکی پێبکات لەسەر خوانی زوحاکەکان دانیشتووە، لە خودبوونی خۆی دوور دەخرێتەوە، بیرکردنەوەی لێسەندراوەتەوە و بووەتە کەرستە.

کاوەکان لە دژی سیاسەتی داماڵین لە بیر و هۆش کە لە لایەن زوحاکەکانەوە لەسەر گەنجان کە ئایندەی کۆمەڵگان پەیڕەو دەکرێت، بەر لە هەزار ساڵ لەسەر چیاکان ئاگریان کردەوە و رێگە و رێبازی ستەمکارانیان ئاشکراکرد و نیشانیاندا. لەو واتایەدا هەر ئاگرێک کە لە زاپ، خواکورک و مەتینا دادەگیرسێت، چەخماخەیەکی ئاگری کاوەیە کە لە مێشکی ستەمکاردا لێدەدرێت و تا رۆژی ئەمرۆمان خۆی نیشان دەدات. ئەو دەنگەی لە شاخی جودی دەڵێت 'ئاگر لە تەختی رووم بەردە'، ' دڵی ئەنقەرە دەسوتێت' هەمان ئەو دەنگەیە کە هەزار ساڵ بەر لە ئێستا بە هەڵکردنی ئاگر لە سەر چیاکانی گارە مزگێنی ئازادی دەدا. بە شێوەیەکی هەرە واتاداری مێژوویی لە رێگەی گەریلاکانی کوردستانەوە هاتووەتە ئاراوە و لە عارەفەی نەورۆزدا ئاگری نەورۆز جارێکی دیکە لە چیاکان داگیرساوە. لە دژی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە کە دەیەوێت کوردستان بگۆڕێت بۆ دۆزەخ و مێشکی گەنجان بخوات، وەک کاوەکان وەڵامیان دەداتەوە. لەم واتایەدا ئێمە بانگ لە هەموو گەنجان و بە تایبەتی ژنان دەکەین کە ئەو ئاگرەی ئازادی کە لە چیاکانی داگیرساوە گەورەتر بکەن و داهاتووی ئازاد پێکەوە بونیادبنێن. لە دژی سیاسەتی شەڕی تایبەت کە مێشکەکان بەتاڵ دەکاتەوە، بێ بیر و هۆشیان دەکات و مرۆڤەکان دەخات، چارەسەر تەنیا لە چیاکانە. هەر ژن و پیاوێکی گەنج کە ببنە چیایی، دەبنە مۆتەکەی زوحاکەکان و بۆ گەلەکەمان دەبنە مزگێنی ئازادی.

نەورۆز سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی سەرکەوتنە

پێناسەی 'هەر کۆمەڵگایەک کە تیایدا ژن ئازاد نەبێت، ئازاد نییە' زیاتر لە ژنانی کورددا بەرجستە بووە. زەکیە ئاڵکان لە شوراکانی ئامەد خۆی کردە ئاگری نەورۆز و ئامەدی گۆڕی بۆ شاری سەرهەڵدان. رەهشان لە کادیفەکەلای ئیزمیر نەورۆزی پیرۆزکرد و نیشانی دا گەلی کورد کە لە خاکەکەی دابڕێندراوە و لە شەقامە تەسک و پیسەکانی گەورەشارەکان گەمارۆدراوە، هەرگیز کراسی کۆیلایەتی کەبەسەریدا دەسەپێندرێت، قەبوڵ ناکات. رۆناهی و بێریڤانەکان لە بەرامبەر شارستانیەتی ئەوروپا بوونە ئاگری نەورۆز. سەما لە دژی سیاسەتی بێناسنامەکردن کە لە زیندان دەسەپێندرا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و رووناکی خۆری پێشکەش بە گەلی کورد کرد. هەر شەهیدێکی نەورۆز سەلماندوویەتی کە بە پێشەنگایەتی ژنان ئاگری نەورۆز گەشتر دەبێت و دەبێتە هێزی پێشەنگی گەلی کورد و ژیانێکی نوێ بونیاد دەنێن. بەلای کوردان، ژیانی نوێ، ژیانێکە کە لە ناو پەکەکەدا بونیادنراوە. وەک چۆن کوردستان بە بێ کورد نابێت، لە کەسایەتی هەر شەهیدێکی نەورۆزدا ئەوە دەرکەوتووە کە بە بێ پەکەکە ئازادی نابێت. لەم واتایەدا ئەو راستیەی نەورۆزبوون کە لە لایەن شەهیدانەوە سازکراوە، پەکەکە دەکاتە پارتی نەورۆز، گەلی کورد دەکاتە گەلی نەورۆز و رێبەرایەتیمان دەکاتە رێبەری نەورۆز. هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بە شکۆمەندانە بژین دەبێت لە راستی نەورۆزبووندا جێگە بگرن. دەبێت مێشک و رۆحیان لە چەپەڵیەکانی سیستم پاک بکەنەوە و لەگەڵ پەکەکە کە ناوی ژیانی سادە، ناوازە، راست و ئازادە بوەستن و ئاگری نەورۆز داگیرسێنن. لەم واتایەدا هەموو نەورۆزێک بە واتای دەستپێکردنی هەبوونە. نەورۆز لە دژی سیستمی کۆلۆنیالیزم، کە مرۆڤەکان بێ کەسایەتی دەکات، دەیخاتە ژێر کاریگەری خۆی و لە بەهاکانی دووری دەخاتەوە، سەرەتای سەرکەتنە. بەم هۆشمەندیەوە داوا لە هەموو ئەوانە دەکەین کە بە خۆیان دەڵێن 'مرۆڤم' لەم نەورۆزەدا هەنگاوێک دیکە ببنە هی خۆیان و لە ئاگری نەورۆزدا کۆلۆنیالیزم و داگیرکەری بسوتێنن. دەبێت هەر ژنێکی کورد، هەر گەنجێکی کورد، هەر دایکێکی کورد و هەر بەتەمەنێکی کورد بە پڕجۆش و خرۆشترین شێوە پێشوازی لەم نەورۆزە بکات و لە پێناو داهاتوویەکی ئازاددا بیگۆڕێت بۆ بوارێکی تێکۆشان. ئێمە لەو بڕوایەداین کە سەرکەوتن بۆ گەلی نەورۆزمان دەبێت.

وەک گەریلاکانی یەژاستار ئێمە لە دڵی خۆماندا بە خۆشەویستی و بڕوامان بە گەلەکەمان و تاسەی رێبەرایەتیمان، لە دژوارترین هەلومەرجی تێکۆشاندا پێشوازی لە نەورۆز دەکەین. لەم نەورۆزەدا کە ئێمە لە سەنگەرەکانماندا پێشوازی لێدەکەین، بۆ یەک چرکەش بێت ئێمە بەدیلگیرانی دژواری رێبەرایەتیمان و ستەمی سەر گەلەکەمان لەبیر ناکەین، بەو بڵێسانەی لە لولەی چەکەکانمانەوە دەردەچن بە رق و توڕەیی خۆمان ئاگری نەورۆز گەشتر دەکەین. لەم واتایەدا لە سەر بنەمای راستی مەزڵومەکان تا سەماکان پەکەکە کراسێک لە ئاگرە، ئێمە ببینە ئاگر و بە رۆح، مێشک و دڵی خۆمان جەلادەکان دەسوتێنین و ئەمە سوێند و پەیمانمان بۆ رێبەرایەتیمان، گەلەکەمان و شەهیدانی نەمری نەورۆزمانە. مزگێنی ئازادی لەماوەیەکی نزیکدا لە چیاکان بە هەلهەلەی ژنە گەریلاکان رادەگەیەندرێت. نەورۆز پیرۆز بێت!".

هـ . ب