یەژەشە بەشداری خۆی لە کەمپینی ' لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن' راگەیاند

یەژەشە بەشداری لە کەمپیی 'لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن' کرد و رایگەیاند، "ئامادەن کە وەڵامی هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر ژنان بدەنەوە".

یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە بە شداری لە کەمپینی ' لەدژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن' دەکات، کە ٨ی ئادار لە لایەن بزوتنەوەی ژنانی ئێزدی (تاژێ) راگەیەندرا.

لە سەرەتای راگەیەندراوەکەدا سڵاو لە کەمپینەکەی تاژێ کراوە و ئاماژە بە رۆڵی ژنان لە پاراستنی کولتور، ئەندێشە و باوەڕی کۆمەڵگاکان دراوە.

یەژەشە رایگەیاند، کە دوژمن ئەو هەڵوێستە شکۆدارەی ژنانی هەرگیز قەبوڵ نەکردووە، هەربۆیە هەموو کات هێرش دەکاتە سەریان.

لە راگەیەندراوەکەدا فەرمانی سێی ئاب لە شەنگال بەبیرهێنراوەتەوە و ئەوە خراوەتەڕوو، "دوێنێ ژنانی ئێزدی، ئەمرۆش ژنانی ئەفغانستان و فەلەستین رووبەڕووی ئەو راستیەی پیاو سەردەست بوونەوە. بەڵام دوژمنی هەموو ژنان وەک یەکن. بەلای هەموویانەوە ژن ئامێرێکی بەکارهێنانەوە و دەتوانرێت بکوژرێن، دەستدرێژی بکرێتەسەریان. لەمرۆشدا بە هەمان شێوە باڵادەستەکان بە شێوەیەکی نائەخلاقی هێرش دەکەنە سەر ژنان و ئیرادەی ژنان".

یەژەشە ئەوەشی خستەڕوو کە ترسی دەسەڵاتداران لە هێز و تێکۆشانی ژنان بەم جۆرەیە، رایگەیاندووە، "لەبەر ئەوەی دوژمنی ژنان خۆیشیان دەیبینن کە ژن خاوەن ئیرادەن و ئەو چارەنووسەی بەسەریاندا سەپێندراوە قەبوڵی ناکەن، لە دژی ئەوە دەوەستنەوە".

بەتایبەتیش ئاماژە بە هەڵوێستی ژنانی ئێزدی دراوە کە لە رەوتی مێژوودا هەرگیز سەریان بەرامبەر بە زۆرداری دانەنەواندووە.

سەبارەت بە ئامانجی کەمپینەکەش ئەم زانیارییە خراوەتەڕوو:

"لە بنەڕەتدا ئامانجی کەمپینەکە ئەوەیە کە هەموو ژنان لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکدا بوەستنەوە، یەکێتی ژنان بهێننە کایەوە و ستەمی هەنوکەیی لە ریشەوە هەڵتەکێنن. لەسەر ئەو بنەمایانە ئێمە وەک یەژەشە بەشداریمان لە کەمپینی 'لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپارستن' رادەگەیەنین".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەوان ئامادەن لە هەموو شوێنێک لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک لە دژی ژنان وەڵامی نەیارانی ژنان بدەنەوە.

یەژەشە راشیگەیاندووە، "ئێمە لەو بڕوایەداین لە رێگەی ئەم کەمپینەوە ئێمە هەموو هێرشەکان تێکدەشکێنین و ئازادی هەموو ژنان مسۆگەر دەکەین".

هـ . ب