ڕژاک بۆ ٢٥ ی تشرینی یەکەم ١٦ رۆژ چالاکی ئەنجام دەدات

ڕێکخراوی ئازادی ژنانی کوردستان (ڕژاک) لە سلێمانی بە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەرنامەی چالاکی ١٦ ڕۆژەی دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئاشکرا کرد.

ئەمڕۆ، ڕژاک لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، بە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەرنامەی زنجیرە چالاکییەکانی بۆ ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی تێکۆشان دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئاشکرا کرد.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامی ڕژاک، شەیما نەبیل خوێنرایەوە، تێیدا گوترا: "وەکو ئەرکێکی ژنانە و ئەخلاقیانە دژی هەموو ستەم و توندوتیژیی و کۆمەڵکوژکردنی ژنانین، ئیتر ئەو کوشتنانە بە بیانوی "نامووس" یان هەر جۆرە بیانوویەک، تیرۆر و  بۆردوومانکردن بێت لەسەر خاکی خۆمان بە مەبەستی داگیرکاریی، چونکە ئەو ژنانەی تیرۆر دەکرێن لەلایەن داگیرکارانەوە و  ئەو ژنانەشی دەکوژرێن لەژێر ناوی "نامووس" و ئەو ژنانەشی کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت بە هەمان ئەقڵ دەکرێن، کە دژە ژن و دژە مرۆڤن".

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی جڤاک بە ئەرکی خۆمانی دەزانین تێبکۆشین و خوشکانی میرابەل بەبیربێنینەوە و تێکۆشانەکەیان بەردەوام بکەین، کە دژە ستەم تێکۆشاون.

دەربارەی کات و شوێنی چالاکییەکان گوتی: "وەک ڕژاک، لە سلێمانی و کەرکوک و ڕانیە و گەرمیان، ئەگەریش قوتابخانەکان بکرێنەوە سیمینار بۆ خوێندکاران ڕێکدەخەن. هەروەها چالاکییەکان لەشێوەی ڕێپێوان و ڕاگەیاندراو و بڵاوکراوە ئەنجام دەدەین".