ڕژاک بە هەڵواسینی وێنەی ژنانی پێشەنگ ٨ی ئاداری لە کەرکوک پیرۆزکرد
بە بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی پۆستەری وێنەی ژنە شەهیدانی پێشەنگ و تێکۆشەر، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" ٨ی ئاداری لە کەرکوک پیرۆزکرد.
بە بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی پۆستەری وێنەی ژنە شەهیدانی پێشەنگ و تێکۆشەر، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" ٨ی ئاداری لە کەرکوک پیرۆزکرد.
لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" لەچوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانیان بەبۆنەی رۆژی ٨ی ئادار-ەوە ماوەی ٨ رۆژە بەردەوامن لە چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری لە شارەکە، لە دواین چالاکیشدا لەژێر دروشمی "ژن ژیان ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین"، ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانی ژنان، ژمارەیەکی زۆر پۆستەری وێنەی ژنە شەهیدانی پێشەنگ و تێکۆشەریان لە سەرتاسەری گەڕەکەکانی شارەکە و ناوەندی کەرکوک هەڵواسی.
جێگای ئاماژەیە، پۆستەرەکان وێنەی ژنانی شۆڕشگێڕ و شەهیدانی تیکۆشانی ڕێگای ئازادییان لەخۆ دەگرت لەنێوانیاندا وێنەکانی شەهیدان لە "ساکینە جانسز تا فریاڵ سلێمان خالد"، پۆستەرەکان جگە لە وێنەی ژنانی تێکۆشەر و پێشەنگ، دروشمیان لەخۆ گرتبوو کە دروشمەکانی بریتیبوون لە "شۆرشی باشور شۆرشی ژنە" و "ژن ژیان ئازادی" و "تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت" و "ژن ژیان ئازادی بەرەوە شۆرشی ژنان هەنگاو دەنێین".
جێگای باسە هەینی ڕابردوو رۆژی ١ی ئادار، لە شاری کەرکوک، لەو شوێنەی کە ژنە چالاکوان و سیاسەتمەداری کورد شەهید فریال سلێمان خالید تێیدا تیرۆر کرا، بەدەستپێشخەریی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک)، بە بەشداری ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان و هاوکاریی کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکییەکانی ٨ی ئادار، بەدروشمی "ژن ژیان ئازادی، بەرەوە شۆرشی ژنان هەنگاو دەنێین" زنجیرەیەک چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری بەبۆنەی رۆژی ٨ی ئادار ڕاگەیاندرا، و لەو شوێنەدا ژنانی چالاکوان بەڵێنیان نوێ کردەوە کە لەسەر ڕێبازی ژنانی شۆڕشگێڕ و پێشەنگ بەردەوام دەبن لە خەبات و تێکۆشان، لە ئیستاشدا لە هەشتهەمین رۆژی هەڵمەتەکەدا (ڕژاک) بەردەوامە لە چالاکی لە شاری کەرکوک و شارەکانی دیکەی باشوری کوردستان.
لەماوەی هەشت رۆژی ڕابردوو، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) لە شاری کەرکوک، لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکەیان کۆمەڵێک چالاکییان ڕێکخست کە پێکهاتبوون لە (کۆڕ، سیمینار، سەردانی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان، بەسەرکردنەوەی ژنانی کرێکار و خاوەن کار، هەڵواسینی پۆستەر و چەندین چالاکی دیکەی رۆشنبیری و هونەری).