ڕەژاک بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە زنجیرەیەک سیمیناری لە کەرکوک ئەنجامدا

بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(ڕەژاک)، لە شاری کەرکوک زنجیرەیەک سیمیناری ئەنجامدا.

مێژووی رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠ساڵ لەمەوبەر. لە ووڵاتی دۆمینیکان سێ خوشک بەناوەکانی (مینێرڤا، پاتریا، ماریا ترێزا) تێکۆشانێکیان لە پێناو ئازادی و یەکسانی لە دژی سیستمی دیکتاتۆری ئەو ووڵاتە بەرێوەبرد، بەڵام لەلایەن دەسەلاتی ئەو کاتی دۆمینیکانەوە و لە رۆژی ٢٥/١١/١٩٦٠ لەدوای ئەشکەنجە و بەکار‌هێنانی زۆرترین توندوتیژی و دەستدریژی لەسەر ئەو سێ خوشکە، دەکوژرێن.

لەدوای تێکۆشانێکی بی ووچانی ژنان لەسەرتاسەری جیهاندا رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم) وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان دیاری کردووە.

بۆ یادکردنەوە و بەرز ڕاگرتنی ئەو رۆژە، کە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە دژی ژنان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) لە شاری کەرکوک لە ٦١ هەمین ساڵرۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە ژمارەیەک قوتابخانەی کچان و کوڕان سیمیناری ئەنجامدا، کە سیمینارەکە تایبەت کرابوو بە بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەناو کۆمەڵگا و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ناساندنی ئەو رۆژە جیهانیە بە قوتابیانی شارەکە.

لەچوارچیەی چالاکییەکەدا ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان، سەردانێکی ڕێکخست و سیمیناری پێشکەش بە قوتابیەکانی قۆناغی ئامادەیی کرد لەقوتابخانەکانی (قەندیل)، (١١ی ئادار) و (چوارچرا)ی کچان و قوتابخانەکانی (گزنگ و قازی محەمەد)ی کوڕان،  کە لە سیمینارەکەدا باسیان لە چۆنیەتیی سەرھەڵدانی ئەو ڕۆژە کرد و هەروەها لەسیمینارەکەدا تاوتوێی جۆرەکانی توندووتیژی و چۆن بتوانین بەرەنگاری توندووتیژی ببینەوە و چۆن چارەسەری کردنی کرا.

ژ.ت