ڕژاک لەژێر ناونیشانی رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا کۆڕێکی لە کەرکوک ڕێکخست

ڕژاک لە کەرکوک، بەهەماهەنگی لەگەڵ ساڵۆنی شەقامی جمهوری، لەچوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی مارس کۆڕێکیان ڕێکخست.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" لەچوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی لەژێر دروشمی "ژن ژیان ئازادی بەرەوە شۆرشی ژنان هەنگاو دەنێین" بەبۆنەی رۆژی ٨ی مارسەوە بەردەوامن لە چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری.

لە نوێترین چالاکیدا، ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" بە هەماهەنگی لەگەڵ ساڵۆنی شەقامی جمهوری، لە کەرکوک بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی رۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، مامۆستا، چالاکوانانی ژنان و میدیاکاران، لەژێر ناونیشانی (رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا) کۆڕێکیان بۆ ڕووناک مەجید ژنە نووسەر و پێشمەرگەی دێرین ڕێکخست، هەروەها لە کۆڕەکەدا و کتێبی "ژن ژیان ئازادی"یان بە سەر ئامادەبوواندا دابەش کرا.

بابەتی کۆڕەکە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی مارس بوو کە دەکاتە رۆژی جیهانی ژنان، لە کۆڕەکەدا باس لە ئازادی، مافەکانی ژنان، هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری و پیاوسالاری بەسەر کۆمەڵگا و ژندا، و ڕۆل و پێگەی ژن لە ناو گەلی کوردی کرا.

ڕووناک مەجید نووسەر و پێشمەرگەی دێرین، سەبارەت بە رۆژی ٨ی مارس، بۆ ئامادەبووانی کۆڕەکە ووتی: "ئەم کۆڕانە لە کەرکوک گرنگی خۆی هەیە بەتایبەتی لە ڕەوانگەی ژنەوە لە شارێکی وەکو شاری کەرکوک، رۆژی ٨ی مارس لە تەواوی ژنانی جیهان و ژنانی کوردستان پیرۆز دەکەم چونکە لەم رۆژەدا مافی ژنان هاتە دی، ژنانیش وەکو هەموو بوونەوەرێکی دیکە بەردەوام لە تێکۆشاندان".

هەروەها ڕووناک مەجید سەبارەت بە رۆڵی ژنان ووتیشی: "لە بەر ئەوەی ژنان نەیتوانیوە مێژووی خۆیان بنووسێنەوە ئەمە وایکردووە مێژووی تێکۆشانی ژنان بە شاراوەیی بمێنێتەوە ئەمەش کەمووکوڕییەکی گەورەیە کە ئەو تێکؤشان و خەبات و ڕەنجەی ژن لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا ڕۆڵی هەبووە تێیدا نەتوانراوە بینوسێتەوە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، ئەگەر باس لە مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، ئەوەە خێزانەکان وەکو ئیستا نەبوونە، بەڵکو ژیانێکی هەڕەمەکی بووە، بەڵام ئەوەی هەمووانی کۆکردەوە و دایک بووە ژن-بووە، ژن بوونەوەرێکئی دادخواز بووە، جیاوازی نەکردووە لە نێوان منداڵەکانیدا، ئەگەر کوڕ بووبێت یان کچ".

هەروەها لە درێژەی قسەکانیشدا نووسەر ڕووناک مەجید، تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری بۆ دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگادا و ڕایگەیاند: "سیستەمی سەرمایەداری چەند هەوڵ دەدات دەست بە سەر کۆمەڵگاکاندا بگرێت، ئەوەندە هەوڵ دەدات کۆی قازانجەکان بۆ خۆی کۆ بکاتەوە، بۆ ئەوەی بەڕێوەبەری لە دەستی ژن وەر بگرێتەوە بیکات بە دەسەڵات، مێژووی ژنی کورد لە تێکۆشانەکان و بەرەوپێشبردنی قۆناغەکان زۆر گەورەیە، هەندێک لە عەقڵیەتەکان  پێیانوابووە ژنی کورد هەر لە ماڵەوە بووە، بەڵام ڕاستییەکەی وانیە، ژنی کورد لە گووندەکاندا ڕۆڵێکی زۆر گەورەیان هەبووە پێشخستنی ئابوری و داهێنان و دەستڕەنگینی و جوتیاری و چاندن و چەندین پیشەدا، هەمان ئەرکی ڕێکخستنی خێزان و پەرەوردەکردن و پاراست ی منداڵەکانی لە سەر شان بووە".

 ئەو ژنە نووسەرە، باسی لە خاتوون زادینا کرد وەکو نموونەی ژنی کوردی شۆڕشگێر لە قەڵای دمدمدا، و بۆ ئامادەبووان ئاشکرای کرد: "لەکاتی داستانی قەڵای دمدمدا خاتوون زادینا هەموو ژنەکان کۆدەکاتەوە لە قەڵاکەدا و پێیان ڕادەگەینێت کە "ئەگەر شا عەباس هێرشی کردە سەر ناوچەکەمان و داگیرکرد، دوو رێگەمان لە بەردەستە، شەڕ کردن لە دژی یان ژەهر خوردنەوە بۆ ئەوەی دەستی دووژمن نەکەوین" ئەوەبوو لە کۆتاییدا خۆی لە سەر قەڵای دمدم فڕێدایە خوارەوە بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی دووژمن، کێشەکە ئەوەیە، هەرچی ئەو دووژمنانەی هەمانە بە ژن دەمانترسێنن، لە بری خاک ژن بە شەرەف ناو دەبەن".

جێگای باسە، لە کۆتایی کۆڕەکدا ئامادەبووان سەرنج و تێبێنییەکانی خۆیان ئاڕاستەی کۆڕگێر کرد و پاشان لە لایەن سەرپرشتیارانی ساڵۆنی شەقامی جمهوری، قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرایە ڕووناک بەجید ژنە نووسەر و پێشمەرگەی دێرین، دواتر کتێبی "ژن ژیان ئازادی" کە لەلایەن ئەکادیمیان ژنلۆژیەوە ئامادەکراوە بە سەر ئامادەبووانی کۆڕەکەدا دابەش کرا.