ژمارەی ژنانی کوژراو لە ٢٠ ساڵی کۆتایی دا گەیشتۆتە بەرزترین ئاست

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە لەلایەن دوو دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی ئەو ژن و کچانەی لە جیهاندا کوژراون، لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژی پێنجشەممەی لەلایەن دوو دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 89 هەزار ژن و منداڵی کچ بە ئەنقەست کوژراون.

 بەپێی ئامارەکانی ڕێخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان (UN WOMEN)، دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانی ڕەگەزی و بەهێزکردنی ژنان و(UNODC)، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرامبەر ماددە هۆشبەرەکان و تاوان، زیاتر لە نیوەی ئەم تاوانانە کە لەسەدا ٥٥یان لەلایەن ئەندامانی خێزان یان هاوژینەکانیان ئەنجامدراوە.

لەبەرامبەردا لەسەدا ١١ی تاوانەکان لە دژی پیاوان لە شوێنە تایبەتەکان ئەنجامدراوە.

زۆرترین حاڵەتی کوشتنی ژنان و کچان لە قارەی ئەفریقا ئەنجامدراوە، ٢٠ هەزار حاڵەتی کوشتن لەو ویلایەتە تۆمار کراوە، دوای ئەویش ئاسیا دێت.

توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی کچ یەکێکە لە بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، ڕاپۆرتەکە پێش ٢٥ی تیشرینی دووەم کە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنانە بڵاوکرایەوە.