ژمارەیەک چالاکوانی ژنان لە ئێران سزای ٦٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا

دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران سزای زیاتر لە ٦٠ ساڵ زیندانی بەسەر ١١ چالاکوانی بواری مافەکانی ژناندا سەپاند.

بەگوێرەی هەواڵێ میدیاکانی ئێران، دادگای تێهەڵچوونەوەی رەشت سزای سەپێندراو بە سەر ١١ چالاکوانی مافەکانی ژنانی وەک خۆی و بە بێ هیج گۆڕانکاریەک پەسەندکرد.

ئەو ١١ چالاکوانە لە ١٦ ی ئابی ٢٠٢٣ دا لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان لە شارەکانی رەشت، بەندەر ئەنزەلی، لاهیجان و فومەن دەستبەسەر و دوای شەش مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

لە دانیشتنی دادگادا زوهرە دادڕەس بە تۆمەتی پێکهێنانی گروپ بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی سزای شەش ساڵ و یەک رۆژ زیندان و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێری" سزای ٣ ساڵ و شەش مانگ و یەک رۆژ زیندان واتە بە کۆی گشتی سزای ٩ ساڵ و شەش مانگ و ٢ رۆژ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

هەریەک لە نگین رەزایی، مەتین یەزدانی، ئازادە چاوەشیان، فروغ سەمیع نەژاد، سارا جیهانی، زەهرا دادڕەس، یاسمین حەشدەری و شیوا شاهپەسند بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی" سزای ٣ ساڵ و شەش مانگ و یەک رۆژ زیندان و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گروپ سزای ٢ ساڵ و حەوت مانگ و١٦ رۆژ (واتە هەرکامێکیان بە کۆی گشتی سزای شەش ساڵ و یەک مانگ و ١٧ رۆژ) زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.

دوو لەو دەستبەسەرکراوانەش بە ناوەکانی جیلوە جەواهری و هومەن تاهیری بە تۆمەتی بانگەشە دژی دەسەڵات هەرکامێکیان سزای یەک ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

لەدوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گوشارەکانیان بۆ سەر چالاکوانانی ژن چڕتر کردووەتەوە و دەیان ژنە چالاکوان دەستگیر و راپێچی زیندان کراون.

هـ . ب