ژنە چالاکوانێکی کورد سزای ٢١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا
دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە شاری سنە سزای ٢١ ساڵ زیندانی بە سەر ژینا مودەڕس گورجی رۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری مافەکانی ژناندا سەپاند.
دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە شاری سنە سزای ٢١ ساڵ زیندانی بە سەر ژینا مودەڕس گورجی رۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری مافەکانی ژناندا سەپاند.
لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاری خۆی لەبارەی دۆسیەی ژینا مودەڕس گورجی بە پارێزەرانی راگەیاند.
بە گوێرەی ئەو بڕیارە بە تۆمەتی 'پێکهێنانی دەستە و گروپی نایاسایی بە مەبەستی رووخاندنی دەسەڵات' سزای ١٠ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی 'هاوکاری لەگەڵ گروپ و دەوڵەتانی دژبەر' سزای ١٠ و بە تۆمەتی 'بانگەشە لە دژی دەسەڵات'یش سزای ساڵێک زیندان بەسەر ژینا مودەڕس گورجی سەپێندراوە.
هەروەها دادگا بڕیاریداوە کە ئەو ژنە چالاکوانە ماوەی سزاکەی لە زیندانی هەمەدان تەواو بکات.
ژینا مودەڕس گورجی لە سەرەتای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی جارێک و لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ش بۆ جاری دووەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو. لەماوەکانی رابردووشدا بەبیانووی رەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، کتێبفرۆشیەکەی لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخرابوو.
هـ . ب