ژن نیوز: لە مانگی نیساندا لە تورکیا ١٧ ژن کوژراون

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵی ژنان (ژن نیوز - Jinnews) لە مانگی نیساندا لە تورکیا بە لانیکەمەوە ١٧ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.

بەپێی ئاماری مانگانەى ئاژانسی هەواڵی ژن، مانگی رابردوو لە تورکیا ١٧ ژن کوژران و ١٢ ژنیش بە شێوەی گوماناوی ژیانیان لە دەستداوە و هەوڵی کوشتنی ٥ ژنی تریش دراوە. هەر لەو مانگەدا ٣ منداڵیش کوژراون.

ژن نیوز بڵاویکردووەتەوە، هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەى ئیستەنبول بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک زیاتر بووەتە هۆی بوێریدان بە تاوانباران و ژنکوژان و رایگەیاندووە، "ژنان لە ماڵەکانی خۆیاندا، لەسەر شەقامەکان و لە کارگەکاندا  لەلایەن ئەو پیاوانەوە دەکوژرێن، کە بوێری لە دەسەڵاتەوە وەردەگرن".

لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەیان ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان رادەوەستێنین رایگەیاند، لە مانگی ئاداردا ٢٨ ژن کوژران و ١٩ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان ەل دەستدا. بەپێی ئامارەکانی ئەو پلاتفۆرمە لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە تورکیا ٣٠٠ ژن کوژراون.

ژ.ت