ژنان دژی دەستبەسەردا گرتنی ئیرادەی گەل باس لە سەر تێکۆشانی هاوبەش دەکەن

سیاسەتمەدار سەباحات تونجەل لە شاری ئەدەنە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان کۆبووەوە و ڕایگەیاند کە ڕژێمی قەیوم گورزێکە لە ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژنان و داوای تێکۆشانی هاوبەشی کرد.

ئەنجوومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلانی ئەدەنە، بە بەشداریی سیاسەتمەدار سەباحات تونجەل، لە سەر بابەتی " دەتوانین دژی کردەوەکانی قەیوم چی بکەین؟"، لەگەڵ ژنان کۆبووەوە و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنانی شارەکە بەشداریان لە چالاکییەکەدا کرد.

لە کۆبوونەوەکە مۆر پەلین چیچەک وتاری دەستپێکی پێشکەش کرد و وتی: "پێویستە بزووتنەوەی ژنان هێڵێکی سیاسی دژ بە فاشیزم و پێشێل کارییەکان پێکبهێنێت."

'ئێمە پێکەوە ژیان بنیات دەنێین'

سیاسەتمەدار سەباحات تونجەل لە کۆبوونەوەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ڕژێمی قەیوم لە کێشەی کورد جیا نیە و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بە ئامانج دەگرێت. تونجەل سەرنجی بۆ گرنگی کۆبوونەوەی ژنان لە دژی سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە لە شوێنی جیاجیا سیاسەت دەکەن، بەڵام وەک ژن پێویستە پێکەوە ژیان بنیات بنێین.

بانگەوازی بۆ تێکۆشان

سەباحات تونجەل ئاماژەی بەوەشکرد، کە حکومەت بە ئەنقەست لەم وڵاتەدا "فۆبیای دەرەکی" گەشە پێ دەدات و لایەنی ئۆپۆزسیۆنیش مەسەلەکە قووڵتر دەکەنەوە و بیری هێنایەوە کە ئەو سیاسەتەی سورییەکانی هێنایە ئێرە سیاسەتی عوسمانی نوێ بوو. ئاماژەی بەوەشکرد کە حکوومەتی ئاکەپە-مەهەپە بەرپرسە لە هەموو کێشەکانی وڵات و داوای لە ژنان کرد دژی سیاسەتەکانی حکومەت تێکۆشان بەرز بکەنەوە.