ژنان دژی توندوتیژی پیاو-دەوڵەت ڕژانە گۆڕەپانەکان

لە چوارچێوەی ٨ ی ئادار، ژنان لە چەند شارێک کۆبوونەوە و دژی توندوتیژی پیاو-دەوڵەت پەیامیان دا و سڵاو لە بەرخۆدەران کرا.

بەبۆنەی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە، تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە شەرناخ و ئیستەنبوڵ و چەولیگ چالاکیان ئەنجامدا.

شەرناخ

لە شەرناخ ژنان بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریان کرد و درووشمی "پێویستە کوردی ببێتە زمانی فەرمی" و "من بە کوردی دەژیم" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "هیوا لە سەرکەوتن بەنرخترە" بەرزکرایەوە.

پاشان کۆنفرانسی چاپەمەنی بەسترا و هاوسەرۆکی دەم پارتی لە شەرناخ نورجان ئاڵتورک نەخشەڕێگای تەژەئای بۆ ٨ ی ئادار خوێندەوە. پاشان چالاکییەکە بە درووشمی "بژی تێکۆشانی ژنان" کۆتایی هات.

ئیستەنبوڵ

بۆ هەمان مەبەست لە ئیستەنبوڵ بە بەشدارییەکی بەرچاوی ژنان چالاکییەک ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا لافیتەی "ژنان ئەم ڕۆژە ڕەشانە ڕووناک دەکەنەوە" و"ئیتر بەسە، کاتی ئازادیە" و "گۆشەگیری لەناودەچێت، ئازادی سەردەکەوێت" بەرزکرانەوە. ئەندامی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی مەلتەم ئۆزەل نەخشەڕێگای ٨ ی ئاداری بە کوردی خوێندەوە.

پاشان کاندیدی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ مەراڵ دەنیش بەشتاش قسەی کرد، ڕایگەیاند لە ژینا ئەمینییەوە تا دەنیز بۆیراز سەری ڕێز بۆ ژنانی گیانبەخت کردووی ئەم ڕێگایە دادەنەوێنم، تیشکی خستەسەر چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری و مانگرتن لە خواردنی زیندانیەکان و گوتی: "لە کەسێتی ئەواندا، درێژە بە تێکۆشان دەدەین دژی گۆشەگیری و ئەشکەنجە و نادادپەروەری". دووپاتی کردەوە تا ڕێپێوانەکەی ٨ ی ئادار، ژنانی ئیستەنبوڵ لە گۆڕەپانەکان دەبن.

پاشان چالاکییەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ و بەرزکردنەوەی درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.

چەولیگ

لە چالاکییەکەی چەولیگ ژنان قردێلەی مۆریان کردە ئەستۆ و چیرۆکی ژنانی تێکۆشەری ڕێگەی ئازادی ژنانیان گێڕایەوە.

پاشان پەرلەمانتار ساڵیحە ئایدەنیز ئاماژەی بەوە کرد هەرچەن ئەم ژنانە لە جێگەی جیاواز بوونەتەوە قوربانی بەڵام خاڵێکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە بەهۆی سیاسەتی سیستەمی پیاو-دەوڵەتەوە کوژراون. جەختی کردەوە ژنان تێکۆشانی خۆیان مەزنتر دەکەن، وەک ژنانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان و جیهان درێژە بە تێکۆشان دەدەن و سەر لەبەردەم سیستەمی پیاو-دەوڵەت نەوی ناکەن.

ئایدەنیز ئاماژەی بەوە کرد لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٨ ژن کوژراون ئەمەش بەرئەنجامی ئەم سیاسەتەیە.