ژنان گوتیان: قەیوم دوژمنایەتی ژنانە، تێکۆشان مەزن دەکەین

ڕێکخراوەکانی ژنان دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جولەمێرگ گوتیان: "ڕێگە نادەین ئیرادەی ژنانی جولەمێرگ دەستی بەسەردا بگیرێت. قەیوم دوژمنایەتی ژنانە، تێکۆشان مەزن دەکەین".

ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان و فێمینیستەکان دژی زەوتکردنی شارەوانی جولەمێرگ ڕاگەیاندراوی هاوبەشیان خوێندەوە.

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشکخرایەسەر سزاکانی دۆزی کۆبانێ و دووپاتکرایەوە ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دوژمنایەتی ژنان دەکات، دەڵێت: "سیاسەتی قەیوم، هێرش بۆ سەر ماف و دەسکەوتەکانی ژنان، نیشانەی دوژمنایەتی دەسەڵاتە بەرامبەر ژنان".

ڕاگەیاندراوەکە دووپاتی دەکاتەوە، دژی ئەم هێرشانە، ژنانی تێکۆشەر و تێکۆشانی ژنان هەیە، دەڵێت: "وەکچۆن لە هەڵبژاردنی هەرێمی ٣١ ی ئادار قەیومەکانمان ناردەوە، ئەمڕۆش ناهێڵین لە جولەمێرگ ئیرادەی ژنان زەوت بکرێت".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "کاتی هاتووە دژی فاشیزم تێکۆشانی ئازادی ژن مەزن بکەین و زیاتر یەک بگرین. گەر شەڕ هەبێت، دژی ئەمە تێکۆشانی ئێمەی ژنان، تێکۆشانی ئێمەی فێمێنیست، تێکۆشانی ئێمەی سۆسیالیست مەزن دەبێت".