ژنان کارە نایاساییەکانی دژی زیندانیەکانیان شەرمەزار کرد

ژنان لە ئەزمیر ڕایانگەیاند قەدەغەی سەر هەڵپەڕکێ و مۆسیقای کوردی لە زیندانەکان بڵاوبووەتەوە و گوتیان: "ڕێگە نادەین دادگا وەک توندوتیژی و ئەشکەنجەی پیاو-دەوڵەت بەکاربهێنن".

ئەو سزایانەی لە ١٩ ی تەمموز بە پاساوی هەڵپەڕکێ و درووشمی کوردی بەسەر چەند زیندانییەک لە زیندانی ژنانی شاکران سەپێنرا، لە ئەزمیر شەرمەزار کرا. ژنان بە بەشداری نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڤەزان کارابولوت ڕایگەیاند بەهۆی ئەوەی لە ئاهەنگی ١٩ ی تەمموزی ئازادی کۆبانێ، گۆرانی کوردیان چڕیوە و درووشمیان بەرزکردووەتەوە، لە ١٢ ی ئابدا، ٢٦ زیندانی سزای قەدەغەی تەلەفۆن و پەیوەندیان بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها ٥ زیندانی قەدەغەی دیداریان بەسەردا سەپێنراوە.

کارابولوت ڕایگەیاند گۆشەگیری لە زیندانەکان بەردەوامە و سزای ئارەزوومەندانە و نایاسایی دەسەپێنرێت، گوتی: "پێویستە گەل دژی ئەم کارە نایاساییانە ناڕەزایەتی هاوبەش پیشان بدات".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد زیندان ناتوانێت بەرخۆدان و تێکۆشانی ژنان ڕابگرێت، گوتی: "ڕێگە نادەین دادگا وەک توندوتیژی و ئەشکەنجەی پیاو-دەوڵەت بەکاربهێنن. دەزانین ئەم سزای دیسپلینانە بە ئامانجی درێژکردنەوەی سزای زیندانیان دەدرێت".