ژنان کوشتنی ژنانیان شەرمەزارکرد: بانگەوازدەکەین بۆ مەزنکردنی بەرخۆدان

ژنان کۆمەڵکوژیی ژنانیان شەرمەزارکرد و پەیامیان دا " بانگەوازدەکەین بۆ مەزنکردنی بەرخۆدان".

پلاتفۆرمی ژنانی ئەدەنە بۆ تیشک خستنەسەر کوشتنی ژنان کە بەم دواییە زیادی کردووە، لە شەقامی تورگوت ئۆزال لە ناوچەی چوکرۆڤا کۆبوونەوە و تا گۆڕەپانی گەنچلیک ڕێپێوانیان کرد.

ژنان درووشمی "دەمانەوێت وەک مرۆڤ بژین" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بێدەنگ مەبە، قبووڵی مەکە، بەشداری بەرخۆدان بکە"یان بەرزکردەوە و کەسانی دەوروبەریش بە چەپڵە پشتگیریان لە چالاکییەکە کرد.

پاش ڕێپێوانەکە، زەهرا ئایدن لەسەر ناوی پلاتفۆرمەکە گوتی: "لەم شارەدا دوێنێ ٥ ژن کوژراوە. بەرپرسان میکانیزمی ڕێگرتن لە توندوتیژی جێبەجێ ناکەن، یاسای ژمارە ٦٢٨٤ ناچەسپێنن. هەروەها بەهۆی سیاسەتەکانی دەربازبوون لە سزا، ژنان دەکوژرێن. ژنان و مناڵان لە شەقامەکان دەکوژرێن، ئیتر بەسە!".

زەهرا داوای کرد بەرپرسان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، جەختی کردەوە درێژە بە تێکۆشان دەدەن بۆ گەڕانەوە بۆ پەیماننامەی ئیستەنبوڵ و سەپاندنی یاسای ژمارە ٦٢٨٤ و هەڵگرتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی سەر ژنان، هەروەها کاردەکەن بۆ بەدیهاتنی سیاسەتی یەکسانی جێندەری، گوتی: "بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەین بۆ لێپرسینەوە لە کوشتنی ژنان و گەشکردنی بەرخۆدان".