ژنان لە فرانکفۆرت دژ بە توندوتیژیی سەر ژنان رژانە گۆڕەپانەکان

لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتیی یەکێتیی ژنانی کورد – ئەوروپا لقی هێسن (YJK-E Hessen) ڕێپێوان و گردبونەوەیەک بە بەشداریی ڕێکخراوەکانی ژنان بەڕێوەچوو.

بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان، یەکێتیی ژنانی کورد – ئەوروپا لقی هێسن (YJK-E Hessen)، ڕێپێوانێک و گردبونەوەیەکی ڕێکخست.

کاتژمێر ١٤:٠٠ سەدان ژنی دانیشتووی پارێزگای هێسن لە فرانکفۆرت هاوپتباهنۆف کۆبوونەوە.

ژنانی کورد بەجل و بەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە رۆیشتنە گۆڕەپانەکە. لە چالاکییەکەدا ئاڵاکانی بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە – ئەوروپا) و وێنەکانی ئارین میرکان، کە سیمبولی بەرخۆدانی کۆبانێیە و دەنیز پۆیراز، هەڤرین خەلەف، ساکینە جانسز و ڕۆزا لوکسەمبورگ بەرزکرانەوە.

 هەروەها ئەو لافیتە و پۆستەرانە بەرزکرانەوە، کە ئاماژە بە توندوتیژیی دژ بەژنانیان تیادا بوو. ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تاوەکو فرانکفۆرت ئۆپێرنپلاتز دەستیان بە ڕێپێوان کرد.

لە ناوەندی شاری فرانکفۆرت شانۆیەک لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان نمایش کرا.

لە گردبونەوەکەدا لە ئۆپێرنپلاتز بە ناوی یەژەکە – ئەی هێسن (YJK-E Hessen) و یەنی کادن (ژنی نوێ) و ADHK و چەندین رێکخراوی ئەڵمانی وتە پێشکەش کران.

گردبوونەوەکە بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی پێهات.

ژ.ت