بە دیمەن

ژنانی چالاکوان دژی هەمواری یاسای باری کەسێتی، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە

لە کەلار دژ بە یاسایی هەموارکردنەوەی باری کەسێتی، چالاکوانانی ژن ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە، ئاماژەیان بەوەکرد: "دەسەڵاتی نوێی عێراق لە هەوڵی نوێکردنەوەی یاسا کۆن و بەجێماوەکانی بەعسە لە ڕێگەی مەزهەب و عەشیرەتەوە، وەک هەمیشە سنگی ژنان دەکەن بە نیشانە."

ئەمرۆ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان لە گەرمیان، لە دژی هەمواری باری کەسێتی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

بەهار ئەحمەد ئەندامی لقی گەرمیانی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان وتی: "دەسەڵاتدارانی نوێی عێراق هاوشێوەی ڕژێمەکانی پێشوو بەردەوام لە ڕێگا جیاجیاکانەوە چینەکانی کۆمەڵگە سەرکوت دەکەن و مافیان دەخۆن، ئەم دەسەڵاتە نوێیە بەردەوام لە هەوڵی پێداچوونەوە دەستوور و یاسا بە جێماوەکانی ڕژێمی بەعسدایە، لەو بارەدا کە دواکەوتوویی مەزهەب و عەشیرەت لە دەست و پێی جەماوەری خەڵکی عێراق تووندتر بکەنەوە و کۆمەڵگا بەرەو دواوە بگەڕێنەوە. بە تایبەتی لەسەر ناوی مەزهەب و شەریعەتدا چەندین گۆڕانکاری کردووە."

وتیشی: "لەم نێوەندەدا وەکو هەمیشە هەموو سنگی ژنان دەکەن نیشانە، لەم کۆمەڵگەدا کە زیاتر لە نیو سەدە لەمەوپێش شارستانیەت و یاسا مەدەنییەکان تێیدا دەستی بە نەشونماکردووە. جارێک لە ڕێگای کەمپینە کۆنەپەرستەکانی ڕژێمی بە عسەوە بە ناوی، فتوای کوشتاری ژنان بە بەهانەی پیسی شۆردنەوەی شەرەف و هاندانی فرەژنی گوایە بۆ چارەسەری دەردی ئەو ژنانەی هاوژینەکانیان لە جەنگی ماڵوێرانکەری عێراق و ئیراندا بە کوشتدرا.

ئێستا شەپۆلێکی کۆنەپەرستی باڵی بەسەر ئەم کۆمەڵگەیەدا کێشاوە و ڕەوت و لایەنە دەسەڵاتدارە ئیسلامییە شیعەکان دەیانەوێت لەو ڕێگاوە گرەو لە بەعسییزم بەرنەوە. دەیانەوێت لە ڕێگای ئاڵوگۆڕێک لە یاساکانی باری کەسێتی لەسەر ناوی مەزهەبی شەریعەدا بەسەر ژناندا بسەپێنن.

 

ئەمە سوکایەتیەکی تاسەرئێسقان دژی ئینسانی و نەفرەت لێکراوە. لەوەش زیاتر بەیاساییکردنی دەستدرێژی جنسی بۆسەر کچی منداڵی (٩) ساڵان کە هێشتا دەستی ڕاست و چەپی خۆی لەیەکتری جیاناکاتەوەو لەوتەمەنەدایە کە بەیاری منداڵانەوە سەرگەرم بکرێت و فێری ئەلف و با بکرێت، تاوانێکی زۆر سامناک و تۆقینەرەو کابوسێکە بۆ هەتاهەتایە ژیانی ئەو قوربانییە نوقمی نەخۆشی دەروونی دەکات.

ئێمە ژنانێک کە واژۆی ئەم ڕاگەیاندراوەمان کردوە، لەکاتێکدا بڕیارمانداوە بەهەموو توانامانەوە دژی ئەم ڕەوەندە نامرۆڤانەیە بوەستینەوە، هاوکات بانگەوازیی خەڵکی ئازادیخوازیی جیهان، بزوتنەوەی یەکسانیخوازی، هەڵسوڕاوانی ژنان و بزوتنەوەی کرێکاری دنیا، دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی لایەنگر لەمافی مرۆڤ و هەموو ئەو حزب و لایەن و کەسایەتیانە دەکەین کە ڕادەی سامناکی ئەم تاوانە ویژدانیان ڕادەچڵەکێنێت، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرزبکەنەوە  بە هەرجۆرێک بۆیان دەکرێت دژی ئەم سوکایەتی پێکردنە بوەستنەوەو پشتیوانی لەخەباتی ئێمە بکەن، گوشار بخەنە سەر  لایەنە بەرپرسەکانی عێراق و پەرلەمان و دەزگای قەزایی بۆ ئەوەی ئەم ڕەوەندە ڕابگرین و لەجێگایدا ئاڵوگۆرێک لەیاساکاندا بکرێت کە شایستەی خەڵکی شارستانی و پێشکەوتوی عیراق مرۆڤایەتی هاوچەرخ بێت."