ژنانی عەفرین و شەهبا دژی توندوتیژی ڕێپێوانیان کرد

ژنانی عەفرین و شەهبا بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی تێکۆشان دژی توندوتیژی سەر ژنان ڕێپێوانیان کرد.

بە هەزاران کەس لە گەلی عەفرین و شەهبا بە دروشمی"دژی هەر جۆرە توندوتیژی و داگیرکارییەک، ژن، ژیان، ئازادی" لە ناوچەی ئەحداسی شەهبا ڕێپێوانیان کرد.

ڕێپێوانەکە سەرەتا لە ناوچەی ئەحداسەوە بە وتنەوەی دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی، نا بۆ کوشتنی ژنان" و بە هەڵکردنی ئاڵای کۆنگرە ستار و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد و هەتا قوتابخانەی ناوچەی ئەحداس بەردەوام بوو.

لەبەردەم قوتابخانەکەدا، دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدان، وتارەکان پێشکەش کران. سورەیە مستەفا ئەندامی بەڕێوەبەری مەجلیسی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) و ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار عەفرین و شەهبا ئەلیف محەمەد قسەیان کرد.

لە وتارەکاندا یادی شەهیدان کرایەوە و توندوتیژی دژی ژنان شەرمەزار کرا.