کاردانەوەکان بەرامبەر تیرۆرکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین دوو ژنە رۆژنامەنووسی کورد کە رۆژی هەینی لە ئەنجامی بۆردومانێکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە نزیک سەیدسادق شەهیدبوون بەردەوامە و لەو چوارچێوەدا کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانیی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا بە ئاماژەدان بە کردنە ئامانجی تیمی رۆژنامەوانی کۆمپانیای چەتر لە رۆژی ٢٣ی ئاب و شەهیدبوونی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین باس لەوەکراوە، "ئەوە یەکەم جار نییە چالاکوانان و خەڵکی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان دەکەونە بەر پەلاماری جنایەتکارانەی درۆن و فرۆکەی جەنگی سوپای تورکیە؛ دەوڵەتی تورکیە که لە ناوەوەی وڵاتی تورکیە بە دڕندانەترین شێوە هەموو مافێکی ئینسانی لە گەلی کورد زەوت کردۆە؛ بەرپرسی شارەوانیەکان و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک راپێچی زیندان دەکات ؛ لە دەرەوەی سنورەکانیش لە هیچ جنایەتێک دەست ناپارێزێ".
راشیگەیاندووە: " تەنیا کەوتنەگەڕی هێزی لە بننەهاتووی جەماوەرە کە دەتوانێ کۆتایی بەم دەستدرێژیانە بێنێت؛ دەوڵەتی رەگەزپەرەستی تورکیە سەرئەنجام دەبێ وەڵامی ئەو جینایەتانە لە بەردەم دادگای عەداڵەتی جەماوەری ڕاپەریودا بدەاتەوە."
لە کۆتاییشدا رایگەیاندووە بە توندی ئەو تاوانە شەرمەزار دەکەن و سەرەخۆشی لە هەڤاڵان، هاوپیشەکان و بنەماڵەی شەهیدان گوڵستان و هێرۆ دەکەن.