ژنانی ئامەد لە دژی توندوتیژییەکانی دەوڵەت بانگەوازی تێکۆشانیان کرد

(داکاپ) و گرووپی دژی توندوتیژیی سەر ژنانی ئامەد، لەدژی پەرەسەندنی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بە ڕاگەیاندراوێک وتیان: " لە دژی ڕەوایەتی دانی دەوڵەت بە توندوتیژی پیاوان بەرامبەر ژنان، پەرە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین."

بانگەوازی دژی توندوتیژییەکانی دەوڵەت

پلاتفۆرمی ژنانی دیجلە ئامەد (داکاپ) وگرووپی تێکۆشان دژی توندوتێژی لە ئامەد، ڕاگەیاندراوێکیان دژی پەرە سەندنی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بڵاو کردەوە. پنار ساکک تەکین هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد و هاوسەرۆکانی شارەوانی یەنیشەهیر، سور، چنار و زۆربەی ڕێکخراوەکان تێیدا بەشداریان کرد.

لە لایەن ڕۆسا ئەسرا چیچەک، ئەندامی کۆمەڵەی ژنان، راگەیاندراوەکە خوێندرایەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " کوشتنی ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، هێشتا زۆرێک لە ئافرەتان سەرەڕای بڕیاری پەنادانیان لە شوێنە پارێزراوەکاندا، بە شێوەیەکی گوماناوی بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە، کاتێک باس لە ماف و ژیانی ژنان دەکرێت، هەموو میکانیزمەکان هیچ کاریگەرییان نییە. ڕاستییەکان ناشاردرێنەوە و ئێمە باش دەزانین. سیاسەتەکانی دەوڵەت بەپێی ناوچەکان جیاوازە.

چیچەک لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "تێکۆشانی ئێمە لە دژی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەتە. بۆیە بانگی هەمووان دەکەین. ئێمە ئیرادەیەکی بەهێزمان هەیە و ئەم سیاسەتانە پووچەڵ دەکەینەوە. تاوانەکانی دژی ژنان لە ئاستی کۆمەڵکوژیدایە. ئێمە دەستبەرداری ماف و ئازادییەکانمان نابین. هیچ کات ئەو ژنانە لەبیر ناکەین کە لە دژی توندوتیژی  وەستانەوە و گیانیان لەدەستدا."