ژنانی ئامەد لە گۆڕەپانن: ژن، ژیان، ئازادی!

ژنان بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە گۆڕەپانی وێستگەی شەمەندەفەری گردبوونەوە و گوتیان: "ئێمە بەدکارییە ڕێکخراوەکەتان بە تێکۆشانی ڕێکخراومان لەناودەبەین".

بەبۆنەی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکارەوە، لە گۆڕەپانی وێستگەی شەمەندەفەری ناوچەی شاری نوێی ئامەد بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و پلاتفۆرمی ژنانی دیجلە ئامەد و بە درووشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو ٨ ی ئادار" گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا. گردبوونەوەکە بە هەڵپەڕکێ دەستی پێ کرد.

پۆلیس هەوڵی ڕێگری لە ژنانی دا، بەڵام ژنان بە درووشم و هەلهەلە هەوڵەکانیان شەرمەزار کرد، ژنان بە جلوبەرگی کوردی ڕژانە گۆڕەپانەکان و پانکارتەکانیان بەرزکردەوە.

خزمی زیندانیان و دایکانی ئاشتی بە داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد لە پارکی هەزەل گردبوونەوە و بەرەو شوێنی گردبوونەوە ڕێپێوانیان کرد. هاوسەرۆکان و کاندیدانی دەم پارتی ناوچەکە بەشداری ڕێپێوانەکەیان کرد و گۆرانی و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، تا گەیشتنە گردبوونەوەکە.

کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا و دەم پارتی و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و تەژەئا گەیشتنە گردبوونەوەکە. ژنان درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە و بە گۆرانی کوردی هەڵپەڕکێیان کرد.