لە ٢٣ ی ئابی ٢٠٢٤، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی کەناڵی ستێرک تیڤی، بە مەبەستی تۆمارکردنی بەرنامەیەکی هونەری لە هەورامان، بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێکەوتبوون، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، ئۆتۆمبێلەکەی بە ئامانج گرت و بە مەبەستی کۆمەڵکوژی لە ناوچەی سەیدسادق بۆ هەڵەبجە بۆردومانیکرد، لەم کۆمەڵکوژییەدا هەردوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد (گوڵستان تارا) و (هێرۆ بەهادین) شەهید بوون و ڕۆژنامەنووسێکی تریش بە سەختی بریندار بوو.
ئەم کردەوە تیرۆرستییەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و چالاکوانانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و وڵاتپارێزان هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و بە توندی ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییەیان کرد و شەرمەزاریان کرد.
'هەموو ژنێکی ئازادی ئەم نیشتیمانە دەبێتە ئامانجی داگیرکەران'
لەم بارەیەوە چالاکوانی سیاسی، هاوژینی شەهید فەخرەدین بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "شەهید گوڵستان و شەهید هێرۆ هەردووکیان خاوەنی فکر و بیری ڕاگەیاندنی ئازاد بوون، بەداخەوە کە لەم نیشتمانەدا هەر ژنێک ئازاد بێت و خاوەنی فکر و بیری ئازادیخوازی بێت، دەبێتە ئامانجی داگیرکەران، هەڵبەتە ئەم بە ئامانجگرتنە بە چاوساغی هێڵی خیانەت نەبێت ناکرێت و دوژمن هێندە ئازا نییە کە بگەنە ئەو قارەمانانەی لەبوونی خۆیاندا ئازادییان هەڵگرتووە، ئەوەی جێی داخە کە ئێمە لە باوەشی نیشتیمان و دایکی خۆماندا تیرۆردەکرێین و داگیردەکرێین، هەر کوچەیەکی ئەم نیشتیمانە شەهیدێکی لە خۆگرتووە."
ئەو سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و لایەنە جۆربەجۆرەکان وتی: "دەبوو ناڕەزایەتی و هەڵوێستەکان فراوانتر بن و ئەم پرسە ببێتە ڕۆژەڤ و ببێتە پرسێکی نیشتیمانی و نێونەتەوەیی، دەستی خیانەت شەرمەزار و ڕسوابکرێت، دەبوو میدیاکانی تر زۆر بەرپرسانە ڕووماڵی ئەم دۆخە بکەن، ژنی ئازاد مەترسییە بۆ سەر فکری کۆنەپارێزی و بۆ داگیرکاری، بەڵام خەبات و تێکۆشانی گوڵستان و هێرۆ گەیشتۆتە ئامانجی خۆی، ئەمڕۆ لە هەرچوار پارچەی کوردستان ژنێکی زۆری ئازاد لە مەیدانەکەدا بەدیدەکرێت، لە باکوورەوە تا گەرمیان خەبات و ڕێ و ڕێبازییان بەردەوام دەبێت."
'هەتا ژنی ئازاد بە ئامانج بگیرێ، تێکۆشانی ژنانی ئازاد بەرفراوانتر دەبێت'
هەر سەبارەت بەم پرسە، تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادیی کوردستان وتی: "هێرش و داگیرکاری بۆ سەر کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورک شتێکی تازە نییە، بەڵام ئەم دۆخەی ئەم چەند مانگەی پێشوو و هێرشەکان بۆ سەر باشووری کوردستان و بە ئامانج گرتنی ژنانی راگەیاندنی ئازاد و تیرۆرکردنیان، پێمان دەڵێت دۆخەکە مەترسیدارە، دەبێ حکومەتی عێراقی و چاوساغی هێڵی خیانەت – پەدەکە، ئەوە بزانن کە لە پلانی نوێی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، کە درێژکراوەی پلانی عوسمانییەکانە، باشووری کوردستان بەشێکی گەورەیە لە پڕۆژەکەی و هەر هاوکاریکردنێکیان لە ڕاستیدا چاڵ هەڵکەندنە بۆ خۆیان، تیرۆرکردنی ژنانی ڕاگەیاندنی ئازاد پاککردنەوەی ڕێگەی داگیرکارییە، بەڵام دەبێ ئەوە بزانن ژن لە ژێر فشاردا نەک هەر کۆڵ نادات، بەڵکو ڕادیکاڵتر ئەبێت و زیاتر سووردەبێت لەسەر تێکۆشانەکانی، هەتا ژنی ئازاد بە ئامانج بگیرێ، تێکۆشانی ژنانی ئازاد، بە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) بەرفراوانتر دەبێت."