ژینا مودەریس گورجی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی رەوانەی زیندان کرا

ژینا مودەریس گورجی كە یەکێکە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی ژنانی سنە کرا.

ژینا مودەریس گورجی ڕۆژنامەوان و چالاکوانی بواری ژنان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام سەبارەت بە زیندانیی کردنەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ژینا مودەریس گورجی ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ دەچمە زیندانی ژنانی سنە کە پەراوێزخستن و هەڵاوارادنی ڕەگەزی و چینایەتی و نەتەوایەتی لەوێ سێ هێندەیە.

راشیگەیاندووە، "کاتێک کەلوپەلەکانم بۆ بەندیخانە ئامادە دەکرد پێش هەموو شتێک هیوام خستە جانتاکەمەوە و من بە هیواوە دەچمە ئەوێ."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ژینا مودەریس گورجی بڵاویکردبووەوە، لە لایەن لقی ٤ـی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنە نوسراوێکی بە دەست گەیشتووە، کە دەبێت خۆی بە زیندانی ژنانی سنە بناسێنێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ژینا مودەریس گورجی ژنە ڕۆژنامەنووسی کورد و چالاکوانی مافەکانی ژنان لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە ٢١ ساڵ زیندانیی کردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر سزاکەی لەلایەن لقی ٤ـی دادگای سنە بۆ ٢٦ مانگ زیندانی گۆڕدرا، پاشان بەپێی ماددەی ١٣٤، سزاکەی بۆ ١٦ مانگ زیندانی کەمتر کرایەوە.

جێگای ئاماژەیە ئەو چالاکوانە پێشتریش لە كاتی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” دەستگیر کراوە و تا ئێستا چەندین دانیشتنیی دادگا بەڕێوەچووە و سزاکانی بۆ نوێ کراوەتەوە.