ڕۆزەرین کەمانگەر: هەتا دەنگی ژنێکی نائازاد مابێت، هەموو ڕۆژ دەکەینە ڕۆژی ژنان

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کەژار، لە بارەی ڕۆژی ژنانەوە وتی: "هەتا دەنگی ژنێکی نائازاد و سەرکوتکراو بمێنێت، ئێمە هەموو ڕۆژێک دەکەینە ڕۆژی ژنان."

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کەژار، لە بارەی ڕۆژی ژن و خەبات و تێکۆشانی یەک ساڵی رابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیکرد و وتی: "پیرۆزبایی خۆمان بۆ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دەکەین، ئێمە چەندین ساڵە لەگەڵ بەردەوامی کار و خەباتەکانمان بەردەوام یادی ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی شەهیدان دادەنەوێنین، ئەمە دووساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یادکردنەوەی ڕۆژی ژنان لەناو شۆڕشی ژناندا، ئێستا ئەو کاتەیە کە گۆڕانکارییەکی تەواو لەناو هزری خەڵکدا ڕووی داوە و ئەگەرچی بەردەوام لە شەقامەکان سەرهەڵدان نییە، بەڵام شۆڕش و هزری شۆڕشگێڕی بەردەوامی هەیە لەناو خەڵکدا و هەمووان بەبێ جیاوازی ئاین و ڕەنگ و نەتەوە، هاتنە تەنیشی یەک و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییان بەردەوامی پێدا."

هەروەها ڕۆزەرین کەمانگەر باسی لەوەکرد، "هەموو کۆمەڵگە بە کردار وتە زێڕینەکەی ڕێبەر ئاپۆیان بۆ ڕوون بوویەوە و تێگەیشتن کە تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگا ئازاد نابێت".

هەروەها ئەو باسی لە بەردەوامی سەرکوتکارییە خوێناوییەکانی دەوڵەتی ئێران کرد لە هەمبەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، و وتیشی: "لەم ساڵەی ڕابردوودا ئێمە زۆرترین حاڵەتی گرتن و لەسێدارەدانمان بینی، لەسێدارەدانەکان زیاتربوون لە 800 لەسێدارەدان، کە ئەمە ڕێژەیەکی زۆر بەرزە لەچاو ساڵانی ڕابردوودا، بەشێکی زۆر لەم لەسێدارەدانانە ژن بوون، چونکە ڕژێمی داگیرکاری ئێران دەیهەوێت تۆڵەی خۆی لەو کۆمەڵگایە بکاتەوە، کە دەنگی ناڕازی خۆی دەربڕی و زیندانەکانیان بۆ بکاتە شورای بێدەنگی، بەڵام لە دۆسیەیەکی وەک دۆسیەی زەینەب جەلالیدا، ئەگەرچی لە زینداندایە و حوکمی سێدارەی هەیە، بەڵام لەناو هەموو ساتە گرنگەکاندا زیندانی کردە جێی بەرخۆدان و خەبات."

هەروەها ڕۆزەرین کەمانگەر پێیوابوو کە حاکمییەتی دەسەڵاتداری ئێران زۆر بە تایبەتیتر دەیەوێت ژنان بێدەنگ بکات، وتیشی: "بەوە وازناهێنێت کە بیانگرێت و بێدەنگییان بکات، بەڵکو دەیهەوێت بوونی ژنان بسڕێتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا ژنانێکی ئازاد هەن، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک بە پێچەوانەی ویستی دەسەڵاتەوە، بە ڕۆحییەتێکی ژنانەوە، دژی هەموو ستەمکارییەک وەستان، ئێستا چیتر دایکان لەسەر گۆڕی شەهیدەکانیان ناگرین، بەڵکو داوای بەردەوامیدان بە ڕێگەکەی ئەکەن و ئەمەش گەورەترین گۆڕانکارییە."

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کەژار، لە بارەی خەبات و تێکۆشانی کەژارەوە قسەی کرد و وتی: "کەژار بەردەووامبووە لە خەبات و تێکۆشان، کاریگەرترین خەباتیش ئەو کۆنفرانسە بوو کە هەموو ژنانی بێ جیاوازی کۆکردە و وایکرد ژنان پەیوەندی دروست بکەن، ئێمە پێمانوایە کە دەبێت خۆمان بەڕێکخستن بکەین و بەردەوامی بە شۆڕش بدەین، تا ژنێکی ناڕازی بمێنێ شۆڕش و هەشتی مارس بەردەوام دەبێت، تا دەنگی ژنێکی کپکراو بمێنێت، ئێمە هەموو ڕۆژێک دەکەینە ڕۆژی هەشتی مارس و بەردەوامی بە ڕووبەڕووبوونەوە دەدەین، دژ بە ئەقڵیەتی پیاوسالاریی و دەسەڵاتداریی کە هەر یەکێک لە پارچەکانی جیهانی بەجۆرێک گرتۆتەوە."

هـ . ب