زیندانیانی ژن لە زیندانی ئەوین بانگەوازیان کرد بۆ چالاکی

زیندانیانی ژن لە زیندانی ئەوینی تاران بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزای لەسێدارەدانی ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی، بانگەوازیان کرد بۆ ئەنجامدانی چالاکی.

٧ زیندانی سیاسیی ژن لە زیندانی ئەوین، گوڵرۆخ ئیرایی، ناهید خوداجو، وەریشە مورادی، مەریەم یەحیەویی، ڕەیحانە ئەنساری، سکینە پەروانە و نەسرین خزری جەوادی، دەربارەی سزای لەسێدارەدانی ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێن: "ئێمە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی شەرمەزار دەكەین و داوای گرتنەبەری دەستبەجێی دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پێش ئەوەی درەنگ بێت ڕێگری لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە زیندانی ئەوین بکەن. پەخشان عەزیزی پێشتر وەک کارمەندی کۆمەڵایەتی گشتی یارمەتی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی داوە کە بە هۆی شەڕی داعشەوە هەڵهاتبوون. ماوەی سێ هەفتەیە دۆسێیەی پەخشان عەزیزی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئەوین ڕەوانەی دادگای باڵا کراوە و چاوەڕێ بڕیاری کۆتایین".

جێگەی باسە، پەخشان عەزیزی خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. چالاکوانی بواری مافی ژنان و زیندانی سیاسییە لە زیندانی ئەوین، لە ٤ـی ئابی ٢٠٢٣ لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ـی زیندانی ئەوین، لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا لە لایەن لقی ٢٦ ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشاری سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.