«به‌و چه‌كه‌ی كه‌ میراتی خوشكه‌كه‌مه‌ به‌رده‌وام ده‌بم له‌ تێكۆشان»

ئازێ ڤیان كه‌ له‌ شاری قه‌رس-ه‌وه‌ كۆچی بۆ ئه‌ڵمانیا كردووه‌ و له‌وێ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ وه‌ڵات و چووه‌ته‌ نێو ڕیزه‌كانی گه‌ریلا، ده‌ڵێت: «چه‌كی خوشكه‌ جمكه‌كه‌م هه‌ڵگرتووه‌ و به‌رده‌وامی به‌ تێكۆشانی ئه‌و ده‌ده‌م.»

له‌ هه‌ر شوێنێك بی، ئه‌گه‌ر ته‌نیا جارێك هه‌وای چیاكانی زاگرۆست هه‌ڵمژیبێ، ئیدی تۆش منداڵی زاگرۆسی واته‌ منداڵی خۆر. ئه‌وانه‌ی كه‌ زۆر باوه‌ڕیان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خۆر ڕووناكییه و ڕێگه‌یان پیشان ده‌دات، گه‌ریلاكانی ئازادین كه‌ منداڵانی چیان. له‌م خاكانه‌ ئه‌وانه‌ی زۆر ڕوویان كردووه‌ته‌ خۆر ژنانن.

یه‌كێك له‌و ژنانه‌ش گه‌ریلا ئازێ ڤیانه‌. ڤیان له‌ شاری قه‌رس-ی باكووری كوردستان له‌دایكبووه‌ كه به‌یانیان‌ زۆر زوو خۆر تیرێژی خۆی ده‌خاته‌سه‌ر. ئازێ كه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك پێشوازی له‌ خۆر ده‌كات له‌ دژی فشاره‌كانی ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ته‌كانی قڕكردن له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی ناچار ده‌بن كۆچ بكه‌ن بۆ ئه‌ورووپا. به‌ڵام ناتوانێت له‌وێ خۆی ڕاگرێت، ساڵی ٢٠١٧ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ وه‌ڵات و ڕوو له‌ چیاكانی كوردستان ده‌كات و ده‌بێته‌ گه‌ریلا.

ئازێ ده‌ڵێت، به‌ر له‌وه‌ی ڕوو له‌ چیاكان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ڕیزه‌كانی گه‌ریلا پێویستی به‌ پێڵاو هه‌بووه‌، به‌ كاری هونه‌ری سه‌رشه‌قامه‌كان پێداویستییه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌. ئازێ كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك له‌ هاوڕێكانی گۆرانی چڕیوه‌ و به‌و پارانه‌ی كه‌ به‌ده‌ستی هێناوه‌ ئاماده‌كارییه‌كانی ته‌واو كردووه‌، ده‌ڵێت: «موزیك بۆ من شتێكی دیكه‌یه‌. دوای ئه‌وه‌ی كه‌ هاتمه‌ ڕیزه‌كانی گه‌ریلا زیاتر ڕه‌نگه‌كه‌ی گۆڕا. له‌ منداڵییه‌وه‌ گۆرانی ده‌ڵێم. هه‌روه‌ها به‌ هۆكاری ئابووریش گۆرانیم گوتووه‌. ئه‌و كاته‌ی به‌ توركیادا تێپه‌ڕیم بۆ ئه‌وه‌ی بچمه‌ نێو ڕیزی گه‌ریلا، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم پێویستیمان به‌ پاره‌ هه‌بوو. له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك له‌ هاوڕێیان چووینه‌ ئاڤجلار-ی ئیسته‌نبووڵ و بۆ په‌یداكردنی پاره‌ی پێڵاوێك له‌سه‌ر شه‌قام گۆرانیمان گوت.» ئازێ ده‌ڵێت، كاتێك به‌ كوردی گۆرانی ده‌چڕێت زۆر خۆشحاڵ ده‌بێت.

«تامی كوردی جیاوازتره‌. به‌هۆی ئه‌وه‌ی زمانێكی جیاواز بوو، مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵكیش ده‌گۆڕا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مویست به‌ كوردی گۆرانی بڵێم و سه‌رنجی خه‌ڵك ڕابكێشم، به‌ كوردی گۆرانیم ده‌چڕی. ئه‌و كاته‌ زۆر خۆشحاڵ بووم. دواتر پێڵاوم بۆ خۆم كڕی و هاتمه‌ چیاكان.»

 چیرۆكی له‌ وه‌ڵاتی گه‌رمه‌وه‌ به‌ره‌و وه‌ڵاتی سارد؛ ئه‌ڵمانیا

گه‌ریلا ئازێ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی بۆ ماوه‌یه‌ك دابڕا له‌ وه‌ڵاتی خۆر و دواتر ڕووی له‌ چیاكانی كوردستان كردووه‌، گوتی: «له‌ منداڵییه‌وه‌ به‌هۆی فشاری دوژمن به‌ قاچاخی ده‌ژیاین. له‌به‌ر ئه‌و فشارانه‌ كۆچمان كرد بۆ ئه‌ورووپا. له‌وێ به‌رده‌وام به‌دوای شته‌كاندا ده‌گه‌ڕام. بیری كوردستانم ده‌كرد و زۆر حه‌زم ده‌كرد له‌گه‌ڵ جمكه‌كه‌م (خوشكه‌ دوانه‌كه‌م) بچمه‌ نێو ڕیزه‌كانی گه‌ریلا. زۆر جار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ گفتوگۆی تووند ده‌هاته‌ ئاراوه‌. خوشكه‌كه‌م ده‌یگوت [من پێش تۆ ده‌چم] ده‌ركه‌وت ئه‌و پێش من چوو. دوای ماوه‌یه‌كی درێژ ئێمه‌ قسه‌مان كرد، پێم گوت [بۆچی هێشتا بانگی منت نه‌كردووه‌؟] گوتی [ئه‌م جار تۆش وه‌ره‌]. دوای ئه‌م گفتوگۆیه‌ بڕیارمدا بچم.»

جاری یه‌كه‌م كه‌ گه‌ریلای بینیوه‌

گه‌ریلا ئازێ به‌ نامه‌ی ڤیان سۆران فه‌رمانده‌ی یه‌ژا ستار (یه‌كینه‌كانی ژنی ئازاد)، كه‌ بۆ ئیدانه‌كردنی پیلانگێڕیی نێونه‌ته‌وه‌یی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ی دژ به‌ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ئاگری له‌ خۆی به‌ردا، ده‌بێته‌ خاوه‌نی بڕیارێكی ڕوون. له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: «بۆ من سه‌رنجڕاكێشترین به‌شی نامه‌كه‌ی ڤیان سۆران ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌یگوت [له‌ دوای شه‌هیدبوونم هه‌ڵپه‌ڕن و تیلیلی لێ بده‌ن].»

ئازێ ده‌رباره‌ی هه‌سته‌كانی خۆی له‌و كاته‌ی بۆ یه‌كه‌م جار گه‌ریلای بینیوه‌ ده‌ڵێت، «دوای ئه‌م نامه‌یه‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی بچمه‌ نێو ڕیزه‌كانی گه‌ریلا هه‌نگاوی یه‌كه‌مم نا. له‌ تامه‌زرۆییدا بووم. ده‌مگوت چی بكه‌م، ئایا چۆن پێشوازیم لێ ده‌كه‌ن. به‌هۆی ئه‌وه‌ی خانه‌واده‌كه‌م وه‌ڵاتپارێز بوون، هه‌ندێك شتم ده‌رباره‌ی ڕێكخستن ده‌زانی. كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار هه‌ڤاڵانم بینین هه‌رگیر قسه‌م پێنه‌كرا. هه‌ڤاڵان پرسیاریان لێ ده‌كردم، من سه‌یرم ده‌كردن، سه‌یری جووڵه‌، قسه‌كردن و پێكه‌نینی ئه‌وانم ده‌كرد. جاری یه‌كه‌م من هه‌ڤاڵانی ژنم له‌وێ بینین. هاوڕێیه‌تی ئه‌وان كاریگه‌ری زۆری له‌ من كرد.»

ئازێ ده‌رباره‌ی ڕووبه‌ڕووبوونی له‌گه‌ڵ گه‌ریلای یه‌كه‌م كه‌ ناوی سارا بووه‌، ده‌ڵێت: «٢٠١٧ چووم بۆ مه‌خموور. هه‌ڤاڵێك به‌ ناوی سارا پێشوازی لێ كردم. به‌ كوردی پێی گوتم [تۆ بۆچی هاتی؟]، كاتێك من پێم گوت [هاتووم‌ ببمه‌ گه‌ریلا] هاوارێكی كرد و له‌ باوه‌شی گرتم. منیش هه‌ستم به‌و هاوڕێیه‌تییه‌ كرد. دواتر پێی گوتم [ئیدی ده‌لاله‌ نوێیه‌كانی ئێمه‌ و ئازێیه‌ نوێیه‌كانمان هه‌ن. ده‌شوبهێیه‌ هه‌ڤاڵ ئازێ، با ناوت ئازێ بێت. هه‌ڤاڵ ئازێ-ش خه‌ڵكی سه‌رحه‌د بوو.]» دوای ئه‌وه‌ی هاوڕێكه‌ی ناوی لێ ده‌نێت، به‌ ناوی ئازێ ده‌ست به‌‌ تێكۆشان ده‌كات.

ئازێ كه‌ سرووشتیبوونی ژیانی گه‌ریلا كاریگه‌ری لێ كردووه‌ ده‌ڵێت: «كاتێك هاتم خۆم به‌ غه‌ریب نه‌بینی، چونكه‌ له‌و كاته‌دا هاوڕێیه‌تی خۆی ده‌رده‌خات. كاتێك من بۆ یه‌كه‌م جار جلی گه‌ریلام له‌به‌ر كرد، هه‌ستم به‌ خۆشی كرد. سه‌ره‌تا به‌ستنی پشتوێن سه‌خت بوو بۆم، به‌هۆی سوڕانه‌وه‌ له‌ كاتی به‌ستینیدا سه‌رم گێژ بوو. دواتر سه‌یری هه‌ڤاڵانم كرد، ئه‌وانیش وه‌ك من بوون. ئه‌وانیش له‌ هه‌مان ڕێگه‌دا بوون. ئێمه‌ تینووش بواین، پێكه‌وه‌ تینوو ده‌بووین. لێره‌ هه‌موو شتێكمان پێكه‌وه‌ بوو.»

هیوای بینینی جمكه‌كه‌ی خۆی؛ ناڤدار

ئازێ سات به‌ سات له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ئازادی گه‌ش ده‌بێت و به‌هێز ده‌بێت، هه‌میشه‌ به‌و هیوایه‌یه‌ جمكه‌كه‌ی خۆی كه‌ به‌ر له‌ ٤ ساڵ چووه‌ته‌ ڕیزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی ببینێت. پاش ساڵێك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر گه‌ریلایه‌تیی ئازێ-دا، هه‌ست به‌ شه‌هیدبوونی ناڤدار ده‌كات. ئازێ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: «من هه‌میشه‌ ده‌مه‌ویست جارێك ئه‌و ببینم. كاتێك كه‌ بیستم شه‌هید بووه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كه‌ پیشانم دا تێیگه‌یاندم كه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا چه‌نده‌ بوومه‌ته‌ خاوه‌ن هێز و ئیراده‌ و چه‌نده‌ گه‌شه‌م كردووه‌. كاتێك هه‌ستم به‌ شه‌هیدبوونی ئه‌و كرد، له‌ بری ته‌نگه‌تاو بوون، هه‌ستێكی هێزدارم له‌لا درووست بوو. چونكه‌ بۆ ئامانجێك شه‌هید بووبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا من تێگه‌یشتم كه‌ پێویسته‌ زیاتر بچمه‌ نێو تێكۆشان و خاوه‌نداره‌تی له‌ به‌رپرسیاره‌تیی خۆم بكه‌م.

ئازێ كه‌ چه‌كی ناڤداری خوشكی هه‌ڵگرتووه‌، له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت، «به‌ر له‌وه‌ی هه‌ڤاڵان چه‌كی خوشكه‌كه‌م پێبده‌ن ده‌مگوت ئایا چۆن بتوانم ببمه‌ شایه‌نی ئه‌م چه‌كه‌؟ ده‌مزانی كه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌و چه‌كه‌ ئیراده‌ و هێز پێویسته‌. كاتێك كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار چه‌كه‌كه‌م بینی، له‌ باوه‌شم گرت. وه‌ك ئه‌وه‌ی خوشكی من بێت، له‌ باوه‌شم گرت. كاتێك سه‌یری ئه‌و چه‌كه‌ ده‌كه‌م، هه‌ڤاڵ ناڤدار ده‌بینم و هه‌ستی پێده‌كه‌م.»

«له‌ چیاش ده‌ستم له‌ موزیك به‌رنه‌دا»

ئازێ ده‌ڵێت ئه‌و له‌ ڕێی موزیكه‌وه‌ بیركردنی بۆ ناڤداری خوشكی ده‌رده‌بڕێت و موزیك پارچه‌یه‌كه‌ له‌ ژیانی. ده‌شڵێت، ڕادیۆی ئه‌ریڤان زۆر كاریگه‌ری له‌و كردووه‌.

«جارێك له‌ دایكمم پرسی گۆرانییه‌ كۆنه‌كان له‌كوێ بدۆزمه‌وه‌. ئه‌ویش گوتی [بچۆ گوند، له‌وێ پوور پنۆش هه‌یه‌، هه‌موو گۆرانییه‌كانت بۆ ده‌ڵێت.] ئه‌و كاته‌ من به‌دوای پوور پنۆش كه‌وتم، چووم بۆ گوند و پرسیاری ئه‌وم كرد. كاتێك بینیم ویستم گۆرانی بڵێت و پێشم بڵێت كه‌ له‌كوێ ده‌توانم گۆرانییه‌ كۆنه‌كانی هه‌رێمی سه‌رحه‌د بدۆزمه‌وه‌. ئه‌ویش پێی گوتم.»

گه‌ریلا ئه‌زێ ده‌ڵێت، دوای ئه‌وه‌ی چووه‌ته‌ نێو ڕیزه‌كانی گه‌ریلا ده‌ستی له‌ موزیك به‌رنه‌داوه‌، له‌ چیاكانه‌وه‌ به‌ هه‌مان ڕێچكه‌ی ناوه‌ پێشه‌نگه‌كانی تێكۆشان و هونه‌ر؛ ده‌لیلا، هۆزان سه‌رحه‌د و هۆزان مزگین-دا ڕۆیشتووه‌. ئه‌زێ ده‌شڵێت: «سرووشت، كوردستان و ڕێبه‌رایه‌تی هه‌موو ته‌واوكه‌ری یه‌كترن»

گه‌ریلا ئازێ له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا گوتی: ڕێبه‌رایه‌تی ده‌ڵێت، «په‌كه‌كه‌ شیعرێكه‌، ڕۆمانێكه‌ و جوانه‌» به‌ ڕاستی وه‌هایه‌. ژیانی گه‌ریلا و په‌كه‌كه‌ گۆرانییه‌، ڕۆمانێكه‌ كه‌ هه‌ندێك جار پێكه‌نین و ڕاپه‌ڕینه‌، هه‌ندێك جاریش ئازاره‌.

s.m