بەرخودانی مانگرتن لە دەستپێکردنەوە بۆ سەرکەوتن؛ مافی بەرخودان سەرفرازییە

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە - KCD) بۆ لابردنی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٧ مانگ لە چالاکیی مانگرتندا بوو. بەو بەرخودانەی هەنگاو بە هەنگاو پاشەکشەی بە دەوڵەت کرد.

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ / ٥ی گەلاوێژەوە نەیانهێشت پارەێزەرەکەی ببینێت، بە قۆناغی نوێی شەڕی تەمووزی ٢٠١٥ گۆشەگیرییەکی توندی لەسەر دانرا و هەموو مافەکانی زەوت کران.

 هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە - KCD) لەیلا گیوڤەن کە لە گرتووخانەی پیتی  Eی ئامەد بە بارمتە گیرابوو. لە دانیشتنی ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ / ١٦ی گەڵاڕێزان رایگەیاند، بۆ ئەوەی کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بێت دەست بە چالاکیی مانگرتن دەکات.

٢٠٠ رۆژ پێشەنگایەتیى بۆ بەرخودانى مانگرتن کرد. هاوکات لەگەڵ زیندانییەکان، لە هەولێر و ستراسبۆرگ چالاکییەکانى مانگرتن بە چەندین شوێنی تریشدا بڵاوبوونەوە و بووە هەنگاوێک لەدژی فاشیزم. رێگەدانی دەوڵەت بە محەمەد ئۆجالان بۆ ئەنجامدانی دیدارێکى کورت لەگەڵ و ئازادکرنی لەیلا گیوڤەن لە زیندان لە ٧٩هەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا وەکو هەنگاوی تاکتیکیی دەوڵەت بینران و گوێیان پێ نەدرا.

 دوای ئەوەی ١٥ زیندانی دەستیان بە رۆژووی مردن کرد، دوای ٨ ساڵ مۆڵەت درا پارێزەران ئۆجالان ببینن. لەیلا گیوڤەن و زیندانییە بەرخودێرەکانی دیکە وتیان، نەک تەنیا دیدارێک، بەڵکو دەبێت گۆشەگیریی بەتەواوی لابچێت، بۆیە تاوەکو نەمانی گۆشەگیری لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن.

کاتێک چالاکی بەردەوام بوو، ١٥ زیندانیی دیکەش دەستیان بە رۆژووی مردن کرد. هاوکات لەگەڵ پێداگری و بە بڕیاربوون بۆ  بەرخودان لە مانگی ٧هەمیندا، پێشەنگایەتیی دایکانی لەچک سپی بووە دەنگێکی کۆمەڵایەتی، بۆیە دەوڵەت بە بەرێوەبەریی (ئاکەپە – AKP  و مەهەپەMHP -) بەناچاری هەنگاوی نا. لە ئەنجامدا پارێزەران رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ٢٢ی ئایاری ٢٠١٩ / ١ی جۆزەردان جارێکی دیکە ئۆجالانیان بینی. پارێزەران دواى ئەو دیدارە وتیان، تێڕوانینەکانی ئۆجالان لەبارەی چالاکیی مانگرتن دەگەیننە لەیلا گیوڤەن و زیندانییەکانی دیکە. دوای گفتوگۆکردن زانیاری فراوان بڵاو دەکەنەوە.

بەزۆرداریی بە بارمتە گیرا

لەیلا گیوڤەن بەهۆی هەڵوێستەکانی لەدژی داگیرکاریی عەفرین، بەهۆی لێدوانەکانی و کارەکانی کەجەدە کە هاوسەرۆکی بوو، لە ٣١کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ١١ی رێبەندان بە بارمتە گیرا و خستیانە گرتووخانەی پیتی  Eی ئامەد. لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران / ٣ی پووشپەڕ وەکو پەرلەمانتاری هەدەپەی جۆلەمێرگیش هەڵبژێردرا، بەڵام ئازادیان نەکرد.

داواکاری گشتیی دەوڵەتى تورک داوایکرد گیوڤەن ٢٥ ساڵ بۆ ٤٦ ساڵ و نیو زیندانى بکرێت، ٧ی تشرینی دووەم/ ١٦ی گەڵاڕێزان داوا کرا دەستەکانی لە پشتەوە کەلەپچە بکەن و بیبەنە هۆڵی دادگا لە گرتووخانە، بەڵام گیوڤەن ئەو هەڵسوکەوتەی قبول نەکرد و بە سیستمی تەلەفزیۆنى داخراوی ئینتەرنێتی لە ناو زیندانەوە بۆ دادگا (SEGBÎS) بەشداری دانیشتنەکە بوو.

داواى ئازادکردنی خۆی نەکرد

گیوڤەن لە دانیشتنەکەدا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لەدژی داگیرکاریی عەفرین بووە دەستگیر کراوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئازاد دەکرێت و لە دواى ئازادکردنیش دەڵێت، ئۆپەراسیۆنی سەر رۆژئاوا داگیرکارییە. گیوڤەن ئەوەشی وت، ئەو ئازادیی خۆی ناوێت.

گیوڤەن سەرنجی راکێشایە سەر دۆخی دادگای تورک و وتی مەحکومبوونەکەی کە لەدەست دەسەڵات دایە لەبەر ئەوەش جارێکی دیکە لە دادگا بەرگری لەخۆی ناکات.

"قبوڵمە لەپێناو ئەم رێبازەدا بمرم"

گیوڤەن وتی، ئەو کەوتووەتە ژێر کاریگەریی پارادیمی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی ژنانەوە و بەوشێوەیەش  کەوتوەتە ناو سیستم و وتیشی، لەدژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، کە بە 'تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی' ناوی هێنا، دەست بە مانگرتنی بێسنور دەکات.

 گیوڤەن ئەوەشی وت: "گۆشەگیریی تاوانی مرۆییە. من نەک بە سیفەتی پەرلەمانتاری هەدەپە، بەڵکو وەکو هاوسەرۆکی کەجەدە لە ئێستا بەدواوە دەست بە چالاکیی مانگرتنی بێسنوور دەکەم. قبوڵمە لەپێناو ئەم ڕێبازەدا بمرم. ئەوە گۆشەگیریی سەر کەسێک نییە، بەڵکو گۆشەگیریى سەر کۆمەڵگەیەکە. منیش ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگەیەم و لەپێناو رێزدار ئۆجالان دا مردن قبوڵ دەکەم".

قەدەغە و سزای دیسپلین

دوای ئەوەی چالاکییەکان بۆ داواکانی گیوڤەن دەستیانپێکرد دەوڵەت بە قەدەغەکاری وەڵامی داواکان و چالاکییەکانى دایەوە. پارێزگاری ئامەد ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ / ٢٥ی گەڵاڕێزان ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن قەدەغە کرد. گەمارۆی بارەگای رێکخستنەکانی هەدەپە درا. بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانە لێپرسینەوەی دیسپلینی لەگەڵ لەیلا گیوڤەن دەستپێکرد.

چالاکییەکانی پاڵپشتیکردن

لەگەڵ ئەوەشدا لە ئامەد، جۆلەمێرگ، وان، ئەدەنە، رحا، لە ١٧- ١٨ تشرینی دووەم/ ٢٦-٢٧ی گەڵاڕێزان چالاکییەکانی مانگرتن بۆ پاڵپشتیکردن بۆ ماوەی ٢ رۆژ دەستیانپێکرد. گیوڤەن لەو پەیامانەیدا بۆ ئەو چالاکییانەی رەوانە کرد وتی، دەتوانین گۆشەگیریی بە 'دەنگی هاوبەش' تێکبشکێنین.

دوای ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر بارەگای هەدەپەی شاری مێرسین ١٠ پەرلەمانتار لەگەڵ هاوسەرۆکانی هەدەپە و کەجەدە بۆ ماوەى ٢ رۆژ دەستیان بە چالاکیى مانگرتن کرد. پەرلەمانتارانی دیکە لە ئامەد، رحا، وان، مێردین، مێرسین و ئەدەنە و لە شارەکانی دیکەی کوردستان و تورکیا بۆ ماوەى ٣ رۆژ دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کرد.

هەموو زیندانییەکان دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کرد

هەروەها زیندانییەکانی (پەکەکە -  PKK و پاژک - PAJK) لە گرتووخانەکانی کوردستان و تورکیا لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ / ٦ی سەرماوەرزدا بە شێوەی دەستە دەستە و خولاو دەستیان بە چالاکیی مانگرتنی بێسنوور کرد. دوای ئەوەی دەوڵەت گوێی بەو هۆشدارییە نەدا، لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٢٥ی سەرماوەرز دەستیان بە چالاکی مانگرتنی بێسوور و بەردەوام کرد.

 لە مانگی شوبات / رەشەمەدا لە ٦٧ گرتووخانەدا ٣٥٠ زیندانیی دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کرد. کاتێک دەوڵەت گوێی بە داواکاریی زیندانییەکان نەدا لە رۆژی ١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٠ی رەشەمە لە هەموو گرتووخانەکان چالاکیی مانگرتن دەستیپێکرد. هەزاران زیندانیی دەستیان بە چالاکی مانگرتنی بێسنوور کرد. هاوسەرۆکان، پەرلەمانتارانی پێشوو، هاوسەرۆک شارەوانییەکان و پەیامنێران و رۆژنامنووسان بەشداری ئەو هەڵمەتى مانگرتن بوون.

پلان و گەمەکانی دەوڵەت

دەوڵەتی تورک، کە گوێی بە داواکارییەکانی چالاکوانان نەدەدا لە رۆژی ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٢ی بەفرانبار رێگای بە  محەمەد ئۆجالان دا، کە بۆ ماوەی ١٥ خولەک رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ببینێت. دەوڵەتى تورک بەو شێوەیە هەوڵی دا بڵێت گۆشەگیریی نییە.

 هەر هەمان رۆژ دەوڵەت ژمارەیەک بەرپرس و پارێزەریان نارد بۆ لای گیوڤەن لە زیندان دا و هەوڵیان دا بەرخودان بشکێنێت، بەڵام گیوڤەن و زیندانییەکان ئەوەیان قبوڵ نەکرد و گوێیان بەو داوایانەى دەوڵەت نەدا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا دەوڵەت رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٥ی رێبەندان لەیلا گیوڤەن-ی لە زیندان ئازاد کرا. گیوڤەن ئەو هەنگاوەی دەوڵەتى بۆ ئازادکردنى خۆی وەکو هەنگاوێکی سیاسی بۆ شکاندنی بەرخودان لێکدایەوە و وتی، هەتا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت لە چالاکیی مانگرتن بەردەوام دەبێت.

بەرخودانی گیوڤەن لە هەولێرەوە هەتا ستراسبۆرک، تۆرنتۆ، گرتووخانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان تەشەنەی سەند و چالاکییەکانی پالپشتیکردن بەڕێوەچوون و روویان لە زیادبوون کرد.

هیچ گۆڕانکارییەک لە پەیامەکەی گیوڤەن دا رووی نەدا

لەیلا گیوڤەنی تەمەن ٥٥ ساڵ دایکی ٢ منداڵ و ٢ نەوەیە و نەخۆشیى گرێی هیپۆفیزی هەیە. پێویست بوو هەفتەی دوو جار دەرمان بخوات، بەڵام بەهۆی مانگرتنەکەی ئیتر نەیدەتوانی دەرمانەکانی بخوات. لە ماوەی ئەو چالاکییە ٢٠٠ رۆژییەدا هەمیشە هەوڵی داوە  داواکارییەکانی بخاتەڕوو و هەوڵی داوە هەموو کەسێک چالاک بکات.

 گیوڤەن هەمیشە وتویەتی بەرخودان کۆتایی نایەت و هەتاکو بەدەستهێنانى ئەنجام لێى بەردەوام دەبێت. لەگەڵ هەموو هەلومەرجە سەختەکانیشدا باسی لەوە دەکرد، کە سەرکەوتنی مەزنیان بەدەستهێناوە. گیوڤەن باسی کۆمەڵکوژی و پێشێلکردنی مافەکانی لەم ساڵانەی دوایی دەکرد وتی: "هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ گەلی کورد هەڵسوکەوتکردنە لەگەڵ رێزدار ئۆجالان، هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ رێزدار ئۆجالان هەلسوکەوتکردنە لەگەڵ گەلی کورد. ئەوە لێکدانەوەمانە بۆ ئەو گۆشەگیرییە. گۆشەگیری تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و ئەگەر ئەو گۆشەگیرییە بۆ پێوانەکردنی کاردانەوەی گەلی کوردە ئەوا دەبێت دەست لەو نزیکایەتییە هەڵگرن".

سەرکەوتن بۆ ئێمەیە

گیوڤەن وتی، هەمیشە هیوای هەیە و قوربانییەکانی هەرچی دەبن با ببن بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین. درێژەی پێدا و وتیشی: "زۆر گرنگە، کە داواکاریی من داواکاریی هەموو کەسێکە. بەهای هاوبەشی هێزی جەوهەریی کۆمەڵگە نیشان دەدات. ئێمەی ژنانی کورد لەناوەوە و دەرەوە، لە هەموو شوێنیک، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەبینە پێشەنگی تێکۆشان بۆ ئەوەی گۆشەگیری تێکبشکێنین. ئێمە سەرکەوتووی ئەم تێکۆشانە دەبین".

داواکارییەکەم، داوایەکی کۆمەڵایەتییە

لەیلا گیوڤەن لە مانگی دووەمی چالاکییەکاندا و لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەی یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا دا وتبووی: "تاکە ئارمانجی مانگرتنەکەم ئەوەیە، کە گۆشەگیریی سەر رێزدار ئۆجالان لابرێت. هەر چالاکییەک کە بۆ رێزدار ئۆجالان بکرێت ئامانجێکی کۆمەڵایەتیی لە پشتەوەیە. هەر بۆیە چالاکییەکەی من چالاکیی ملیۆنەها کەسە".

 گیوڤەن وتبووشی: "بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیدانێکم. هەتا ئێستا هیچ کات هێندە ورەم بەرز و هێندە ئارام نەبووە. من ئارامم بەهۆی ئەوەی لە دژی گۆشەگیریی ئۆجالانم، کە ملیۆنان مرۆڤ پێی دەڵێن 'ئیرادەی من'ە. ئەگەریش کارەکەم بچوک بێت هەر ئەنجامى دەدەم و ئەنجامیشى دەبێت".

پەیامی دەنگیی گیوڤەن بۆ فراکسیۆنی هەدەپە

گیوڤەن لە رۆژی ١٠٠ەمین چالاکیەکەیدا پەیامێکی دەنگیی بۆ کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی هەدەپە نارد و وتی: "بەرخودانەکەمان رۆژ بەرۆژ زیاتر دەنگ دەداتەوە و ئەوانەش بێزار دەکات، کە نایانەوێت ئەو بەرخودانەمان بیبینن. هەربۆیە ئەو چالاکییەی دوێنێى ئێوە لە ئەستەنبۆڵ زۆر واتادار بوو. بەڕاستیش ئێوە سەلماندتان ئەو کەسە 'پیاو نییە'ە (مەبەستى ئەردۆغان و سولەیمان سۆیلوی وەزیری ناوخۆی تورکیایە)، ئیتر ناتوانێت بڵێت "ناهێڵم فلانە شت بکرێت"، چونکە ئێوە لە دژی ئەو هەڕەشانە لەوێ بوون و خۆڕاگر بوون. لە دڵەوە هەمووتان ماچ دەکەم. لەو باوەڕەدام ئەو بەرخودانەی ئێوە بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت. بێگومان ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک کەس لەو ڕێگەیەدا بکەون، بەڵام گرنگ سەرکەوتنی ئامانجەکەیە. لەو بابەتەوە من بە ئێوە و گەلەگەمان پشت ئەستوورم. بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین. باوەڕم بەوەیە ئێوە لەم کارەدا سەردەکەون و بە خۆشەویستییەوە سڵاوتان لێ دەکەم. بەدڵنیاییەوە سەردەکەوین. بەرخودان ژیانە هەڤاڵانۆ"!

چارەسەری پزیشکیى قبوڵ نەکرد

گیوڤەن١٣ی شوباتی ٢٠١٩ / ٢٤ی رێبەندان دوای ئەوەی قبوڵی کرد نوێنەرانی شاندێکی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی سەردانی بکەن داواکارییەکەی خۆی دووبارە کردەوە، بەڵام دۆخی باش نەبوو و رەوانەی نەخۆشخانەییەکی تایبەتیان کرد. گیوڤەن چارەسەری پزیشکیی قبوڵ نەکرد و داوای کرد بیبەنەوە بۆ ماڵەوە. لەیلا گیوڤەن لە داوى ئەوەى چارەسەریی قبوڵ نەکرد بردیانەوە بۆ ماڵەکەی.

هیچ کات ناڵێت باش نیم

سەبیحە تەمیزکان کچی لەیلا گیوڤەن دەڵێت: "هیچ کاتێک ناڵێت باش نییە. ئەگەر ئێمە چاودێریی کاردانەوەی جەستەی نەکەین، دایکم هیچ کات ناڵێت ئەوەمە یان باش نیم و هیچ ناڵێت. بە ئیرادەیەکی زۆر بەهێزەوە بەرخودان دەکات".

سەبیحە تەمیزکان دەشڵێت: "مافێکی دەستوورییە، کە ئۆجالان کەسوکار و پارێزەرەکانی خۆی ببینێت. هەتاکو داواکارییەکەی جێبەجێ دەکرێت ئەو (لەیلا گیوڤەن) لەسەر بڕیار ەکەی سوور دەبێت و درێژە بە بەرخودان دەدات".

لە ٧ قۆڵەوە رێپێوان

هەدەپە لە ١٠٠هەمین رۆژی چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەن دا بە دروشمی 'لە رۆژی ١٠٠هەمیندا دا بەرەو لەیلا، بەرەو تێکشکاندنی گۆشەگیری" لە ١٥ ناوەند کۆبوونەوە و لە ٧ قۆڵەوە بەرەو ئامەد رێپێوان دەستیپێکرد. سەرەڕای هەموو هێرش و رێگرییەکانی دەوڵەتی تورک پەرلەمانتارەکان گەیشتنە ئامەد و لەبەردەم ماڵەکەی لەیلا گیوڤەن دا لێدوانیان دا و پاڵپشتیی  بەرخودانەکەیان کرد و داواکارییەکەیان جێبەجێ کرد.

بەردەوام ٣ ژنی لە لایە

سەبیحە تەمیزکانی کچی، زەلال بیلگین هاووتەبێژی نوێنەرایەتیى ئامەدی کەجەدە و فیگەن ئەکتی چالاکوانی بزووتنەوەى ئازادیى ژنان (تەژەئا - TJA) لەو رۆژەوە، کە لە زیندان ئازاد کراوە و لە ماڵەکەى خۆیدا بەردەوامە لە چالاکییەکەى لەلای لەیلا گیوڤەنن. ئەو ٣ ژنەی بە بەردەوامی لەلای لەیلا گیوڤەن بوون و شاهێدی بەرخودانەکەین.

دۆخی چالاکییەکانی مانگرتن

چالاکیی مانگرتن لە ١٠ گرتووخانەدا لە رۆژی ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٢٥ سەرماوەز بە بەشداریى ٣٦ زیندانی دەستیپێکرد و ١٦٢ رۆژی خایاند.

 ئەوانەشی کە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٢٦ی سەرماوەز دەستیان بە چالاکیى کرد ماوەى چالاکیى مانگرتنەکەیان ١٦١ رۆژی خایاند.

 لە رۆژی ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٥ی بەفرانبارەوە دەستەیەکى ٣٥ کەسیى تر لە زیندانیان دەستیان بە چالاکیى مانگرتن کرد و چالاکییەکەیان ماوەى ١٥٢ رۆژی خایاند.

  لە رۆژی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ١٢ی بەرفرانبارەوە زیندانییەکى تر دەستی بە چالاکیى مانگرتن کرد و چالاکییەکەى ماوەی ١٤٥ رۆژی خایاند.

لە رۆژی ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ١٥ی بەفرانبار ١٠٠ زیندانیى تر لە ٢٦ گرتووخانەدا دەستیان بە چالاکیى مانگرتن کرد و چالاکییەکەیان ماوەی ١٤٢ رۆژی خایاند.

 مانگرتنی سەباحت تونجەل و سەلما ئیرماک، پەرلەمانتارانی پێشووی هەدەپە لە زینداندا ماوەی ١٣١ رۆژی خایاند.

 ٣ زیندانیی تر لە رۆژی ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٧ی بەفرانبار و ٥ زیندانیی تر ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٨ی رێبەندان و ٢ زیندانیی تر لە رۆژی ٢٩ی کانوونی دووەم / ٩ی رێبەندان دا دەستیان بە مانگرتن کرد. لە ١٥ی شوباتی ٢٠١٩ / ٢٦ی رێبەنداندا ٨ زیندانیی دیکە دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کرد.

دوابەدواى ئەوەش لە ١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٠ی رەشەمەوە هەموو زیندانییەکانی دۆزی پەکەکە و پاژک دەستیان بە چالاکیى مانگرتن کرد.

 چالاکیی مانگرتنی ١٤ چالاکوان لە ستراسبۆرگ ماوەی ١٦١ رۆژی خایاند.

 پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد دێرسیم داغ لە ٣ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٣ی رەشەمە و پەرلەمانتارانی هەدەپە تەیب تەمەل و موراد ساریج ٨ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٨ی رەشەمە لە ئامەد دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کرد.

لە هەولێریش ناسر یاگز ماوەی ١٨٧ رۆژ و لە مەخموریش فادیلە تۆک ١٢٧ رۆژ و لە گەرمیانیش هەرێم مەحمود ماوەی ٩٢ رۆژە لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندا بوون.

ئەوانەشی ئازادکران دەستبەرداری مانگرتن نەبوون

بەشێک لە چالاکوانانەی لە گرتووخانە دەستیان بە مانگرتن کردبوو و دواى ماوەیەک ئازاد کران، بەڵام دوای ئەوەی ئازادیش کرابوون لە ماڵەکانانیان لە مانگرتن بەردەوام بوون.

چالاکیی سەدات ئاکین لە ئێلح (باتمان) ١٤٠ رۆژە بەردەوام بوو. غوربەت ئەکتیرەن لە دێرکی مێردین ٩٧ رۆژ، سەمرا ئالکان لە ئالیگای ئیزمیر ١٠٥ رۆژ، ئیحسان سنمش لە کوچوک چەکمەجەی ئەستەنبۆل ٨٩ رۆژ لە ماڵەکانیان لە چالاکیی مانگرتن بەردەوام بوون.

 عیسمەت یڵماز، ساڵح تەکین، سەڤیجان یاشار، بیلال ئۆزگەزەر لە بارەگای هەدەپە لە ئامەد لە ٣ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٣ رەشەمەوە دەستیان بە چالاکی مانگرتن کردبوو. دوای چالاکییەکە دەستگیر کران و لە گرتووخانەش دا لە چالاکییەکەیان بەردەوام بوون. مانگێک دوای ئەوەش، کە عیسمەت یلدز، سەڤیجان یاشار، ساڵح تەکین و بیلال ئۆزگەزەر دیسان ئازاد کران، بەڵام هەر لە ماڵەکانی خۆیاندا لە چالاکیی خۆیان بەردەوامبوون.

٩ شەهیدی بەرخودانى دژ بە گۆشەگیری

ئومێد ئاجار رۆژی ٢٧ی ئەیلولی ٢٠١٨ / ٥ی رەزبەر لە شاری ئینگۆل شتات-ی ئەڵمانیا لە دژی گۆشەگیری و سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ تورکیا و ئیدانەکردنى پشتیوانییەکانى ئەڵمانیا لە دەوڵەتى تورک و پێدانى چەکی کیمیایى لەلایەن دەوڵەتى ئەڵمانیاوە بە رژێمى سەدام حوسێن بۆ بۆردومانکردنى هەڵەبجە ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا و شەهید بوو.

لە بەردەم دادگای شاری کریفێڵدی ئەڵمانیاش رۆژی ٢٠ی شوباتی ٢٠١٩ / ١ی رەشەمە ئوغور شاکار بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانى مانگرتن و تێکشکاندنى گۆشەگیری، جەستەى خۆی ئاگرتێبەردا و لە ئەنجامدا رۆژی ٢٢ی ئاداری ٢٠١٩ / ٢ی خاکەلێوە لە نەخۆشخانە شەهیدبوو.

زولکوف گەزەن-ی تەمەن ٣٣ ساڵ لە رۆژی ١٧ی ئاداری ٢٠١٩ / ٢٦ی رەشەمە لە دژی گۆشەگیریی لە گرتووخانەی پیتی  F-2ی تەکیرداغ چالاکیى ئەنجامدا و شەهید بوو.

 ئایتن بەچەت-ی تەمەن ٢٤ ساڵ لە رۆژی ٢٣ ئاداری ٢٠١٩ / ٣ی نەورۆز (خاکەلێوە) لە گرتووخانەی گەبزەی کۆجالی چالاکیى ئەنجامدا و شەهید بوو.

 زەهرا ساغڵام-ی تەمەن ٢٣ ساڵ لە ٢٤ی ئاداری ٢٠١٩ / ٤ی نەورۆز (خاکەلێوە) لە گرتووخانەی پیتی  Tی ئولتو چالاکیى ئەنجامدا و شەهید بوو.

 مەدیا چنار-ی تەمەن ٢٤ ساڵ لە ٢٥ی ئاداری ٢٠١٩ / ٥ی نەورۆز (خاکەلێوە) لە گرتووخانەی پیتی  Eی مێردین چالاکیى ئەنجامدا و شەهید بوو.

یۆنجا ئاکجی لە ٢٩ی ئاداری ٢٠١٩ / ٩ی نەورۆز (خاکەلێوە) لە گرتووخانەی ژنان لە شاکران چالاکیی ئەنجامدا و لە رۆژی ١ی نیسانی ٢٠١٩ / ١٢ی نەورۆز (خاکەلێوە) لە نەخۆشخانە شەهید بوو.

 سیراج یوکسەک لە ٢ی نیسانی ٢٠١٩ / ١٣ی نەورۆز (خاکەلێوە) لە گرتووخانەی پیتی  T-2ی عوسمانییە چالاکیى ئەنجامدا و شەهید بوو.

مەعسوم پامای لە ٥ی نیسانی ٢٠١٩ / ١٦ی نەورۆز (خاکەلێوە) لە گرتووخانەی ئەمنیی ئاست بەرزی خارپێت چالاکیى ئەنجامدا و شەهید بوو.

١٥ زیندانیی دەستیان بە رۆژووی مردن کرد

لە زیندانی گرتووخانەی ژنان لە باکرکۆی: نەسرین ئاکگیول، شوکران ئایدن، زۆزان چیچەک

 لە گرتووخانەی ژنانی گەبزە: ئاردل چەشمە، ئاسلی دۆغان

 لە زیندانی ئەمنیی ئاست بەرزی وان: ئەحمەد ئانگی، ئۆزان جەیهان، وەدات ئۆزاگار، ئیحسان بولوت و ئەرۆڵ جەنگیز

 لە زیندانی پیتی Dی ئامەد: ئەنگین ئاکهان، ئەنوەر دورماز، ئەحمەد تۆپ کایا، ئا.هالوک کاپلان و فەرهاد تورگای

 بە گشتی ١٥ زیندانیکراوی پەکەکە و پاژک لە رۆژی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٩ /١٠ی گوڵان (بانەمەڕ) دەستیان بە رۆژووی مردن کرد و وتیان "دەبێت بزانرێت هیچ کات بەرامبەر بە گوشار و زۆردارییەکانی فاشیزم دەست لە بەرخودان هەڵناگرین. ئێمە لە زیندان بەرخودان دەکەین، ئێمە بەرخودان دەکەین و باوەڕی ئەوەی کە بەرخودان سەرمان دەخات، قوربانی بە جەستەی خۆمان دەدەین. ئەوەی کە هەندێک بە زۆرداریی دەیکەن، ئێمە بە عەشقێکی مەزنەوە دەیکەین. ئێمە لە دڵەوە باوەڕمان وایە کە کلیلی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک رێبەر ئاپۆیە".

هەنگاوی سێیەمی دەوڵەت

دەوڵەتی تورک کاتێک تێگەیشت بە رێکخستنى دیدارێکى ١٥ خولەکی بۆ محەمەد ئۆجالان ناتوانێت بەرخودان بشکێنن، ناچار ما  هەنگاوی سێیەم بنێت. لە مانگی ٧هەمی بەرخوداندا وەڵامێکی ئەرێنیی دایەوەوە و ٨١١هەمین سەردانی پارێزەرانی بۆ بینینی ئۆجالان قبوڵکرد، بەڵام بۆ ئەوەی گۆشەگیریی بەتەواوی بشکێندرێت هیچ هەنگاوێک نەنرا. لەو راگەیاندراوەی کە بە ئیمزای ئۆجالان و ٣ زیندانیی دیکەی ئیمراڵی بڵاوکرایەوە، بڕیار بۆ بەرخودێران هێڵدرایەوە.

داواکاریی زیندانییەکان روونە

دوای کۆنفرانسی رۆژنامەوانی پارێزەران، لەیلا گیوڤەن و پەرلەمانتارانی هەدەپە کە لە بەرخودان دابوون وتیان، بە دیدارێک گۆشەگیری لانابرێت و رایانگەیاند، هەتا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان بە تەواوی جێبەجێ نەکرێن لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن. 'دەنیز کایا'ش بەناوی زیندانییەکانی پەکەکە و پاژک-ەوە لێدوانی دا و وتی، هەتا گۆشەگیری لانەبرێت بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ هەلومەرجێکدا هەنگاوێک لە بەرخودان پاشەکشە ناکەن.

دەستەی دووەمی چالاکوانانی رۆژووی مردن

لە گرتووخانەی کاندار: یاشار جینباش، محەمەد ئینال، دیادین ئاکدەمیر، ئەنگین قارەمان.

 لە گرتووخانەی پیتی  Fی بولوو: ئیبراهیم دۆغان، ئەحمەد ئەمین ئەرەن، مستەفا تاشتان.

 لە گرتووخانەی پانتۆس: سەنا ئەفە، بورهان شک، فەیسەل ئاتاک، شەفیق کەیهان.

 لە گرتووخانەی ژمارە ١ی تەکیرداغ: رەشاد ئوزدیل.

 لە گرتووخانەی ژمارە ٢ی تەکیرداغ: زەکی بایهان، یلماز یلدز.

 لە گرتووخانەی ئەمنیی ئاست بەرزی وان: سەعید ئۆزتورک.

ئەوە چالاکوانە مانگرتووانە لەو زیندانانەدا لە رۆژی  ١٠ی ئایاری ٢٠١٩ / ٢٠ بانەمەڕ (گوڵان) چالاکیى مانگرتنی بێسنوور لە خواردنیان گۆڕی بۆ رۆژووی مردن. ئەوانە بوونە دووەمین دەستەى چالاکوانانى رۆژووی مردن.

سەردانەکانی دواى ٢ی ئایار بۆ بینینى ئۆجالان وەڵامیان نەدرایەوە

دوای دیداری رۆژی ٢ی ئایاری ٢٠١٩ / ٢٢ی بانەمەڕ (گوڵان) پارێزەران لەگەڵ ئۆجالان، سەردانەکانی تری پارێزەران بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان وەڵامیان نەدرایەوە. هەروەها داواکارییەکانی کەسوکار و وەسییەکانیان بۆ چاوپێەکەوتن لەگەڵ ئۆجالان لەلایەن دەوڵەتەوە وەڵامیان نەدرایەوە. لەو نێوەندەدا عەبدولحەمید گول وەزیری دادی تورک وتی، دادوەر قەدەغەی سەر چاوپێکەوتنەکانى لابردووە. ئەوەش بەو مانایە بوو، کە ئیتر رێگا بە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان دەدرێت. هەر لەو کاتەدا دەوڵەت باخچەلی وتی، دەکرێت دیدار لەگەڵ پارێزەران ئەنجام بدرێت. وتەبێژی حکومەتیش قسەی هاوشێوەیان کرد، بەڵام سەرباری ئەوانەش هەر دواى ٢ی ئایار دەوڵەت وەڵام سەردان و داواکانى بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجالان نەدایەوە.

بەرخودانی دایکان

دوای ئەوەی چالاکی مانگرتن کەوتە ٤ەم مانگەوە، بە پێشەنگایەتی دایکان و کەسوکاری زیندانییەکان بەرخودان دەستیپێکرد. لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکانی هێزەکانی دەوڵەتی تورک و هێرشکردن لە دژی ئەو بەرخودانەی لەبەردەم گرتووخانەی گەبزە دەستیپێکردبوو و بە دواى ئەوەدا چالاکییەکانى دایکان لە گۆڕەپانی ئەسەن یورت، پارکی کۆشویۆلۆی ئامەد، گرتووخانەی باکرکۆی، پارکی عیسمەت ئینینوی ئەدەنە بڵاوبوونەوە.

 دایکان بە لەچکە سپییەکانیان لە دژی زۆرداریی هێزەکانی تورک بەرخودانیان کرد. هاوکات چونە ئەنقەرەش و دیداریان کرد. چوونە شوێنى کۆبوونەوەکانى فراکسیۆنى هەدەپە لە پەرلەمانى تورکیا. دایکان خاوەندارییان لە رۆڵەکانیان و داواکاریی لابردنی گۆشەگیری کرد و بەو چالاکیییانەیان کارێکیان کرد، کە رای گشتی گوشارێکی زۆر لەسەر حکومەت دروست بکات

گیوڤەن: بە دڵنیاییەوە گۆشەگیری تێکدەشکێنرێت

فیگەن ئەکتی یەکێک لە چالاکوانانی تەژەئایە و بە بەردەوامی لەلای لەیلا گیوڤەن دەمێنێتەوە و بە رۆژنامەی یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکای وتووە، گیوڤەن سەرنجی راکێشاوەتە سەر دیدار لەگەڵ ئۆجالان. وتبووشی، ئەو مافی خۆیەتی، کە بڕوای بەوە هەیە، کە گۆشەگیریی تێکدەشکێندرێت.

چەند وتەیەکی گیوڤەن کە ئەکتی بە رۆژنامەی یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا-ی دابوو:

*  ویستم لەو تاریکاییەدا ببمە دەنگ. نازانم کەس دەنگم دەبیستێت یان نا، کەس من دەبینێت یان نا. من لە گرتووخانە بووم، لە شوێنێکدا کە بە قورسی هەوڵیان دەدا سیاسەت نەبینرێت و سیاسەت بوونی نەبێت، بۆیە خواستم لەناو ئەو تاریکییەدا ببمە هاوارێک.

*  لەوانەیە پارتەکەم رەخنەم لێ بگرێت؛ کە ئێمە لە تورکیا سیاسەت دەکەین، بۆ تۆ شتێکی لەو شێوەیە دەکەیت. لەوانەیە دامەزراوەکەی من، کە من هاوسەرۆکایەتیی دەکەم رەخنەی لێ بگیردرێت، چونکە ئاگاداری بڕیاری ئەنجامدانى ئەو چالاکییەم نەبوون. لەوانەبوو هەمووشیان دژی بڕیارەکەم بونایە، بەڵام هەرچیشیان بکردایە و بوتایە، من بڕیارم دابوو و ئامادە بووم رووبەڕووی هەموو  دونیا ببمەوە.

* ماوەی  ٣-٤ مانگ بیرم لە ئەنجامدانی ئەو چالاکییە دەکردەوە؛ ویستم دەستپێکردنى چالاکییەکەم بخەمە رۆژی ١٤ی تەمموزی ٢٠١٤ / ٢٣ی پووشپەڕ، بەڵام بەهۆی بە کەلەپچەوە منیان نەبردە ئەو دادگایە کە بڕیاربوو رۆژی ١١ی تەمووزی ٢٠١٩ / ١٠ی پوشپەر بۆ من بەڕێوەبچێت ئیتر باسکردن لە چالاکییەکەم بە شێوەیەکى تر خستەڕوو، چونکە لەو کاتەدا بڕیارمدا بوو لە دادگا بڵێم، رۆژی ١٤ی تەمموز / ٢٣ی پووشپەڕ دەست بە چالاکییەکەم دەکەم.

*  لە گرتووخانە بوار و دەرفەتمان زۆر کەم بوو. رۆژنامەکەی خۆمانیان پێ نەدەداین و تەنها رۆژنامەی 'جمهوریەت'یان پێدەداین.  هەوڵمان دەدا رستەیەک لەبارەی خۆمانەوە ببینین. رادیۆش نەبوو و تەنانەت رادیۆشیان لێ قەدەغە کردبووین.

*  دوای ماوەیەک کێشم زۆر دابەزی و نەچومە دیداری پارێزەکانم. یان بە جوانی زانیاریمان لەبارەی دیدارەکانەوە پێنەدەدرا، بەڵام کاتێک لە ٧٩هەمین رۆژی چالاکییەکەمدا هاتمەدەرەوە و ئازاد کرام ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە چالاکییەکەم بە ئامانجی خۆی دەگات، چونکە هەرچەندە هەوڵیاندابوو چالاکییەکە بیشارنەوە، بەڵام بۆیان نەشاردرابووە. ئیتر بابەتی گۆشەگیری بووە رۆژەڤی هەموو جیهان و لای خۆم بیرم لەوە دەکردەوە و دەموت چالاکییەکە بە ئامانجی خۆی دەگات.

*  هەوڵم دا تێیانبگەیەنم، کە رێزدار ئۆجالان زیندانییەکی ئاسایی نییە، رێبەرێکی ئاسایی نییە، دەڵێم ئاخۆ لەوە تێگەیشتوون و درکیان بەوە کردووە.

*  لێرەبەدوا ئێمە لەبارەی مردنەوە نا، بەڵکو دەمانەوێت لەبارەی ژیانەوە شتێک بڵێین.

*  تا ئێستا ٩ گەنجمان گیانیان بەخشیوە، ئەوەش لەو پێناوەدا بوو، کە ئێمە نەمرین.

*  چاوپێکەوتن کرا و دەنگی رێزدار ئۆجالان گەیەنرایە دەرەوە. لەو باوەڕەدام چاوپێکەوتنی دیکەش ئەنجام دەدرێن و گۆشەگیری بە تەواوی لادەبرێت و لە دۆخێکی ئازادتر و دۆخێکی خۆشتردا لەگەڵ یەکتر کۆ دەبینەوە. لەوانەیە ئەمە وەکو یوتۆپیا و خەونێک بێت، بەڵام دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین، ئەو یوتۆپیا و خەونە هێشتا نەهاتووەتە دی، نەک ئەوەى ئەستەم و هەرگیزاو هەرگیز بەدی نایەت.

*  بۆیە ئێمە مرۆڤ لەو مرۆڤانەین، کە نەک تەنها بۆ خۆمان، بەڵکو مافی خۆمانە هاوکات پێکەوە ژیانێکی ئازادتر، دیموکراتیکتر، یەکسانترمان لەگەڵ تورک، کورد، لاز و چەرکەز دا هەبێت.

*  من زۆر ئارامم، شادم، گڕکانێک لەناو ناخمدایە و لە هەر ساتێکدا رووبارێکی لێ هەڵدەقوڵێت.

*  لەو رێگەیەدا مردن بۆ من شکۆیەکی مەزنە. من هێشتا دەژیم و بڕوا بەوە ناکەم کە ئەو ١٩٠ رۆژە چۆن بەرخودانم کردووە، خۆشم نازانم، بەڵام وەکو جۆشدانێک لەناخی مرۆڤدا مرۆڤ دەژیێنێت، ئەگەرنا ئەوەی مرۆڤ بە پێوە دەهێڵێتەوە خواردن و خواردنەوە نییە، بەڵکو هەستەکانن و من زۆر بە قووڵی هەست بەوە دەکەم."

*  من لەوبڕوایەدام، کە بە لانیکەمەوە بۆ رۆڵەکانمان پاشەرۆژێکی خۆش بەدی دێت."

چاوپێکەوتنی دووەمیش ئەنجام درا

لەو نێوەندەدا وەڵامێکی ئەرێنیان پارێزەرەکانی ئۆجالان دایەوە، کە بەردەوام سەردانی داواکاری گشتییان بۆ ئەنجامدانى چاوپێکەوتن. پارێزەران رێزان ساریجا و نەورۆز ئویسال پێنجشەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٩ / ١ی جۆزەردان سەردانی ئیمراڵیان کرد و دیسان چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا.

دواى چاوپێکەوتنەکە پارێزەران لێدوانێکی کورتیان دا و وتیان، ئەوان تێڕوانینەکانی ئۆجالان لەبارەی چالاکییەکانی مانگرتن و بەرخودێرەکانی دیکە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسی دا رادەگەیەنن و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا رای گشتیی لێ ئاگادار دەکەنەوە.

پەیامەکەى ئۆجالان

رۆژی ٢٦ی ئایاری ٢٠١٩ / ٥ی جۆزەردان پارێزەرانى ئۆجالان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا پەیامەکەى ئۆجالانیان بۆ راى گشتی و مانگرتوان و چالاکوانان  ئاشکراکرد.

دەقی پەیامەکەى ئۆجالان

"هەڤاڵانی هێژا؛

لە پێش هەموانەوە ئەو هەڤاڵانەى بەشداریى مانگرتن لە خواردن و رۆژووی مردن بوون، لە چوارچێوەى ئەو لێدوان و روونکردنەوە بەرفراوانەى، کە ٢ پارێزەری من پێتانی رادەگەیەنن، چاوەڕێ دەکەم کۆتایى بە چالاکییەکەتان بهێنن.

بە روونی و بە سادەیى ئەوە رادەگەیەنم، کە مەبەستی ئێوە بۆ من روونە و خۆشەویستی و سوپاسی خۆمتان پێشکەش دەکەم.

بە تایبەتی رایدەگەیەنم و ئومێدی ئەوە دەکەم ئێوە لە ئێستا بە دواوە بە بەهێزی و بە ئیرادەیەکى پێویستەوە لەگەڵم بن و رێ بکەن.

بە پێشکەشکردنى خۆشەویستی و سڵاوی بێکۆتایى.

٢٢ی ئایاری ٢٠١٩ / ١ی جۆزەردان

زیندانى ئیمرالی

عەبدوڵا ئۆجالان".

کۆتایهێنان بە چالاکییەکانى مانگرتن

لە دواى کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیى پارێزەرانى ئۆجالان، پەیامى لەیلا گیوڤەن، زیندانیانى مانگرتوو لە زیندانەکانى باکووری کوردستان و تورکیا، بەرخودێرانى مانگرتووی ستراسبۆرگی فەرەنسا، وێڵزی بەریتانیا، تۆرنتۆی کانادا، هەولێر، مەخمور، سلێمانی، گەرمیان، رۆمای ئیتالیا، بەرلینى ئەڵمانیا،  جنێڤی سویسرا و دێنهاخ (لاهای) هۆڵندا و هەموو ئەو شوێنانەى مانگرتنیان تیادا بەڕێوەدەچوو بڵاوکرانەوە.

هەموو بەرخودێران و مانگرتووان یەکدەنگ رایانگەیاند، چالاکییەکەیان بە ئامانجی خۆی گەیشتووە و و سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بۆیە لەسەر داواى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کۆتایى بە چالاکییەکانمان دەهێنین.

ر.م