بەرخۆدانی دایکانی ئاشتی مەخموور و ئاستەنگیەکانی ئاساییش بەردەوامن

بەرخۆدانی دایکانی ئاشتی مەخموور لە ۲۰ مین ڕۆژیدا بەردەوامە و ئاسایشی ئارتی دیموکراتی کودستان پەدەکە ڕێگەی نەدا شاندێکی هاوبەشی ئەنجمونەکانی گەل و عەشتاری مەخموور سەردانی دایکان بکەن.

ئەمڕۆ هەینی، شاندێکی هاوبەشی ئەنجومەنی گەلی مەخموور و ئەنجومەنی عەشتاری کامپی شەهید ڕۆستەم جوودی مەخموور بەنیاز بوون سەردانی دایکانی ئاشتی کامپەکەیان بکەن کە ماوەی ۲۰ ڕۆژ دژی گەمارۆی سەر کامپەکەیان چالاکی دانیشتن ئەنجام دەدەن. بەڵام ئاسایشی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان - پەدەکە ڕێگری لە شاندە کرد و سەردانەکەی ئاستەنگ کرد. پاشان لە سەر پێداگری شاندەکە ئاسایش ڕێگەی تەنها بە چوار ئەندامی شاندەدا تا سەردانی دایکان بکەن.

ماوەی ٦٥ ڕۆژە کاربەدەستانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێرەوە گەمارۆیەکی هەمەلایەنەیان خستووەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی مەخموور و دانیشتوانە ۱۲ هەزار کەسیەکەی کامپەکەیان ڕووبەڕووی دۆخێکی دژوار و مەترسیدار کردووەتەوە. لە دژی ئەوەش دایکانی ئاشتی مەخمور بە مەبەستی سەردانی کاربەدەستانی هەولێر و هەڵگرتنی گەمارۆکە، ۲۰ ڕۆژ پێش ئێستا بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن، بەڵام لە زاڵگەی ئاسایش پارتی کە دەکەوێتە نێوان مەخموور و هەولێر ڕێگریان لێکرا. دایکانیش لە دژی ئەوە لە زاڵگەکە چالاکی دانیشتنیان ئەنجام دابوو و ئەو چالاکییە ئەمڕۆ لە ۲۰مین ڕۆژی دایە و دایکان خوازیارن بچنە هەولێر و چاویان بە کاربەدەستانی پارتی بکەوێت و کۆتایی بە گەمارۆی زاڵمانەی سەر کامپەکەیان بهێنن. بەڵام تا ئێستا کاربەدەستانی پارتی وەڵامی داخوازیەکەی دایکانیان نەداوەتەوە و دایکانیش سورن لە سەر بەردەوامیدان بە چالاکییەکەیان تا ئەو کاتەی داخوازیەکەیان جێبەجێ دەکرێت.

ئەو گەمارۆییە کە لە لایەن پارتییەوە خراوەتە سەر کامپەکە، تا ئێستە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی چەندین پەنابەری سیڤیل و ژمارەیەکی دیکە لە کەسانی نەخۆش و بەساڵاچوو و منداڵی کامپەکەش بە هۆی کەمی داودەرمانەوە مەترسی لە سەر ژیانیان هەیە.
بە گوێرەی وتەی بەرپرسانی تەندروستی کامپەکە، دەرمان لە نەخۆشخانەی کامپەکەیان بەرەو تەواوبوون دەچێت، هەروەها سەدان کرێکار ناتوانن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە هەولێر تا بژیوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن و ژمارەیەکی زۆر خوێندکاریش لە خوێندن بێبەشکراون.

لە بەرامبەر گەمارۆکەی سەر کامپەکەدا، لە سەرویانەوە حکومەت و پارلەمانی هەرێمی کوردستان و ئێراق، پارت و لایەن سیاسییەکانی باشوری کوردستان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستانی و جیهانی بێدەنگ و بێهەڵوێستن.

هـ.هـ