تا ئێستا بەڕێوبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە هەڵەبجە نەکراوەتەوە

دوای ساڵێک لە دەرچوونی فەرمانی کردنەوەی، تا ئێستا بەڕێوبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی لە هەڵەبجە نەکراوەتەوە.

ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژییی دژی ژناندا، نووسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە و ڕێكخراوی نوێ‌ بۆ پاراستنی ژینگەو مافەكانی ژنان، گردبوونەوەیەکیان لەبەربەدەم بازاڕی خیلج مۆڵ ئەنجامدا.

لە گردبوونەوەکەدا، ڕەنگین سەلام، چالاکی بواری مافەکانی ژنان ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ڕێکخراوی نوێ و نووسینگەی مافی مرۆڤی هەڵەبجەی خوێندەوە، کە تیایدا هاتبوو: سەرەڕای بەردەوامیی بەرزبوونەوەی توندوتیژیی دژ بەژنان، كەمترین دەزگا لەم شارەدا بوونی هەیە، کە خزمەت بە ژنان بکات، سەرەڕای داواكارییەكانمان لەساڵانی ڕابردوودا، بەڵام نەتوانراوە خواستەكانمانی ژنان بەدی بهێنرێت.

هەر لە ڕگەیەندراوەکەدا، پرسیار کرابوو: هەوڵەكانی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیی دژی ژنان بەكوێ‌ گەیشت؟، ئایا ئەم شارە پێویستی بەشوێنێكی پارێزراو نییە لەكاتی ڕوبەڕوبونەوەی هەر مەترسیەیکدا ژنان ڕووی تێ بکەن؟.

ڕەخنەش لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گیرابوو، کە "نەیانتوانیوە بەپێی پێویست هیچ پرۆژەیەكیان لەم شارەدا هەبێت جێگە دەستیان دیاربێت"، داواشیان لە حكومەتی خۆجێیی هەڵەبجە کرد، هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ كردنەوەی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان، چونكە ماوەی ساڵێكە بەڵێن بەكردنەوەی دراوە نەكراوەتەوە.

هەر لەو گردبوونەوەیەدا، بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئامارەكانی توندوتیژی دژ بەژنانی بۆ میدیاكان خستەڕوو وتی: لەماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا ٧٤ دۆسیەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە ژنان تۆماركراوە، ئەم ڕێژەیەش بەرامبەر بەساڵی ڕابردوو ١٠ دۆسیە زیادیكردوە.

بەپێی ئامارەکە، هیچ ڕووداوێكی كوشتنی ژنان لە سنوورەکەدا نەبووە، بەڵام سێ ژن بە ڕووداوی جۆراوجۆر گیانیان لەدەستداوە، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات، کە ئەو ڕووداوانە چیبوون، ئاخۆ خۆکوشتن بووە یان چی؟.

جێگای ئاماژەیە، ساڵی ڕابردوو لەم ڕۆژەدا و لە گردبوونەوەیەکی هاوشێوەدا، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، کە "فەرمانی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەڵەبجە دەرچووە، تەنها چەند ڕێكاری تایبەت بە دابینكردنی بینا و ستافی بەڕێوەبردن ماون و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو بەڕێوەبەرایەتیە دەكرێتەوە"، بەڵام هەتا ئێستا بەڕێوبەرایەتییەکە نەکراوەتەوە.

ف.ق