تورەلی: بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی عەقڵیەتی دەسەڵات تێدەپەڕێنین

فیدراسیۆنی کۆمەڵەکان و رێکخراوەکانى گەنجانی باتمان (بادەفە - BADEF)ش سیستمی هاوسەرۆکایەتی پێڕەو دەکات. هاوسەرۆک جانان تورەلی وتی، بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی ئەو دەسەڵاتە تێدەپەڕێنین کە ژنان لە ماڵەوە قەتیس دەکات.

دوای یەکێتیی گەنجانی بەکران، فیدراسیۆنى کۆمەڵەکان و رێکخراوەکانى گەنجانی باتمان (بادەفە - BADEF)ش سیستمی هاوسەرۆکایەتیی پێڕەو دەکات. هاوسەرۆک جانان تورەلی پێشتر هاوسەرۆکی یەکێتیی گەنجانی بەکران بوو و تەمەنی ٢٨ ساڵە. تورەلی دەڵێت، سەرەتا تۆزێک دوودڵ بووە و لەخۆی پرسیوە کە دەتوانێت چی بکات. تورەلی پێشتر لای وابوو کۆمەڵە تەنها جێگەی پیاوانە کە یاری ئۆکەی و کۆنکەنی تێدا دەکرێت، بەڵام دوای ئەوەی دەکەویتە ناو کار، ئەو پێشداوەرییەی لەناو دەچێت.

'دەمانەوێت لە هەموو شوێنێک خۆمان بگەینینە ژنان'

تورەلی لەگەڵ ٤ ژن کار دەکات و دەڵێت، هەتا ئێستا زۆربەی کارەکانیان لەسەر ژن و منداڵان کردووە. لەبارەی کارەکانیانەوە وتی: "بە بەشداری ژنانی دەوروبەر، ڕۆژانی شەممە پەروەردەی ژنۆلۆژی بەڕێوەدەبەین. پێکەوە وتوێژ لەسەر کێشەکان دەکەین و بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێین." تورەلی ڕاشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨ کورسی خوێندنیان بۆ ٢٦ خوێندکار دابین کردووە، ئەمسالیش ئامانجیان ئەوەیە کورسی زیاتری خوێندن دابین بکەن. لەبارەی کارەکانیان هەروەها وتیشی، سەردانی ماڵان دەکەن، دەچنە پرسە و سەرەخۆشییەکان و لە هەموو زەمینەیەکەوە دەیانەوێت خۆیان بگەیننە ژنان.

'لە هەموو زەمینەکانی ژیان دەبین'

تورەلی لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی، ئێستا لەو کۆمەڵەیە تەنها دوو ژن هەن، بەڵام ژن لە هەموو زەمینەیەکی ژیاندا هەیە، بۆیە ئامانجی لەپێشینەیان ئەوەیە ئەو دۆخە بگۆڕن و بەردەوام بوو: "بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی ئەوە دەگۆڕین. لەدژی ئەو عەقڵیەتە سەردەستە تێدەکۆشین کە لە بەناو هەموو سیستمی کۆمەڵایەتیدا تەشەنەی کردووە و دەیەوێت ژنان لەناو ماڵدا گۆشەگیر بکات، بەبێ ئەوەی زیانمان پێ بگات تێپەڕی دەکەین. وەکو یەکێتی گەنجانی بەکران، ئێمە لە بادەفە، وۆرکشۆپ لەبارەی ژنۆلۆژییەوە بەڕێوە دەبەین و کورسی خوێندن بۆ خوێندکاران دابین دەکەین. پەروەردەی خوێندن و نووسین بۆ ژنان دەکەینەوە. کاری کەلتووری زیاتر دەکەین. بایەخ بە دەنگبێژیش دەدەین".

'ئەو کۆمەڵگایەی ژنی تێدا ئازاد نەبێت، ئازاد نییە'

تورەلی وتی، ئەوان هاوکاری کەمپینی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژا- TJA) دەکەن، کە ئێستا بەردەوامە لە دژی ئەو هەڵوێستەی کە دەیانەوێت سیستمی هاوسەرۆکایەتی بە تاوان نیشان بدەن و وتی: "بمانەوێت و نەمانەوێت هاوسەرۆکایەتی هی خۆمانە. ڕەنجی ئێمەی ژنان لە هەموو زەمینەیەکی ژیان هەیە، بەڵام ناومان نییە. ئێمە نامانەوێت وەکو کچ و خوشک و هاوژینی فلانەکەس بناسرێین، دەمانەوێت خۆمان لە هەموو شوێنێک بین. هەموو ڕۆژێک دەکوژرێین و دەیانەوێت بێدەنگیش بمێنینەوە. ئێمە بێدەنگ نابین و ناکەوینە ئەو بۆتەیەی بۆیان داناوین. وەکو دەڵێن، تەنانەت خومرەی هەویریش تەنها بەهۆی خۆیەوە تێکەڵ بە هەویر دەبێت و هیچ شتێک لە خۆڕا رونادات و ئەوە ئێمەی ژنانین، کە چارەنووسمان دیاری دەکەین. ئەو کۆمەڵگایەی ژنی تێدا ئازاد نەبێت، ئازاد نییە. دەبێت ئێمە ئازاد بین تا کۆمەڵگە ئازاد بێت. ئەگەر ئێمە عەقڵی خۆمان ئازاد نەکەین، بەرامبەرەکەشمان تەنها وەکو ڕەگەز دەمانبینن، بەڵام پێویستە وەکو مرۆڤ بمانبینن، هەنگاوێک بەرەو پێشەوە دەچین. دەمانەوێت ئەو چوارچێوە و بۆتەیە بشکێنین, بۆ ئەوەی ئازاد ببین تێدەکۆشین".

ژ.ت