توڕەیى لە دژی گۆشەگیری؛ لە ٦ شاردا مانگرتن بەڕێوەدەچێت

پشتیوانیکردن بۆ چالاکیی مانگرتنى لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە لە دژی گۆشەگیری بەربڵاودەبێت. لە ٦ شاردا بۆ ماوەى ٣ رۆژ چالاکیى مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەچێت.

ماوەى ٢٢ رۆژە لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى جڤاکى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگى هەدەپە لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە زیندانى ئامەد دا دەستیکردووە بە مانگرتن.

لە دواى چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن لە زیندانى جۆری ئیى ئامەد، زیندانیانى دۆزی پەکەکە و پاژک لە رۆژی ٢٧ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨دا دەستیان مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەى ١٠ رۆژ کرد، کە مانگرتنەکەیان بەشێوەى دەوری بەڕێوەدەچێت.

پەرلەمانتارێکیش بەشداریى مانگرتنەکە دەبێت

لە رۆژانی ٢ و ٣ و ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە ئیستەنبول، ئەنقەرە و مێرسین و لە رۆژانى ٧ و ٨ و ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە شارەکانى موش، شرنەخ و مێردین مانگرتن لە خواردن بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن بەڕێوەدەچێت. یەکێک لە مانگرتووەکانیش پەرلەمانتارێکى هەدەپە دەبێت.

پێشتریش لە شارەکانى ئەدەنە، رحا، وان، ئامەد و جۆلەمێرگ چالاکیى پشتیوانیکردن ئەنجامدرابوو و لەو چالاکییانەدا راگەیاندرابوو، تاوەکو گۆشەگیری کۆتایى پێنەیت چالاکییەکان بەردەوامییان دەبێت.

ر.م