تێکۆشانی ئازادی و ژنۆلۆژی لە کوردستان؛ كاریگه‌رییه‌كانی لەسەر ژنانی جیهان

نەجیبە قەرەداغی ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا دەستنیشانی دەکات ،ئەوەی ژنانی کوردی جیا کردوووەتەوە لە مەیدانەکانی ترئەوەیە کە ژنی کورد هەموو رۆژێکی ساڵی کردۆتە ٨ی ئادارهەم لە واتا و ناوەرۆکدا پەرەی پێداوە.

نەجینە قەرەداغئ ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی ئەورووپا بە بۆنەی ٨ی ئادار(مارس) ڕۆژی جیهانی ژنان ،لەدیمانەیەکدا لەگەل ڕۆژنامەی یۆنی ئۆزگور پۆلێتیکا باس لە خەبات وتێکۆشانی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەکات .

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

*  سیستەمی دەسەڵاتداری پیاوسالاری کە لە قەیرانێکی بنەڕەتیدایە، بە چ شێوەیەک کاریگەری لەسەر ژن دەکات؟

- دەسەڵاتدارێتی پیاوسالاری هەم لە ئاستی میکرۆ و هەم لە ئاستی ماکرۆدا کە هەردوو تۆکمە دەکەن و پێکەوە پەیوەستن، لە قەیراناویترین دۆخیدایە. دەرهاویشتەکانی ئەو قەیرانە کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان کردووە، ژن هەم وەک هەبوونێکی کۆمەڵایەتی و هەم لە بەرئەوەی کە لە ڕووی بیۆلۆژییشەوە زیاترین پەیوەستبوونی بە ژیانەوە هەیە، لە ژێر کاریگەری راستەوخۆی ئەو قەیرانەدایە. لە ئاستی گەردوونیدا دەبینین کە شەڕێکی گەرمی بەربڵاو، توند و تیژی، هەژاری، وێرانبوونی ژینگە، کۆچبەری، بازرگانی کردن بە مرۆڤ، قەیرانی دیمۆگرافی و تەقینەوەی بێسنوری ژمارەی دانیشتوان هەمووشی دەرهاویشتەی قەیرانی سیستەمن و هەریەک لەو کێشانە و سەدانی دیکەش راستەوخۆ لەسەر بنەمای داگیرکاری جەستەیی، رۆحی و هەبوونی ژن خۆی دامەزراندووە و کردەوەکانی سەرەتا ئەوان دەکاتە قوربانی. زهنیەتی پیاوسالاری لە هەردوو ئاستەکەشدا خۆی لەسەر قوڵکردنەوەی کەلتوری دەستدرێژی لە پێ دەگرێت و زیاترین هێرش بۆ سەر ژن ئەنجام دەدات. لە کەسی ژن دا لە سەرهەموو کۆمەڵگە. ئەو هێرشانە هەم بە رێبازی قەبە و وشک و هەم بە رێبازی نەرم ئەنجامدەدات و هەردووشیان کاریگەری لەسەر لەبەریەکهەڵوەشانەوە و داڕزانی کۆمەڵگە هەیە. پێدەچێ بە پێی جوگرافیای جیاواز و جۆرەی کردەوەکانی سیستەمی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری کاریگەری جیاوازیان هەبێت، بەڵام ئەوانە خاڵی سەرەکی هاوبەشیانە کە لەسەرەوە باسمان کردن. ئەو قەیرانە هەم لە لایەنی مەعنەوییەوە وەک نەخۆشی دەروونی، تەنیایی، خەمۆکی، شڵەژان و هەستکردن بە نەبوونی ئاسایشی ژیان، هەتا لایەنی ماددی ژیانی مرۆڤەکانی و تا بە تایبەتی خستۆتە ناو لەپی قڕکردنەوە. نەک تەنیا قڕکردنی کردنی جەستەیی، هەموو لایەنێکی ژیانی ژن لە ژێر هەڕەشە و لەناوبردندایە.  لە ناو ئەو قەیران و گێژاوەدا ژن هەم وەک قوربانی و هەم وەک ئامراز بەکاردەهێنرێت و لە هەردوو دۆخیشدا ئامانج هەرچی زیاتر هەلوەشاندنەوەی تۆڕە ئەخلاقی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەیە بۆ ئەوی کە سیستەمی هەژمونی پیاوسالاری، دەوڵەت و سەرمایەداریدا خۆی بچەسپێنێت.

* لە لایەک هێرش هەیە لە لایەکی تر ئاستی بەرخودان و تێکۆشانی ژنیش بەرزتر دەبێتەوە. لەم ساڵانەی دواییەدا ئەو ئەو چالاکیانەی کە کاریگەری گەورەیان هەبووە، ئەنجام دراوە. ئێوە ئەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- دەبێ بڵێم کە ئەو زهنیەتەی کە لەم سەدەدایە کە وەک سەدەی ئازادی ژن پێناسە دەکرێت لە سێکۆچکەی زهنیەتی پیاوسالاری، دەولەت و سەرمایەداریدا خۆی دەنوێنیت لە ئاستی مامەڵەیەکی فاشیستانەدایە. بۆ ئەوەش ژنان دروشمی شکاندن و روخاندنی فاشیزمیان لە ئاستی هەموو جیهاندا بەرزکردۆتەوە، لە جیهاندا چەند قەیران و گێژاو قوڵبووبیتەوە، ئەوەندەش لێگەڕینێکی بەهێز بە بەرخودان و تێکۆشان، خۆی دەنوێنێت لە پێناوی ژیانیكی ئەلتەرناتیڤدا. سەرەتا ئەو لێگەڕینەدا بابەتی "خۆپاراستن" سەرنجڕاکێشە لەبەرئەوەی کە قەیران نەک تەنیا لە ڕووی جەستەییەوە بەڵکو لە ڕووی رۆحی و زهنیشەوە هێرش دەکاتە سەر ژن. ئێستا لە ئاستی نێونەتەوەییدا ژنان بە تێکۆشانی خۆیان ژیانێکی ئەلتەرناتیڤ و نوێ دەخەنە ڕوو. هەم لە ئاستی خۆجێیدا مۆدێلی خۆسەریان بونیاددەنێن و هەم بە یەک کاریگەر دەبن و ئەزمونەکانیان ئالۆگۆڕ دەکەن و لەیەکەوە فێر دەبن. زۆربەی ئەو تێکٶشانانەش تێکۆشانێکە کە هەم ئەلتەرناتیڤە و هەم خۆی لە ئەزبەرەکانی سیستەم دوورخسۆتەوە، ژنانی کوردستان، چیاپاس، فیلیپین، وڵاتانی ئەمەریکای لاتین، هندستان و هتد، لە سەرقافڵەی ئەو کاروانەی تێکۆشاندان، بۆیە باسی ئەو وڵاتانە دەکەم بۆ ئەوەی بڵێم کە ئەمجارە دەستپێشخەری نوێکردنەوەی تێکٶشانی ئازادی لە دەرەوەی ئەوروپاوە شێوە دەگرێت و ئەو فێمینیزمە تێدەپەڕێنیت کە ڕەخنەیەکی زۆری لەسەرە، لەراستیشدا ئەم رەوت و تێکۆشانانە خۆی لە خۆی دا دەبێتە هۆکارێک بۆ نوێبونەوەی فێمێنیزمیش و دەرچوون لە قاڵب و چوارچێوە و گەمانەی کە سیستەم سەپاندوویەتی.  لەسەروو ئەو تێکۆشانانەوە ژنانی کورد دێت هەم لە ڕووی مۆدێلی رێکخستنیەوە و هەم ئەزمونی کەڵەکەبوویان لە ماوەی ئەم چل ساڵەی دواییەدا گەیشتۆتە ئاستی میراسێکی گەورەی مێژوویی و دەوڵەمەند، لە ئەزمونی تێکۆشانەوە بەرەو وەرچەرخانی کۆمەلایەتی، لەئەزمونی چەمکسازی، تیۆریسازی و دەزگابوونەوە بەرەو ئاستی زانستی و ئاکادیمی دەچێت، هەنوکە لە ئاستی پەرەدانە بە زانستی ژنۆلۆژی، بەوەش هەم دەروازەی نوێی گفتوگۆ دەکاتەوە و هەم هەنگاو بەرەو قۆناغێ نوێ دهاوێژێت. لەم ساڵانەی دواییەدا فاشیزمی ئەرۆدغان نەک تەنیا لە تورکیا بەڵکوهەمووهەرێمەکە و هەتا جیهانیش کاریگەرییەکی گەورەی دڕندەیی و کۆمەڵکوژی نەک تەنیا لە سنوری وڵاتەکەی خۆیدا بەڵکو لە ئاستی باکوری کوردستان هەم بە پاڵپشتی کردنی داعش قۆناغێکی خوێناوی و کۆمەڵکوژی ڕووبەڕووی هەرێمەکە و زۆر دەڤەری جیهانیش کردەوە.  ئەوە داوەری ئێمە نیە بەڵکو بە هەزاران دۆکۆمێنت ئاشکرا دەبن کە هۆکاری سەرەکی بەهێزبونی داعش تەنیا فاکتەرێکی ناوخۆیی ناعەدالەتی نیە کە یەکێکە لە هۆکارەکان بەڵکو ڕێبازە دڕندەکانی داعش و سیستەماتیکبوونی دڕندایەتیەکانیان و شێوازی هێرشیان بۆ سەر کۆمەلگە و ژنان وەک ئەوەی لە بەرامبەر ئیزیدییەکانی شەنگال بینیمان لە ناوەندێکەوە بەرێوەدەبرا و هێشتاش بەرێوەدەبرێت بە ڕێبازی دیکە، لەبەرامبەر ژنی کورد جگە لە بەرخودان و تێکۆشان لەبەرمبەر بەو هێزە دڕندەیە و قوربانیدان بە گیانیان بۆ پاراستنی ژن و کۆمەڵگەیان بە گشتی چ رێیەک لە بەردەمییان دا نەمایەوە. ژنانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەش بە بەرخودانە بێوێنەیان لە بەرامبەر داعش لە رۆژئاڤا و باکوری سوریا، باکوری کوردستان و شەنگال و لە بەرامبەر هەموو جۆرەکانی داگیرکاری لەبەشەکانی تری کوردستان و زیندانەکان ئەو مۆدێلەی ژیانی کرد و خستە ڕۆژەڤی جیهانەوە.  نەک تەنیا لە لایەنی سەربازییەوە، بەڵکو لە ئاستی جیهانیش پاڵنەر و هاندەرە ئایدۆلۆژی، سیاسی، فەلسەفی و زانستیەکەی ئەو تێکۆشانەی خستەڕوو و خستیە رۆژەڤی جیهانیشەوە.  لە لایەکی تر ئەو مانگرتنەی کە لە دژی فاشیزم پەیامی " ڕاوەستە" و بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو فاشیزمە ژن هاتۆتە مەیدان. سەرکێشی ئەم قۆناغە جارێکی تر ژنی کوردە، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی لەیلا گویڤەن بە دەستپێکردنی مانگرتن لە ٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ ئەوە شەپۆلێکی بەرخودان و ڕاپەڕینی  جەماوەری لە ئاستی کوردستان و نێونەتەوەییدا لەگەڵ خۆی هێناوە. ئەو بەرخودانە هەم قۆناغی بەرخودانی ژن لە ئاستی جیهاندا بەهێز بکات و هەم لە پرۆسەی بونیادنانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی ژندا رۆلێکی سەرەکی ببینێت. لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیەی کە دەڵێ ؛" ئەوەی نەتوانێ خۆی بپارێزێت ناتوانێ خۆی ئازاد بکات" ژنی کوردستان لە پاراستنی هەبوون و پێشخستنی وشیاری و زانایی خۆی دا، پاراستن و ئازادی بەیەکەوە بەستەوە.

لە لایەکی تر ژنان لە ئاستی جیهان دا هەم تۆڕێکی پەیوەندیان بونیادناوە و هەم میکانیزمی درێژەدان و سیستەماتیزەکردنیشی تاوتوێدەکەن، هەر وەک لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ژنان لە فرانکفۆرت لە ٦-٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ دا گفتوگۆی لەسەرکرا. ژنان پێویستی ئەو سیستەمەیان هەم بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو جۆرە داگیرکارییەکی لەسەر جەستە، ڕۆح و مێشکی ژن بونیاد دەنێن و هەم لە بونیادنانی ئەو سیستەمە هەم خۆیان بپارێزن و هەم وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی لە ناو هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەدا سەرخەن و هەم ژیان لە دەرەوەی قاڵبەکانی سیستەمیش مومکین بکەن، ژیانێکی دیموکراتی، ئازاد و ژینگەیی. ئەو گفتوگۆیان لە هەمان کاتدا نەخۆشییەکانی پارچەبوون لە ناو بزوتنەوە کۆمەڵایەتی، فێمینیست و هەم بە گشتی بزوتنەوە ئەلتەرناتیڤەکاندا وەلاوە بنێت و بە زانستی ژنۆلۆژی و ئەزمونەکانی فێمینیزم ناوەرۆکی ئەو پرۆسەی گفتوگۆ و کردەییانە بەهێزتر و ئەنجامگیرتر بکات.  لە هەمان کاتدا بەهێزبوونی بزوتنەوە ئەنتی فاشیست، ئەنتی سەرمایەداری و ، بزوتنەوەکانی ئەکۆلۆژیی و جوڵەیان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە تایبەتی بە پێشەنگی گەنجان، بووتنەوەگەلی ئومێدبەخشن.

* داخۆ دەکرێت بڵێین بزوتنەوەکان وەرچەرخاوەتە بزوتنەوەی ڕێکخستنکراو؟

- مرۆڤ دەکرێ ئەو بانگەشەیە لەسەر ژنانی کوردستان بە تایبەتی رۆژئاڤا بکات، ئەو رێکخراوەییەیان نەک تەنیا بەرهەمی ئەم ساڵانەی دواییەیە بەڵکو بەرهەمی هەنگاو بە هەنگاو تێکٶشانی کرداری و بەرهەمهێنانی تیۆریی لە خۆناسین، درک بەخۆکردن و شەڕ و تێکۆشانی هەبوونە بەو ئەزمونە کەڵکەبووە و زانابوونە دەوڵەمەندە کە ئێستا گەیشتۆتە ئاستی سیستەمێکی کۆنفیدراڵی ژن، دەیەوێ ئەو پێشکەوتنە وەرچەرخێنیتە ئاسێکی کۆمەڵگەیی، هەم گەڕاننەوەی ئەو نرخ و بەهایانەی کە لە ژن زەوتکراوە،  هەم هاوچەرخکردنی ئەو بەهایانە و وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی.  ئێمە دەزانین کە گۆڕانکاری گەورە لە نێو کۆمەڵگەی کورد دا هەیە بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە بۆ ئەوەی ئاستی گەردوونی، ستراتیژی و هەمیشەییانە بەخۆیەوە بگرێت پێویستی بە دەزگابوونە.  لەو باوەڕدام کە ژنانی کورد زەمینەیەکی باشیان بۆ پێکەوە کارکردن لەگەڵ ژنانی ڕۆژهەلاتی ناوین و جیهان ئافراندووە. پێموایە کە دەبێ زیاتر قورسایی بخرێتە سەر ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەو زەمینەش بەرەیەکی دژبەری فاشیزم و داگیرکاری لە ئاستی میکرۆ و ماگرۆدا بەهێز دەکات. جەسارەت بە ژنان دەدا، زەمینەی شۆرشی کۆمەڵایەتی، گۆرانکاری تەنانەت لە کەسایەتی پیاودا ئاسان دەکات.  لەبەرئەوەی کە تێکۆشانی ژنان، پیاوانیش ناچاری گۆڕانکاری دەکات.  پێوەر، پرەنیسپی ژنان بۆ ئازادی و پێکەوەبوون هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەخاتە ناو پرۆسەیەکی گفتوگۆ و قاڵبونەوە. ژنانی کورد لە ناو ئێش  وئازارێکی گەورە و بە گیانبەختکردن ئەم تێکۆشانەی تا رۆژی ئەمڕۆ هێنا.

* بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد ئەوە ماوەیەکی درێژە دەیەوێ تێکۆشانێکی هاوبەش لەگەڵ ژنانی رۆژهەلاتی ناوین و جیهاندا پێک بینێت، لەو بارەیەوە چ هەنگاوێک نراوە؟

- دوایین پرۆسە و قۆناغ لە رۆژئاڤای کوردستان و باکوری سوریا بۆ هەموو جیهان و رۆژهەلاتی ناوەڕاست ئەوەی سەماند کە نهێنی بەهێزبوون لە پێکەوەبووندایە، پێکەوەبوونی جیاوازییەکاندایە. هەرکەس ئەو پرسیارە دەکات کە چۆنە لە کۆمەڵگەیەکی خێلەکی و داخراوی شارێکی وەک مەنبەج، تەبقە و رەقادا ژنانی شەڕڤانانی یەپەژە پێشوازیان لێکرا؟.  چۆن کە لە ماوەی سێ مانگدا ٤ هەزار ژنی عەرەب تەنیا لە شارۆچکەی مەنبەج لەسەر ژنۆلۆژی پەروەردە کران؟ ئەوانە نمونەی ئاسایی نین، ئەوە شۆڕشە بە هەموو واتایەکیەو، ئەوەی کە وای کردووە ژنان بە چاوێکی ئەرێنیەوە پرۆسەی پاکردنەوەی هەرێمەکەیان لە داعش بڕوانن و ئامێزیان بۆ شەڕڤانان بکەنەوە، پێکهێنانی پرەنسیپی بەشداری ڕاستەوخۆیە لە کردەی سیاسی و خۆبەڕێوەبەریدا نەک تەنیا بۆ ژنان بەڵکو بۆ هەموو بەشەکانی تری کۆمەڵگە، ئەوەیە کە پێکەوەژیان بەهێز دەکات. ئەوە پێچەوانەوەی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەی ناوەندی و شۆڤێنیستە کە قۆرخکاری، ناوەندگەرا و یەکڕەنگی دەسەپێنێت، پرۆسەی رێکخراوەبوونی هاوبەش لەگەڵ ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنانی نێونەتەوەیی هێشتاش لە قۆناغی سەرەتاییدایە، پەرەسەندنی گفتوگۆکان لەسەر ژنۆلۆژی زەمینەی فراوانی ڕەخساندووە و فراوانترکردنی ئەو زەمینەیە پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە هەیە.

* تێکۆشانی ئازادی و ژنۆلۆژی کە ژنان لە کوردستان بەڕێوەیدەبەن چ کاریگەریەکی لەسەر ژنانی جیهان کردووە؟

- سیستەم لە دونیای ڕۆژئاوایی دا بە سۆسیۆلۆژی هەنوکە و زانستەکانی پۆزەتیڤیست شێوە کارێکتەرێکیان بە کۆمەڵگە داوە کە هێزی خۆنوێکردنەوەی تێدا ئیفلیج کردووە، خراپتر لەوەی کە لایەنی دۆگماییانەی بەشێک لە ئایینەکان بە مرۆڤیان کردووە، هێندە کاریگەریان لە زهنی کۆمەڵگە کردووە، وێرای ئەوەی کە لە هەرشتێک ناڕازییە بەڵام دەروازەیەکی دەرنەکەوتن نابینێت و وەک قەدەر و خراپتر لە جیهانی ڕۆژهەڵات لە دۆخی خۆی دەڕوانێت. لەگەڵ ئەوەی کە ساڵانی دوای شەڕی جیهانی دووەم پرۆسەی گفتوگۆیەکی قوڵ لە بەرامبەر سیستەم و تیۆری بەهێز بەرهەمهێنران بەڵام ئەو تیۆرییانە لە بواری کردەییدا زۆر لاوازن و تەنیا لە ناوەندە ئاکادیمیاکان لقیان لێدەبێتەوە و چەمکسازی و تیۆریسازی بێ کرداری لێکەوتۆتەوە، ئەم ڕاستیە تەنیا چاودێری ئێمە نیە بەڵکو ناوەندە ئاکادیمییەکانیش بۆ خۆیان ئەم راستیە لە هەر دەرفەتێکدا باس دەکەن بەتایبەت ئەوەی کە پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەوە هەیە، نەخاسم دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت بە جارێک هیواشکاوی هەیە، هەر بۆ ئەوەش باسکردن لە ژیانێکی ئەلتەرناتیڤ، تیۆری ئەلتەرناتیڤ و بەستنەوەی ئەو تیۆریانە بە ژیانەوە زۆر سەرنج راکێشن، ئەوەش لە خودی شۆرشی رۆژئاڤا دەبینرێت، تێزەکانی رێبەر ئۆجالان و ئەو ئاکادیمیسیان و تیۆریسیانانەی هاوتەریب بیر دەکەنەوە، وەک هیوا و چارەسەریەک دەبینرێت. ئەمە پڕوپاگەندە نیە، من خۆم ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە زۆر جێگەی کە چووین و گفتوگۆ لەسەر ژنۆلۆژی و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، ئەکۆلۆژی، ئابوری کۆمیناڵ و خۆبەرێوەبەری، خۆپاراستن و هتد کراوە، بە ئۆمێدەوە لەو گفتوگۆیانە دەڕوانن و قوڵتر لەوەی کە پێشبینی دەکەین مامەڵە لەگەڵ ئەو تێزانە دەکەن. بە پێچەوانەی ئەوەی کە پێشبینیم دەکرد کە ژنۆلۆژی بە زاڵێتی وردەکارییەکانی چەمکسازی و تیۆریسازی سۆسیۆلۆژی هەنوکەیی ڕووبەڕووبێتەوە لە ناوەندە ئاکادیمیاکان و کۆمەڵگەدا بەڵام بینیمان کە ژنۆلۆژی و بوارەکانی، پەیوەندی بە فێمینیزمەوە، چۆنیتی گفتوگۆکردنی لە نێو کەلتور و کۆمەڵگەکانی تردا لەگەڵ خۆیدا وزەیەکی ئەرێنی لێکەوتەوە و زەمینەیەکی نوێی ڕەخساند و لێگەڕینی نوێی لە لای زۆرێک بزوتنەوە ئەلتەرناتیڤ، کۆمەڵایەتی و فێمینیست و خۆجێیەکان دروستکردووە.

* دەبێ تەوەرەی تێکۆشانێکی هاوبەش چۆن بونیاد بنێین کە ئەم سەردەمە ببیتە وەڵام بۆ پێویستیەکانی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی دیموکراتیانە؟  دەبێ پرەنسیپ، رێباز، سیستەم، چەمک و نەخشازییەکی چۆن پەیڕەو بکرێت؟

- ڕێبازی سەرکەوتوو لە تێکۆشاندا تا ئێستا ئەو رێبازەیە کە ژنی خستۆتە ناوەندی تێکۆشان ئازادی و دونیابینی-پارادایمییەوە. رێبازێک کە دوژمنە سەرەکیەکانی لەیەکدانابڕێنێت و یەکانگیرانە تێکۆشانیان لە بەرامبەر دەکات، بە واتایەکی تر زهنیەتی پیاوسالاری، دەوڵەت و سەرمایەداری پەیوەست بەیەکەوە دەبینێت و بەرەی تێکۆشانیان لەبەرامبەر فراوان دەکات.  دابڕانییان لە یەک و بەجیا مامەڵە کردن لەگەڵیان وەک دژبەری ئازادی و شۆرش، کەموکوڕییەکی جدی بزوتنەوە ئەلتەرناتیڤ، کۆمەڵایەتی و فێمنیستەکانە. رێبازێک سەرکەوتووە کە هەمیشە خۆی نوێ دەکاتەوە، لە دۆگمابوون خۆی رزگاردەکات، بەها کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەتی ئایینەکان لە نێو چنگی دەسەلاتداری دەرخات کە وەک ئامرازێک بەکاریاندێنن و بە لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژی کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنیەکانیان لەسەر ژن و کۆمەڵگە لە مێژوودا و لە دۆخی هەنوکەیی دا ئاشكرا بکات. رێبازێکی تێکۆشان بەکاریگەرە بە پێی تایبەتمەندی هەر هەرێمێک سیاسەت و رێبازی تێکۆشانی تایبەت بە خۆی دەست نیشان بکات کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنان هەبێت، بتوانێ بەها هەرێمییەکان و گەردوونیەکان هاوسەنگانە ببینێت. ئەو رێباز سەرکەوتووە کە بەشداری سیاسەتی دیموکراتیانەی راستەوخۆ بە بنەما دەگرێت و خۆ لە دیدی قوربانیکردن دوورپەرێز دەبێ. لە لایەکی تر رێبازی یەکانگیرانەی تیۆری و کردەیی کە بە شێوەیەکی هارمۆنیانە هاوسەنگ بکات. ئاکادیمیاکانی پێشخستنی بواری ئایدۆلۆژی، سیاسی، زانستی، دیبلۆماسی و بواری دیکە... ببێتە جێی پێشخستنی پێشەنگانی شۆڕش بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی دیموکراتیانە.

* بە بۆچوونی ئێوە چین ئەو چەمک و دیدانەی کە سنورەکانی نێوان بزوتنەوەکان هەڵدەگرن و بەردەوام میکانیزمای نوێ بونەوە بە بە بنەما دەگرن؟

- ئەو چەمک و تیۆری و مۆدێلە ڕێکخستنانەی کە ژنی کورد بەرهەمیان هێناوە و بونیادیان ناوە، بەهێندەی ئاگادارین ژنانی جیهان  کەڵکی لێوەردەگرن. لەو چەمکانەی کە کاریان لەسەر کردووە و چەندین ساڵە لە تێكۆشانی ئازادی دا بەکاریگەرە، تیۆری دابڕان کە ساڵی ١٩٩٦ لەلایەن ڕیبەر ئۆجالانەوە پێشنیارکرا، هەوەها هاوژیانی ئازاد، کوشتنی پاوێتی، وەرچەرخانی کەسایەتی پیاو، میکانیزمەکانی ڕەخنە و ڕەخنەدان  و رێکخراوەبوونی خۆسەری ژنان و سیستەمی کۆنفیدرالی ژن، و هتد.. لە ماوەی ئەم ٣ تا ٤ ساڵەی دواییەدا، ژنان بەو تیۆریانە هەم ڕەخنە لە کەموکوڕیەکانی قۆناغی ڕابردوو دەگرن و هەم ئاسۆیەکی نوێ لە تێکۆشانیاندا دەکەنەوە. بە تایبەتی لە  مامەڵەیاندا لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتیەکان، پرسی ژن وەک پرسی ڕەگەزێک نابینێت بەڵکو وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی دەبینێت، وەک پرسێکی تاکەکەسی نابینێت بەڵکو وەک پرسێکی کۆلێکتیڤ- بەکۆمەڵ دەبینێت، بە تەنیا وەک پرسێکی کاتیی نابینێت بەڵکو وەک پرسێکی مێژوویی و کەڵەکەبووی سەریەک دەیبینێت. هەروەها ئەو کێشانە بەهێندەی ئەوەی کە هەرێمی ئەوەندە پرسی گەردوونین و پێچەوانەکەشی راستە ئاستی میکرۆ و ماکرۆ کاریگەریان لە سەریەک هەیە. هەر بۆئەوەش ئەو رەخنانەی کە بزتنەوەی ژنی کورد لە دیدی زانستی ژن- ژنۆلۆژییەوە لە رێبازەکانی ژنانی نێونەتەوەیی دەکات هەم بە خۆشحاڵیەوە وەریدەگرن و هەم لەسەری قاڵدەبنەوە.

* تایبەتمەندی هەشتی ئاداری ئەمساڵ بۆ ژنان چیە؟ دەکرێت چی بڵێن بۆ ئەم رۆژە؟

- ژنان هەموو ساڵێک لە رۆژی هەشتی ئاداردا دەڕژنە مەیدانەکان و داواکانیان دەخەنەوەڕوو. جارێکی تریش دەڵێم ئەوەی ژنانی کورد جیا دەکاتەوە لە مەیدانەکانی تر ئەوەیە کە ژنی کورد هەموو رۆژێکی ساڵی کردۆتە هەشتی ئادارهەم لە واتا و ناوەرۆکدا پەرەی پێداوە.  هەر هەرێمێک بە داوای هاوبەش و هەم جیاواز دێنە شەقامەکان، هەموو ژنانی جیهانیش بۆ دونیایەکی باشتر دەنگیان بەرزدەکەنەوە، سەرنج بدەین ژنان لە هەموو بۆنەکانی تری ساڵدا کاتێ دەرژێنە مەیدانەکان دروشمێکی هاوبەشیان بەرزکردۆتەوە ئەویش " یەک چارەسەری: شۆرش" . لەبەرئەوەی کە هەموو کاتێک زیاتر ڕووی دەمامکی سیستەم داماڵراوە و ڕووی ئارایشکراوی ئاشكرا بووە. ئیدی ڕیفۆرم-چاکسازی و پینەکردنی سیستەم هیچ دەردێکی کۆمەڵگە و ژن چارەسەرناکات.  سیستەم بە گشتی ڕزیوە و دەیەوێ تەمەنی خۆی بە قوڵکردنەوەی نەژادپەرستی،  ئاینگەرێتی، زایەندگەرێتی-سێکسیزم و زانستگەرێتی درێژ بکاتەوە. ئەم هەشتی ئادارە بۆ ژنانی کورد تایبەتمەندییەکی تریشی هەیە.مانگرتنی لەیلا گویڤەن لە تێکۆشانی ئازادی و شکاندنی فاشیزم دا قەڵەمبازێک شەپۆل شەپۆل گەورە بووە  و بۆتە رۆژەڤی سەرەکی گەلی کورد، ژنان کورد و تەنانەت زۆر ئازادیخواز و بزوتنەوەی ژن لە جیهاندا.  ئەم مانگرتنە و هەڵمەتە بە دڵنیایەوە بۆ ژن دەستکەوتی گەورەی لێدەکەویتەوە، نەک تەنیا بۆ گەلی کورد بەڵکو رێ لەسەر قۆناغێکی مێژوویی دەکاتەوە کە سەرەتای کۆتاییهاتنە بە زوڵمی سەدەیەک لەسەر گەلی کورد. هەشتی ئادار لە دەڤەرەکانی تری جیهان نزیک بە هەمان ناوەرۆک پیرۆز دەکرێت، ئیدی ئیتر داوایان لە دەسەڵاتداران نیە، ژنان پۆتانسێلی شٶرشگێڕیان لە بەرامبەر سیستەم نیشان دەدەن، لانی کەم لە وڵاتانی وەک ئەمەریکای لاتین، چیاپاس، هندستان، فیلیپین، وڵاتانی عەرەب، ئەفریقیا، ئێران، باشوری ئەوروپا و هەتا جێیەکی وەک ئەفغانستان کە جیهان لە دیدێکەوە لێی دەڕوانێت کە شۆڕش لەو وڵاتە نامومکینە، بە پێچەوانەوە لەو وڵاتە پۆتانسێلێکی شۆرشگێرانەی و وزەی ژن لە ئاستێکدا کە مەزەندە ناکرێت. بە کورتی ژنان نەک بۆ داوای هەندێ مافی سیاسی و یاسایی لە سیستەم لە سەرپێدەبن، بەڵکو بۆ گۆڕینی هەموو سیستەم نەک یەک رۆژ هەموو رۆژێک لە سەرپێ دەبن هەر وەک بوون، وەک شەهید ساکینە جانسز- سارا دەلێ " هیچ شتێک نامومکین نیە" .

ك - ش