تێکۆشانی هاوبەش لە دژی توندوتیژی

ژنان هەموو ساڵێک رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر دەڕژێنە سەر شەقامەکان. ژمارەى ئەو ژنانەى دەکوژرێن زیادیان کردووە. توندوتیژیی دژ بە ژنان چۆن دەکرێت و بۆ ئەنجام دەدرێت؟ ژن لەدژی ئەوە چی دەڵێن و دەبێت چی بکەن؟

 بەپێى ئامارەکانى ساڵی ٢٠١٨ی پلاتفۆرمی "ئێمە بەر بە کوشتنى ژنان دەگرین" ٣٣٥ ژن تاوەکو مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. ژمارەیەکى زۆر ژن بوونەتە ئامانجی توندوتیژیی هاوسەرەکانیان، خۆشەویستانیان، باوک و براکانیان یان بوونەتە ئامانجی توندوتیژیى جۆرێک لە پیاو، کە هیچ پەیوەندییان بەو ژنانەوە نەبووە و ئەو ژنانە ئەو پیاوانەیان نەناسیوە.

پلاتفۆرمی "ئێمە بەر بە کوشتنى ژنان دەگرین" لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە چوارچێوەى "یادی دیجیتاڵی بۆ ئەو ژنانەی بەهۆی توندوتیژییەوە مردوون" ئاماری توندوتیژی لە دژی ژنان کۆدەکاتەوە و کاتێک مرۆڤ سەیری ئەو کرۆنۆلۆژیاییە دەکات، ئەوەى بۆ دەردەکەوێت توندوتیژی لە دژی ژنان رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە زیادبوون کردووە.

توندوتیژیى دژ بە ژنان چییە؟

توندوتیژیى دژ بە ژنان چییە و دەکرێت چی لە دژی ئەو توندوتیژییە بکرێت؟ بەپێی پێناسەکەى مۆر چاتی، لە هەر ٣ ژن، ژنێکیان لەلایەن هاوسەرەکانیان، یان خۆشەویستەکانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت. توندوتیژییەکان لەبەر زۆر هۆکار ئەنجام دەدرێن، بەڵام هۆکاری سەرەکیی توندوتیژییەکان پەیوەندیى بە هەست و عەقڵییەتى باڵادەستیى پیاو و پیاو سالارییەوە هەیە.

توندوتیژی تەنها لە رووی جەستەییەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو توندوتیژی لە رووی جەستەیى، دەروونی، زایەندی و ئابوورییەوە ئەنجام دەدرێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر ژیانى ژنان دەکات.

 بۆ توندوتیژیى جەستەیى دەکرێت باس لەم نمونانە بکرێت، لێدوانى زلـلە، بریندارکردن، پەلاماردانى قورگ و گوشینى، لێدان بە مستەکۆڵە و ... هتد.

بۆ توندوتیژیى دەروونیش دەکرێت باس لەم نمونانە بکرێت، سوکایەتیپێکردن، هەڕەشەلێکردن، شێواندن و چەواشەکردنى راستییەکان لە دژی و کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنى.

دەکرێت بۆ توندوتیژیى زایەندی باس لەم نمونانە بکرێت، پەلاماردان و دەستبۆبردن، دەستدرێژیکردن بە زۆر، کۆنترۆڵکردن، سوکایەتیپێکردن و سزادان.

بۆ توندوتیژیى ئابووریش دەکرێت باس لەم نمونانە بکرێت، دەستبەسەرداگرتنى داهاتى ژن، رێگریکردن لە کار و خوێندنى ژنان و سنووردارکردن و بەستنەوەی بە هەندێک کەسی ترەوە.

ئێمە دەکرێنە ئامانج و دواتریش تاوانبارمان دەکەن

ژمارەیەکى زۆر لە ژنان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، بەڵام سەرباری ئەوەش لە هاوسەرەکەیان یان خۆشەویستەکەیان جیا نابنەوە، یان لە راستیدا ناکرێت و ناتوانن لێیان جیا ببنەوە. ئەوەش هۆکاری جۆراجۆری هەیە. پیاوەکەى خۆی لە کاتى توندوتیژیدا دەبەخشێت و هەندێک بەڵێنى پێدەدات، لە رووی ئابوورییەوە ژن خۆی گرێدراوی هاوسەرەکەی دەزانێت و هۆکارێکى تریشی بۆ دەورووبەر و کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە.

هەروەها توندوتیژیى جەستەى و دەروونی لە چوارچێوەى هەندێک لە بەهاکانى کۆمەڵگەدا رەواییان پێدەدرێت. "ئاسایکردنەوە نەک تەنها رەوایى بە توندوتیژی دەدات، بەڵکو هاوکات قوربانییەکەى دەستى توندوتیژیش دەکاتە تاوانبار، واتە کەسە قوربانیکراوەکە دەکرێتە تاوانبار. ئەوانەى لە دژی توندوتیژی سکاڵا تۆمار دەکەن پێیان دەوترێت سنووری کەسیى خۆی تێپەڕاندووە و کەسی بەرامبەری هانداوە بۆ توندوتیژی".

لە هەواڵەکان دا لەبارەى توندوتیژی دژی ژنان زۆر جار هۆکارەکان وەک یەک باس دەکرێن و دەنووسرێت "لەبەر ئەوەى شۆرتی لەبەر کردووە لێم دا. لەبەر ئەوەى هانیدام لێم دا. بە نیوەشەو لە دەرەوە بوو. من گومانم بۆ دروستبوو، کە فریوم دەدات. لەبەر ئەوەى بە دەنگى بەرز پێکەنیوە. سەیری هاوڕێکەى منی کرد. خواردنى دروست نەکرد" ئەوانە ئەو قسانەن بەرامبەر بە ژن دەکرێن و ئەو قسانەش لەلایەن زۆربەى کۆمەڵگەوە قبوڵکراون.

دەوڵەت رێگری لە توندوتیژی ناکات، بەڵام هەوڵ دەدات رێگری لە جیابوونەوە بکات

لەو نێوانەدا سیاسەتی دەوڵەت و حکومەت رۆڵی هەیە لە بەرزبوونەوەى توندوتیژی لە دژی ژنان. بە تایبەت ئەو بڕیارانەى کە دادگاکەکان لەبارەى کوشتنى ژنانەوە دەریان دەکات کاریگەرییان لەسەر ئەوە هەیە کە توندوتیژی لە دژی ژنان زیاتر ببێت. بۆ نمونە، لە چوارچێوەى یاسای پاراستنى ژندا تاوەکو ئێستا تەنها بۆ ١٠ ژن هاوکاریى دارایى دابینکراوە، بەڵام ژمارەى پەناگەکانى ژنان لە تورکیا ٣ هەزار و ٤٤٣ پەناگەن. لە بریى رێگریکردن لە توندوتیژیى دژ بە ژنان، هەوڵ دەدرێت رێگری لە جیابوونەوە بکەن. داخستنى رێکخراوەکانى ژنان یەکێکی ترە لە رەفتارەکانى حکومەتى ئاکەپە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەى توندوتیژی لە دژی ژنان. زۆر ژن بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە بەرامبەر بە توندوتیژی بێدەنگ دەبن. ژن لەبەر هۆکاری ئابووری ئاسایشی ژیانى پارێزراو نییە و لەبەر ئەوەش ماڵ و هاوسەرەکانیان بەجێناهێڵن.

دەبێت چی لە دژی توندوتیژی ئەنجام بدرێت؟ یاسای ژمارە ٦٢٨٤ی پاراستنى ژنان و "پەیمانى ئیستەنبول" سەرباری خەمساردییەکانى دەوڵەت، چەند دەستکەوتێکى گەورەن بۆ ژنانى تورکیا. سەرباری ئەوەى ئەوانە دەستکەوتی باشن و ژنان دەتوانن سکاڵاکانیان ببەنە ئەو شوێنانە و داکۆکی لەخۆیان بکەن، بەڵام بەس نییە بۆ ئەوەى رێگری لە توندوتیژی لە دژی ژنان رابگیرێت، چونکە هەر ئەو رێکارانە خۆیان بە رادەیەک قورسن کە بەشێکى زۆر لە ژنان ناتوان بیانگرنەبەر.

سەرباری ژمارەیەکى زۆر یاسا، بڕیاری پاراستن و دانانى سزا، بەڵام ئەوەى کە دەبێت بۆ ئەو یاسایانە تێبکۆشێت و بەو رێکارانە  داکۆکی لە خۆی بکات، ژن بۆ خۆیەتى و ژن بە تێکۆشانەکەى دەتوانێت یاسا و بڕیارەکان لە بەرژەوەندیى خۆی بەکار بهێنێت، نەک ئەوەى چاوەڕێ بێت دەوڵەت یان لایەنێکى تر داکۆکیى لێ بکات.

ر.م