تێکۆشانی ژنان رۆژێک نییە؛ هەموو رۆژێکە

ژنان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەى لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا بڕژێنە سەر شەقامەکان. بۆ ئەوان هەموو رۆژێک تێکۆشانە نەک تەنها رۆژێک. ژنان هەوڵ دەدەن تێکۆشانى هاوبەش بئافرێنن.

ئەو توندوتیژییەى لە تورکیا بەرامبەر بە ژن ئەنجام دەدرێت رۆژ بە رۆژ رووی لە زیادبوونە، بەڵام سەرباری ئەوەش تێکۆشان لە هەموو ئاست و جومگەکاندا بەردەوامە.

زوڵێخا گیولوم پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، وەک هەموو ساڵەکانى تر ئەمساڵیش رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر دەڕژێنە سەر شەقامەکان و لە هەموو ئاست و جومگەکانى ژیاندا بەردەوام دەبن لە تێکۆشانەکەیان.

گیولوم باسی ئەوەیکرد "لەگەڵ راگەیاندنى باری نائاسایى توندوتیژی لە دژی ژنان زۆر زیاتر بووە و ژیان لە ژنان تەنگاو کراوە. سیاسەتى دەسەڵات ئەوەیە ژیان لە ناو چواردیواردا بەسەر ژناندا بسەپێنێت. هاوکات هێرشێکى گەورە لە دژی هەموو دەستکەوتەکانى ژنان لە ئارادایە. هێڵی ئێستاى سیاسەت لە ئاستێکى مەترسیداردا دوژمنایەتیى ژنان دەکات".

زوڵێخا گیولوم باسی ئەوەشیکرد "بۆ ئەوەى ئیرادەى ژن مۆری خۆی لە سیاسەت بدات، ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژێکى گرنگی تێکۆشانە. دواى ئەوەى قەیوم لە شارەوانییەکانی هەدەپە دانران، هاوسەرۆک شارەوانییە ژنەکانى ئێمە دەستگیرکران، یان لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە. سەرباری ئەوەش شارەوانییەکان پشتیوانى لەو ژنانە دەکەن، کە دەستگیرکراون".

گیولوم ئەوەشی وت، دەستگیرکردن و زیندانیکردنى هاوسەرۆک شارەوانییەکان و سیاسەتمەدارانى ژن پەیوەندیى بەو شەپۆلی هێرشکردنەوە هەیە بۆ سەر ژن و هەوڵ دەدرێت ژن لە دەرەوەى کاروباری سیاسەت بهێڵرێتەوە.

گیولوم وتیشی "هەوڵ دەدەن لە دژی ئەو هێرشانە هێڵی تێکۆشان لەگەڵ هەموو ژنانی تردا بەهێز بکەن. ئێمە لەگەڵ هەموو بزووتنەوەکانى ژنان و فێمێنیست هێڵێکى هاوبەشی تێکۆشان دەئافرێنین. ئێمە لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا پێکەوە دەڕژێینە سەر شەقامەکان".

"ئێمە هەموو کات لە گۆڕەپانەکاندا دەبین"

دەرهێنەر مەلەک ئۆزمان ئاماژەى بەوەکرد، ژن نەک تەنها بۆ ماوەیەک، بەڵکو هەموو کات لە گۆڕەپانەکاندایە. بە تایبەتى ئەو ژنانەی لە بواری فیلم دا کار دەکەن لەم دواییانەدا لە دژی پەلاماردان و دەستدرێژی لەگەڵ یەکتر کۆبوونەوە و بەشێوەیەکى هاوبەش لە دژی ئەو رووداوانەى لە دژی ژنان روو دەدەن تێدەکۆشن.

ئۆزمان ئەوەشی خستەڕوو "لە سەکتۆری (کەرتی) تەلەفزیۆن و سینەمادا لەم دواییانەدا زیاتر لە ١٠٠ ژن کۆبوونەوە و لەبارەى کێشەکانى خۆیانەوە قسەیان کرد. تێکۆشانی ئێمە لە دژی توندوتیژیى دژ بە ژنان تەنها بۆ ماوەیەک یان کاتێکى دیاریکراو نییە، بەڵکو هەموو رۆژێک تێکۆشانە".

ئۆزمان ئەوەشی وت "ئێمە تەنها بە داواکردنەوە نا، بەڵکو بە تێکۆشانەوە یادی ٢٥ی نۆڤەمبەر دەکەینەوە، چونکە ئێمەى ژن ئیتر لەوە تێگەیشتووین، کە داواى هیچ لە هیچ کەسێک نەکەین. یانی ئێمە دەزانین، کاتێک داواى شتێک لە کەسێک بکەین بەوە ژیانى ئێمە ناگۆڕێت. لەبەر ئەوەش ئێمە رێگاى تێکۆشانی هاوبەش دەگرینەبەر. لە کەرتی تەلەفزیۆن – سینەما دا ماوەیەکە ئێمە خۆمان لە دژی توندوتیژی و دەستدرێژی بەرێکخستن کردووە... ئێمە ئەوە دەزانین، کە نابێت پشت بکەینە یەکتر".

"ئێمە پشتیوانییەکان بەهێز دەکەین"

گیولفەم کاراتاش ئەندامى کۆمسیۆنى ژنان و (LGBTÎ) لە سەندیکاى رۆژنامەنووسیانى تورکیا (TGS) رایگەیاند، رۆژنامەنووسانى ژن کاتێک هەواڵ ئامادە دەکەن دەبنە ئامانجی توندوتیژیى کامێرامانەکان و لە کاتى بڵاوکردنەوەى هەواڵەکانیشدا سەرنووسەرە پیاوەکان جیاوازی لە هەواڵەکانیاندا دەکەن و هەوڵ دەدەن هەواڵەکانیان دوابخەن، یان بڵاوی نەکەنەوە.

کاراتاش راشیگەیاند "لەبەر ئەوەى ئێمە هاوسەرگیری دەکەین و منداڵمان دەبێت، خاوەن کارەکان توندوتیژییمان بەرامبەر ئەنجام دەدەن و رێگا نادەن بۆ ماوەیەکى درێژ کار بکەین. توندوتیژی لە هەموو شوێنێکدا هەیە بە میدیاشەوە".

کاراتاش لەبارەى ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە وتی "گەورەترین قسەمان ئەوەیە 'ئێمە پشتیوانییەکان بەهێز دەکەین' ئێمە دەڵێین، پشتیوانی هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە دەتوانێت ژن بپارێزێت. داوا لە هەموو کەس دەکەم لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و پشتیوانى لە یەکتر بکەن".

ر.م