تەژەکەى ئەوروپا: رێبەرمان پێش بە پیلانگێڕى گرت

تەژەکە ئەوروپا رایگەیاند، هێڵى ژنانى ئازاد لە ناو تێکۆشاندا لە دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتى گۆڕدراوە بۆ بزووتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى و بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتیش بووەتە گرەنتیى ژیانى ئازاد.

بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکەى ئەوروپا - TJK-E) بە بۆنەى ٢٠هەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتى کە لە ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ دا دەستیپێکرد، راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا داوا لە گەلی کورد، هێزە دیموکراتیکەکان و بزووتنەوەکانى ژنان کراوە، کە بە بەهێزی بەشداری چالاکییەکان بن بۆ ئیدانەکردنى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى.

لە راگەیاندراوەکەى تەژەکەی ئەوروپادا هاتووە:

"پیلانگێڕیى نێودەوڵەتیى ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ بەهۆی تێکۆشانی بێ ئەمانی رێبەرمان سەرنەکەوت و پووچەڵکرایەوە. ئێمە لە ٢٠هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیى نێودەوڵەتی ٩ی تشرینى یەکەمدا، ئەمساڵ وەک سالێکى گرنگ لە تێکۆشاندا پێشواز دەکەین. پیلانگێڕی لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا هەرچیی کرد نەیتوانى ئامانجەکانى خۆی بەدی بهێنێت و بەر بە بەهێزبوونی ئیرادی ئازادی گەلی کورد بگرێت و لەمپەری بۆ دروست بکات. نەیانتوانی بەر بە مۆدێلبوونی کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بگرێت. دەیانەوێت پیلانگێڕی و سیاسەتى سڕینەوە و پاکتاوکردنەکەیان کە پشتبەستووە بە شەڕ، سەرلەنوێ بخەنەوە رۆژەڤ. بناغەی ئەو هێرش و سیاسەتە شەڕانگێزانەیە خۆی لە سیستمى سڕینەوە و پاکتاوکردنى گەلی کورددا بەرجەستە کردووە.  

سیاسەتی تایبەت لە ئیمراڵی، سیستمى گۆشەگیری وەک سیستمی ئەشکەنجە لە دژی مرۆڤایەتى و هەموو هیزە ئازادیخوازەکان بەڕێوەدەبات. دەوڵەتى تورکی فاشیست کە بەدەرە لە دیموکراسی و هەموو بەها و نۆرمە یاساییەکان پێشێل دەکات. ئەو سیستمە دژوارە رۆژ بە رۆژ قورستر دەکات و شەڕی سڕینەوەشی ئەوەندەی تر قورسترکردووە. دەوڵەتى کۆماری تورکیای فاشیست لەم ٣ ساڵەى دوایدا هەستاوە بە ئەنجامدانى قورسترین تاوان و کردەوەى جۆراوجۆر. دەوڵەتى کۆماری تورکیای فاشیست ئەشکەنجەیەکى قورس لە دژی مرۆڤایەتى، گەلان، ژنان، گەنجان و لە کەسایەتیى 'رێبەری ئازادی' دا بەرێوەدەبات.

بێگومان ئەو سیاسەتە هێرشبەرانەیە بەشێوەیەکى تایبەت لە دژی پارادیگمانی مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک و رێبەرایەتی بەڕێوەدەبرێت. ئەو پارادیگمایەش بووەتە هیوا و هێڵی ژیانى ئازاد بۆ گەلان. ئەوە ١٩ ساڵە هێرش دەکرێتە سەر پارادیگمای ژیانى ئازاد و دیموکراتیک و رێبەرمان، کە ریبەرمان بۆ گەلانی هەرێمەکە، ژنان و کوردان پیشکەشی کردووە. هێرشەکانى ئەم ٣ ساڵەی رابردوو زۆر قورس و دژوار بوون.

ماوەی ٣ ساڵە پەیوەندیمان لەگەڵ رێبەرایەتى بە تەواوی بڕێندراوە، گۆشەگیرییەکى قورسی بەسەردا سەپێنراوە و لەبارەى تەندروستی و ئاسایش و ژیانیەوە هیچ زانیارییەکمان نییە. لەو دۆخەدا هێشتا رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (CPT -  سی پی تی) ئەو راستییە نابینێت. ئەو هەڵوێستەى سی پی تی مایەی قبوڵکردن نییە. سی پی تى تاوەکو ئێستا بێدەنگە و بەرپرسیارێتیى خۆی بەرامبەر دۆخی رێبەرەکەمان بەجێنەهێناوە. سەرباری ئەوەش لە دوایین پێشهاتدا دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا (DMME) بڕیاری ئەوەى دەرکردووە 'ئۆجالان ئەشکەنجە نەکراوە' . دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا بەو بڕیارەى رێگا بۆ هێرشکردن کردەوە و لە بابەتی گوشار و ئەشکەنجەى سەر رێبەرمانا بووە هاوکاری دەوڵەتى فاشیستیى تورک.

لە هەمان کاتدا سزای سزای ٦ مانگ ژووری تاکە کەسی بەسەر رێبەرماندا سەپێنرا. ئەو هێرشانە بە شێوەیەکى روون و ئاشکرا ئەنجام دەدرێن و ئەشکەنجە دەکرێت. ئەوەش نیشانەى ئەوەیە کە دۆخەکە بەرەوە شوێنێکى مەترسیدار دەڕوات. رێبەرمان لە ئیمرالی لە ناو ژووری تاکە کەسیدا راگیراوە، بۆیە سزادانى لە ناو ژوورێکى تاکە کەسیى جیادا ئاستى مەترسییەکە لەسەر دۆخیان بە روونی دەخاتە بەرچاومان.

شەهید ئومێد ئاجار لە هەست و بیر و رۆحی خۆیدا هەستی بە گەورەیى ئەو مەترسییانە کرد و بە ئەنجامدانى چالاکییەکەى وتی 'ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن'. بەو شێوەیە ئەوە بووەتە بڕیاری پێداگرانەی هەموو کەسایەتییەکى کورد، کە لە دژی هێرشەکانی سەر رێبەر ئامادەن گیانی خۆیان بکەنە قەڵغان و ئازادی مسۆگەر بکەن. هاواری 'ژیانى بێ رێبەرایەتى هەرگیز نابێت' لەلایەن شەهید ئومێد ئاجارەوە، بۆ ئێمە فەرمان و وەسیەتە.

هێڵی ژنانى ئازاد لە ناو تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕی گۆڕدراوە بۆ بزووتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى و بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتیش بووەتە گرەنتیى ژیانى ئازاد. ئێمە وەک بزووتنەوەى ژنانى ئازاد لە دژی هێرشە نوێکانی هێزە پیلانگێڕە نێودەوڵەتییەکان بە بڕیار و پێداگرییەوە لە هەموو ئاست و گۆڕەپانەکاندا بەرخۆدان دەکەین.

ئێمە داوا لە گەلەکەمان و بەتایبەتى داوا لە ژنان دەکەین، کە لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بەشداری بەرخۆدان و قۆناغی بونیاتنان بەکەن و بە ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژوویەکانیان هەستن. سەرلەنوێ هێرشی ئینکارکردن و سڕینەوە لە دژی گەلی کورد هێنراونەتەوە پێش، بۆیە ئەرکی بنەڕەتیى ئێمە ئەوەیە، کە ئێمە هەڵمەتى ئازادی بۆ رێبەراتی تاوەکو بەدەستهێنانى ئەنجامێک بەڕێوەببەین. ئێمە لەو بڕوایەداین کە هەموو کەسێک بە هۆشمەندی و بەرپرسیارێتییەکى گەورەوە بەشداریى قۆناغەکە دەبێت.

لە رۆژانی ٦ و ٩ی تشرینى یەکەمدا بۆ ئیدانەکردنى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى چالاکی ئەنجام دەدرێن، بۆیە ئێمە داوا لە گەلی کورد و بە تایبەتى ژنان، هێزە دیموکراسییەکان، بزووتنەوەکانی ژنان دەکەین، کە بەشێوەیەکى چالاکانە بەشداری ئەو چالاکییانە ببن. رێبەری ئازاد کوردستانى ئازاد، کوردستانى ئازاد رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى ئازادە. ئاشتی و دیموکراسی کلیلی ژیانێکى خوشک – برایانەی گەلانە".

ر.م