حەسنا حەسەن: ئامانجمان بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتە

حەسنا حەسەن ئەندامی کۆنگرەی ستار: کاتێک ئەمڕۆ ئێمە دەڵێین، ئێمە لە شەهبا لە قۆناغی دووەمی بەرخۆدانداین، ئەمە لە سەر بناغەی تێکشکاندنی داگیرکەری و دەستدرێژیی سەر کۆمەڵگاکەمان و ئازادکردنی کۆمەڵگاکەمانە.

- فورات

هەڵمەتی 'خاک و ناموستان بپارێزن، داگیرکەری و داعش تێک بشکێنن' لە هەرێمی شەهبا بە پێشەنگایەتیی کۆنگرەی ستار بە فراوانکردنی بەرخۆدانەکە بەردەوامە.

حەسنا حەسەن ئەندامی کۆنگرەی ستار لەبارەی خەبات و چالاکی و هەڵمەتەکە لە شەهبا قسەی کرد و دەڵێت، "لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا کە مانگێکە دەستیپێکردووە، کۆبوونەوە و ڕێپێوان ئەنجامدەدرێن. ئامانجێکی سەرەکی هەڵمەتەکەش ئەوەیە، کۆمەڵگا لەبەرامبەر دەستدرێژی و هێرشی داگیرکەران بپارێزین."

حەسنا حەسەن وتی، "بەرخۆدانی عەفرین، کە ٥٨ ڕۆژ لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بەردەوام بوو بەرخۆدانێکی زۆر گەورە بوو. مەترسییەکە ئەمڕۆش بەردەوامە. پێویستە گەلەکەمان هۆشیار بێت و یەکێتیی خۆی بەهێز بکات. هەرچەندێک یەکێتیی گەلان بەهێز ببێت، داگیرکەری زیاتر لەناودەچێت.

'لە ڕێگەی شەڕی تایبەتەوە، هەوڵی لەناوبردنی ژنان و گەنجان دەدەن'

ئەو ئەندامەی کۆنگرەی ستار ڕاشیگەیاند، ئەوان لە کۆبوونەوە و پەروەردەکانیاندا، ئاماژە بە شەڕی تایبەتی داگیرکەران دژی کۆمەڵگا دەدەن و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "دەسەڵاتداران شەڕێکی تایبەت دژی گەنج و ژنان بەڕێوەدەبەن و هەوڵ دەدەن گەنجان ئالودەی ماددەی هۆشبەر ببن و دەستدرێژیش لە ژنان دەکەن. ئێمە دەمانەوێت لەدژی ئەو سیاسەتە تێکۆشانەکەمان فراوانتر بکەین. لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، 'باری شۆڕش لە سەر شانی ژن و گەنجانە'. لە ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتیی ژنان شۆڕش کرا و بەردەوامە. لەبەرئەوەش لە ڕووی پەروەردە و پشتگیریی ژنان پێویستە زیاتر هەوڵ بدێت."

هەروەها باسی ئەوەی کرد، لە باکووری کوردستانیش ژنان پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن. ژنان نەک تەنها لە پارچەیەک، بەڵکو لە باشوور، ڕۆژهەڵات و باکووریش لە هەموو کوردستان تێدەکۆشن. ئەم بەرخۆدانە هێزی ژن نیشان دەدات. هەرکە ژنان زیاتر پشتگیری لە یەکتری دەکەن، داگیرکەریی تورک و داعش زیاتر تێکدەشکێت.

'ئامانجەکەمان بنیاتنانی کۆمەلگایەکی ئازاد و دیموکراتە'

حەسنا حەسەن ئاماژەی بەوەشدا، لە هەموو دۆخێکدا بەردەوامی بە بەرخۆدانەکەیان دەدەن و بە پەروەردە وکۆبوونەوەکان و هەموو شێوازەکان هەڵمەت بەرەوە پێشەوە دەنێن و پێشدەکەون و وتی، "ئامانجی سەرەکیمان زیندووکردنەوەی کۆمەڵگا و نیشاندانی هێزی کۆمەڵگایە. بە تایبەتی نیشاندانی جەوهەری ڕاستەقینەی ژنە. ژن هەرچەند زانا ببێت، کۆمەڵگا ئەوەندە زانا دەبێت.  لەسەر ئەو بناغەیە، ئامانجمان بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتە."

'لە چارەسەریدا ژنان خاوەن ڕۆلن'

ئەندامی کۆنگرەی ستار هەروەها ڕاشیگەیاند، هەموو ناوەند، کۆمین و ئەنجومەنەکان لە ژێر چەتری کۆنگرەی ستاردان و پشتگیری لە ژنان دەکەن. ژنان ئەمڕۆ لەو ئاستەدان دەتوانن ۆتووێژ لەسەر هەموو بابەتێک بکەن و لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا ڕۆلی گەورە هەڵدەگرن.

'بە بەرخۆدانمان لە شەهبا، داگیرکەری تێکدەشکێنین و کۆمەڵگا ئازاد دەکەین'

حەسنا حەسەن لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت، " کاتێک ئەمڕۆ ئێمە دەڵێین، ئێمە لە شەهبا لە قۆناغی دووەمی بەرخۆدانداین، ئەمە لە سەر بناغەی تێکشکاندنی داگیرکەری و دەستدرێژی سەر کۆمەڵگاکەمان و ئازادکردنی کۆمەڵگاکەمانە."

ف.ق