دایکانی شەممە: دەستبەرداری چالاکی و داخوازیەکانمان نابین

لە ئەستەنبۆل دایکانی شەممە وێڕای گوشار و گەمارۆی سەریان لە ۷۰۷ مین چالاکیاندا بە یەکگەیشتنەوە و پێداگریان لە درێژەدان بە چالاکی و داخوازیەکانیان کردەوە و ئەم هەفتەیە لە چارەنوسی بێسەروشێنکراوانیان پرسیەوە.

ئەمڕۆ شەممە لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا، دایکانی شەممە لە بری مەیدانی گەڵاتەسەرای لە بارەگای هەدەپە بە یەکگەیشتنەوە و ۷۰۷ مین چالاکی هەفتانەیان ئەنجام دا. ئەوەش لە کاتێک دایە کە دایکانی شەممە فشار و هێرش و هەڕەشە و گەمارۆی هێزە ئەمنیەکانی ڕژێم تورکیایان لە سەرە و چالاکییەکەیان قەدەغەکراوە.ئەوان لە ۷۰۰ مین هەفتەی چالاکییەیاندا لە نزیک مەیدانی گەڵاتەسەری هێرش کرابوویە سەریان و لەو کاتەشەوە ڕێگەیان پێ نادرێت لە مەیدانەکە چالاکییەکەیان ئەنجام بدەن.

لە چالاکی ئەم هەفتەیەدا، دایکانی شەممە وێنەی بێسەرشوێنکراوان و ڕۆژنامەوانی سعودی "جەمال قاشقجی"یان بەرکردەوە و لە چارەنوسیان پرسینەوە. پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانی ڕژێمی تورکیا وەک پیشەی هەمیشەیان لە دژی چالاکییەکە وەستانەوە و گەمارۆی بارەگاکەی هەدەپە-یان دا و ڕێگەیان نەدا دایکان لە بەردەم بارەگاکەشدا کۆببنەوە و لێدوانی ڕۆژنامەوانی بدەن. سەرەڕای ئەوەش دایکان پێداگربوون لە بارەگای هەدەپەوە تا مەیدانی گەڵاتە سەرای ڕێبپێون. بەڵام لە لایەن پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە ڕێگریان لێکرا.

لە چالاکییەکەدا ژمارەیەک لە ئەندامان و بەڕێوەبەرانی هەدەپە و چەند پارلەمانتارێکی هەدەپە،جەهەپە و سەندیکاکانی وەک، DÎSK, KESK, TMMOB, TTB و چەندین لە نوێنەرانی ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤ و پارێزەران ئامادەبوون. 

دایکانی شەممە ڕایانگەیاند: ِ"سەرەڕای هەموو هێرش و فشارەکانی سەرمان، دەستبەرداری چالاکی و داخوازیەکانمان نابین و تا ڕۆشنبوونەوەی چارەنوسی هەزاران بێسەروشوێنکراو درێژە بە چالاکییەکەمان دەدەین.

دایکانی شەممە لە ۷۰۷ مین چالاکیەکەیاندا بە بەشداری دایک، برا، خوشک و کەسوکاریان، باسیان لە بە سەرهات و بێسەروشێنکردنی ۳ هاوڵاتی کرد بەناوەکانی، (موراد یڵدز، کە لە ۲۳ شوبارتی ۱۹۹٥ دەستگیر و بێسەروشوێنکرا، جەمیل کەسربایر، کە ۱۲ی ئەیلولی ۱۹۸۰ دەستگیر و بێسەروشوێنکرا، عەبدولکەریم یورتسەڤەن"شەمسەدین")، لە چارەنوسیان پرسینەوە.

هـ.هـ