دایکانی شەممە: لە ۷۰۰ هەمین چالاکی هەفتانەماندا بەشدار بن

دایکانی شەممە، کە هەفتانە لە ڕۆژی شەممەدا چالاکی ئەنجام دەدەن و لە چارەنوسی ڕۆڵە بێسەروشوێنکراوەکانیان دەپرسنەوە، بانگەوازی لە هەمووان دەکەن تا بەشداری لە ۷۰۰ هەمین چالاکی هەفتانەیاندا بکەن.

دایکانی شەممە ۲۳ ساڵە هیچ زانیاریەک لەبارەی چارەنووسی ڕۆڵە و خزمە ونبووەکانیان نازانن و بۆ سۆراخکردنیان هەموو شەممەیەک لە مەیدانی گەڵاتەسەرای شاری ئەستەنبوڵ کۆدەبنەوە و داوای زانیاریی لە دەوڵەتی تورکیا دەکەن. هەموو هەفتەیەکیش باس لە چیرۆک و بەسەرهاتی یەکێک لە بێسەروشوێنکراوەکان دەکرێت و لە چارەنوسی دەپرسرێتەوە.

بۆ ئەو مەبەستە، شەممەی ڕابردوو ۳۹۹ هەمین چالاکیان ئەنجام دا و ئەم شەممەیەش بێتەوە بە تەمان ۷۰۰ مین چالاکی ئەنجام بدەنەوە. لە ئێستاشدا بۆ ئەوەی هەمووان بەشداری لە چالاکیەکەیاندا بکەن، بانگەوازێکیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا لە هەموو کەس و لایەک دەکەن، تا سبەینێ شەممە ۲٥ی ئاب لە مەیدانی گالاتاسەری ئامادەبن.

بانگەوازیەکە لە فەیسبوک و تویتەر و  تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە لایەن هەزاران کەسەوە پشتیوانی لێکراوە و هەڵمەتێکی هاشتاگیشی بۆ ڕێکخراوە.

ڕاگەیەندار، چالاکیەکەی سبەینێ، بە گۆرانی 'من ببینە دایە'ی هونەرمەندی کۆچکردوو ئەحمەد کایا دەست پێدەکات، کە پێش چەند ڕۆژێک لەلایەن هونەرمەند جەیلان ئەرتەم بۆ دایکانی شەممە وتراوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە لە ساڵانی ۹۰ کان بەدواوە، لە کوردستان و تورکیا هەزاران کەس کوژران و بێسەروشوین کران کە پرۆسەکە بە کوشتنەکانی بکەری نادیار ناوبانگی دەرکردوە و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە بارەی کوژاراوان و بێسەروشێن کراوەکانەوە نییە و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیاش وەک نەدیوو لێی دەڕوانن و ئامادە نین هیچ زانیاریەک لەو بارەیەوە بدەن.

هـ.هـ