دایکم ئەوەندە بە جوانییەوە دێتە ژیانى مرۆڤەکانەوە کە...
ئەوەتا دیسانەوە هاتەوە...
جارێکیتر توانیى بە بەرخودانەکەى هەموان شەیدای خۆی بکات.
لە قۆناغێکدا و لە کاتێکدا، کە ئێمە لە دڵەوە تامەزرۆی ئاشتى بووین و هیواکانیشمان لە کزییان دەدا، دایکم گیانی خۆی بۆ ئاشتى تەرخانکرد.
ئەوە پاڵەوانەکەى منە، پاڵەوانى گەلەکەیەتی.
سەرەتا باسی لەیلا گیوڤەنتان بۆ دەکەم.
ژنێکە، کە لە ١٦ ساڵیدا لەگەڵ خزمێکى خۆیدا هاوسەرگیریى پێکرا و بووە دایکى دوو منداڵ.
کاتێک تەمەنی بوو بە ٣٠ ساڵ لە هاوژینەکەى جیابوویەوە. ئەو رۆڵە کلاسیکە، کە بۆ ژن دیاریکرابوو قبوڵی نەکرد و دەستى بە ژیانێکى نوێ کرد. کاری دەکرد و بوو بە کارمەند. منداڵەکانی بەپێى توانا و دەرفەتەکانى بەردەستى گەورە دەکات.
کاتێک منداڵەکانى توانیان لەسەر پێى خۆیان بوەستن و دەستیان بە خۆیان را بگات، بۆ ئەو دەرگاى ژیانێکى نوێ کرایەوە. چالاکانە بەشداریى ژیانى سیاسی بوو، کە خۆی لە خۆیدا هەر ئەو خەباتە سیاسییەى بەڕێوەدەبرد. لە سەردەمی هادەپە دا سەرەتا لە ناو خەباتی بزووتنەوەى ژناندا و دواتریش لە ناو خەباتى ئەنجوومەنى حیزبدا تێدەکۆشا. لە دواى ئەو دوو قۆناغە سەرۆک شارەوانیى کرد. کاتێک شارەوان بوو دیسانەوە وەک هەمیشە ناسنامەى ژنبوونی لە پێش هەموو شتێکەوە بوو. لە پەیماننامەى دەستەکانى کارکردن و تێکۆشاندا چەندین خاڵیان بۆ کار و تێکۆشان و بەشداریى ژنان زیاد کرد. مۆری خۆی لە ژێر زۆرێک لە کار و تێکۆشانەکانى ژنان دا.
٧ی حوزەیران بووە پەرلەمانتار و هاوکات دواى ئەوەش بۆ راوەستاندی قۆناغی شەڕ، کە سەرلەنوێ دەستی پێکردبووە، چوو بۆ جزیرێ. لە جزیرێ کە هاتووچۆکردن لە هاووڵاتییان قەدەغە کرابوو و بۆ ئەوەى هاووڵاتییان زیانیان پێنەگات لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا و لە ژێر بۆردومانەکاندا لە ناوچەکە و لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکى تر رایدەکرد تاوەکو هاوکاری و یارمەتیی هاووڵاتییانى گەلەکەى بدات. خۆی ئەوە یەکەمجار نەبوو، کە لەیلا گیوڤەن بۆ ئاشتی دەستبەرداری گیانى خۆی ببوو.
ئێستاش هاسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگە. بەشێوەیەکى نایاسایى زیندانیکراوە و لە زینداندایە. وەڵامێکى توند دەداتەوە بەو کەسانە کە دەڵێن، ئێمە لە زینداندا تێکۆشانەکەى تێکدەشکێنین، بەڵام لەیلا دەڵێت 'ئەوان شتێکیان لەبیرچووە، ئەویش ئەوەیە ئێمە لە هەموو شوێنێکدا لەدژی فاشیزم بەرخودان و خۆڕاگری دەکەین'. ئەوەتا ئەویش ئەو کەسەیە، کە لە ناوەندی ئەشکەنجەی فاشیزمەکانى ١٢ی ئەیلول دا لە زیندانى ئامەد بەرخودان دەکات.
دایکم، لەبەر ئەوەى بووە شایەتحاڵی ئەو فاشیزمە، بووە شایەتحاڵی ئەو مرۆڤانەش کە بەهۆی ئەو قۆناغەی شەڕەوە ماڵی خۆیان و زێدی خۆیان چۆڵ دەکرد و بە ناچار کۆچیان بۆ قۆنیا دەکرد و لەوی لە هەلومەرجێکى زۆر قورس و دژواردا ژیانیان بەسەر دەبرد. دایکم لەوێوە دەستى بە تێکۆشان کرد. دایکم نەیتوانى بەرامبەر ئەو ناهەقییە بێدەنگ بێت و بێدەنگیش نەبوو. وەک ژنێکى کورد لە قۆنیا بۆ گەلەکەى دەستی بە تێکۆشان کرد.
من دایکمم ئاوا ناسی.
لە دایک زیاتر مانای تریشی هەبوو بۆمان، ئیتر ئەو کاتەى من لەیلام لە ناو تێکۆشاندا بینی بە رووناکییەکەى ئەو چاوم گەشایەوە. باشە ئێوە لە شوێنێکى تر هێز و فیداکاری و جوانبوونێکى ئاواتان بینیوە؟
ورەی ئەو.. تاوەکو ماوەیەک لەوە پێشیش من لەبەر ئەوەى بە ئەندازەى دایکم بەهێز نەبووم لە خۆم توڕە دەبووم، بەڵام ئێستا تێدەگەم کە هەموو کەس ناتوانێت وەک ئەو بێت!
من کچی ژنێکی ئاوا بەهێزم، ئەوە هەم شانازی و هەمیش بەرپرسیارێتى و ئەرکێکى قورسە بۆ من.
هەر وەک ئەوەى مرۆڤ هەرچی بکات بە کەمی دەزانێت و هەستیش بەوە دەکات؛ یانی وەک ئەوەیە مرۆڤ ناچار بێت، کە هەموو شتەکان بەبێ کێماسی و کەموکوڕی ئەنجام بدات...
لەیلاکەى من...
دایکى من، هاوڕێی هێژام..
تەنها دواڕۆژی خۆی نییە، بەڵکو دواڕۆژی گەلەکەشێیەتی
نمونەى ژیانی من، ژنێک کە بەبێ گومان و دوودڵی تێدەکۆشیت...
من هەر چەند باست بکەم، هەر کەمە!
ر.م