دایە سۆیلەر: دەبێت گۆشەگیری بە کردەوە کۆتایی پێبهێندرێت

خەدیجە سۆیلەر دایکی کچە زیندانیی سیاسی ئۆزلەم سۆیلەرە، ١٥٥ رۆژە لە بەندیخانەی گەبەزە لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی لە چالاکی مانگرتنایە. دایە خەدیجە داوایکرد، بە کردەوە کۆتایى بە گۆشەگیری بهێنرێت نەک بە قسە.

چالاکی ئێشکگریى دایکان لە دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەردەوامە. یەکێک لەو شوێنانە چالاکیی تێیدا ئەنجام دەدرێت بەر دەرگای بەندیخانەی گەبزەیە. خەدیجە سۆیلەر یەکێک لە دایکانی بەرخۆدێرانە و بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

کچی دایە خەدیجە بە ناوی ئۆزلەم سۆیلەرە و لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٢٥ی سەرماوەرزەوە لە دژی گۆشەگیریی سەر  ئۆجالان لە چالاکیی مانگرتن دایە. دایە سۆیلەر بۆ ئەوەی پشتگیریی کچەکەی و هەموو ئەو بەندکراوە سیاسییانە بکات، کە لەگەڵ ئەودا لە چالاکیی مانگرتن دان لە ئیزمیرەوە رۆیشتووە بۆ ئیستانبوول.

دایە سۆیلەر سەرەنجی خستە سەر رەفتا و نزیکبوونەوەى میزاجی و گوتی، "لە چالاکیى دانیشتنی بەردەم بەندیخانەکاندا کاتێک ٢ دایک دەچنە لای یەکترەوە و دەچنە بازاڕ پۆلیسەکان پێشییان پێدەگرن. ئێمە بۆ کوێ بچین لەلایەن پۆلیسەوە  چاودێری دەکرێین."

دایە سۆیلەر لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی، ٧ هەزار بەندکراوی سیاسی رۆژ لە دوای رۆژ دەتوێنەوە و ژیانێکی بەمشێوەیە زۆر سەختە و گوتیشی، "هەر کاتێک کچەکەی خۆم دەبینم هەست بەوە دەکەم، کە کێشی دابەزیوە. هەر خۆی لە خۆیدا کز بوو جەستەی بچووک بوو، بەڵام ئێستا بە تەواوی تواوەتەوە. بۆ ئەوەی من دڵگران نەبم هەموو کات دەلێت بارودۆخم باشە و بە روومدا پێدەکەنێت، بەڵام من دەزانم کە بارودۆخی تەندرووستیی بەرەو خەراپبوون دەڕوات. لە چاوپێکەوتنێکی کراوە دا و کاتێک دەستەکانیم گرت دەستەکانی وەکوو سەهۆڵ سارد بوون. لەو کەش و هەوا گەرمەدا خەریکە لەسەرمادا رەق ئەبنەوە".

دایە سۆیلەر سەرنجی خستە سەر بەیاننامەی وەزیری داد عەبدولحەمید گیول، کە دەڵێت "قەدەغەی چاوپێکەوتن لە ئیمراڵی کۆتایی پێهاتووە" و دایە سۆیلەر لەوبارەیەوە وتی، دەبێت گۆشەگیری نەک تەنها بە قسە، بەڵکو دەبێت لە هەمانکاتدا بە کردەوە کۆتایی پێبهێندرێت.

سۆیلەر ڕایگەیاند، تاوەکوو دوایین هەناسەیان پشتگیریی بەندکراوان دەکەن و داواکاری مافی ڕۆڵەکانیانە و بانگەوازی لە سەرۆک کۆماری ئاکەپە تەیب ئەردۆغان و هاوسەرەکەی ئەمینە ئەردۆغان کرد و وتی: "رۆژێک دێت دادپەروەری بۆ هەموو کەسێک پێویست دەبێت. ئێمە نامانەوێت ڕۆڵەکانمان لە بەندیخانەکاندا گیانیان لە دەست بدەن. ئێمە بۆ ژیانی ئەوان نیگەرانین.

با هەموو کاربەدەستان خۆیان بخەنە ژێر ئەو بارە و ئیتر کۆتایی بە زوڵم بێنن. بە تایبەتی دەمەوێت بانگەوازێک لە ئەمینە ئەردۆغان بکەم و بانگەوازەکەم ئەوەیە، ئەویش دایکێکە با بیر لە ئێمەش بکاتەوە و ئیدی فرمێسک لە چاوەکانماندا نەما و ئەسرینی چاوەکانمان بوون بە خوێن، ئیدی بەسە. ئیتر با لە چاوانی دایکان فرمێسک نە بارێت. دەڵێن: بەهشت لە ژێر پێی دایکان دایە ئەی کوا بەهای ئێمە؟ ئێمە دەچینە بەردەم بەندیخانەکان و پۆلیسەکان بە زەویدا ڕاماندەکێشن: ئێمە دەڵێین، با کاتژمێرێک دانیشین، بەڵام ڕێگە نادەن. ئێمە وەک دایکان ئیتر ئاشتیمان دەوێت لە هەموو کەس زیاتر ئاشتی بۆ ئێمە مافە".

ر.م