دێرسیم داغ: ئازادی بە خۆبەڕێکخستن کردن بەدی دێت

رێکخستنى ئەنجوومەنى گەنجانى هەدەپە لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا لە ئامەد دووەمین کۆنگرەى ئاسایى خۆی ئەنجام دەدات. دێرسیم داغ پەرلەمانتاری هەدەپەى ئامەد رایگەیاند، ئازادی بە خۆبەڕێکخستنکردن بەدی دێت و داواشی لە هەموو گەنجان کرد بەشداریى کۆنگرەکە ببن.

ئەنجوومەنى گەنجانى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا لە شاری ئامەد دووەمین کۆنگرەى ئاسایى خۆی ئەنجام دەدات. گەنجان بە دروشمی "تاوەکو ئێمە خۆمان بەرێکخستن نەکەین، ئازاد نابین" لە هۆڵی کۆنفرانسی گەتەرلەر کۆنگرەکەیان بەڕێوەدەبەن.

خەباتى گەنجان بۆ کۆنگرەکە بە خێرایى و چڕوپڕی بەردەوامە. لە چەندین شار و ناوەند راگەیاندراو بڵاودەکرێنەوە و پۆستەر هەڵدەواسرێن و داوا لە هەموو گەنجان دەکرێت بەشداریى کۆنگرەکە ببن.

تاوەکو ئێستا و هاوکات لەگەڵ هەوڵی گەنجان بۆ تەواوکردنى ئامادەکارییەکانى کۆنگرەکە، پۆلیس چەندین گەنجی لە ئامادەکاران و خەباتکارانى کۆنگرەکە دەستگیرکردووە، بەڵام سەرباری ئەوەش گەنجان خەباتەکەى خۆیان رانەوەستاندووە و ماڵ بە ماڵ، کۆڵان بە کۆڵان و شەقام بە شەقام دەگەڕێن و داوا لە گەنجان دەکەن بەشداری لە کۆنگرەکەدا بکەن.

دێرسیم داغ پەرلەمانتاری هەدەپەى ئامەد و ئەندامى ئەنجوومەنى گەنجان لەبارەى کارەکانى کۆنگرەکە و شەپۆلی بەربڵاوى دەستگیرکردنى گەنجانەوە قسەى کرد.

 

"پۆلیسەکان بە چەک هەڕەشە لە هەڤاڵەکانمان دەکەن"

داغ رایگەیاند، بۆ تەواوکردنى ئامادەکارییەکان و بەشداریکردنى گەنجان لە کۆنگرەکەیاندا بە شەو ورۆژ لە سەرتاسەری کوردستان و تورکیادا بە چڕی لە کار و تێکۆشاندان و لەوبارەیەوە وتى "سەرباری هەڕەشەکان و دەستگیرکردنەکان، ئێمە هەموو رۆژێک ماڵ بە ماڵ، کۆڵان بە کۆڵان و شەقام بە شەقام دەگەڕێین و بەردەوامین لە کار و خەباتى خۆمان. لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا یانی سبەى یەکشەممە ئێمە کۆنگرەکەمان بە جۆش و حەماسەتێکى گەورەوە بەڕێوەدەبەین. دەوڵەت بۆ ئەوەى رێگری لە ئەنجامدانى کۆنگرەکەمان بکات تاوەکو ئێستا ژمارەیەکى زۆر لە گەنجانى دەستگیرکردووە و چەندین گەنجیشی رفاندووە. هەروەها کاتێک هەڤاڵە گەنجەکانمان پۆستەر و ئافیشەکانیان هەڵدەواسی لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان دەکرایە سەر و پۆلیسەکان بە چەک هەڕەشەیان لە هەڤاڵەکانمان دەکرد، بەڵام سەرباری هەموو ئەو گوشار و رێگرییانەش ئێمە کار و خەباتى خۆمان رانەوەستاند و بە هەموو هێزی خۆمانەوە لە کارەکانمان بەردەوام بووین".

"لە بەرامبەر هێرشەکاندا خۆتان بە رێکخستن بکەن"

داغ باسی ئەوەشیکرد، لە کۆنگرەکەدا باس لە سیاسەتەکانی داچۆڕاندن و گوشار، ئینکار و سڕینەوە دەکەن و ئەوەشی وت "ئیمە لە دژی سیستم و عەقڵییەتى ئاکاپە و سیاسەتى داچۆڕاندن و گوشاری ئاکەپە، هێزى گەنجانمان دەکەینە یەک. ماوەیەک لەوە پێش لە زۆرێک لە شارەکاندا کۆنفرانسمان ئەنجامدا و دواى کۆنفرانسەکانیش ئێمە پانێلمان رێکخست. ئێستاش کاتی کۆنگرەیە بۆ ئەوەی خۆمان بە رێکخستن بکەین. پێش هەموو شتێک کاتێک هێرش دەکرێتە سەر کۆمەڵگە، هێرشکارەکە پەلاماری گەنجان دەدات و گەنجان دەکاتە ئامانج. ئەگەر گەنجان خۆیان بە دەستى خۆیان خۆیان بە رێکخستن بکەن و کۆمەڵگە بەدەست بهێنن ئەوا لە بەرامبەر کردارەکانى دەوڵەت، کە دەیەوێت بەسەر گەنجاندا بیسەپێنێت خۆڕاگری بکەین و خۆشمان بە رێکخستن دەکەین".

داواى بەشداریکردن بۆ کۆنگرە

داغ لە کۆتایى قسەکانیدا داواى لە هەموو گەنجان کرد بەشداری کۆنگرەکە ببن و لەو بارەیەوە وتی "لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا و بە دروشمی 'تاوەکو ئێمە خۆمان بە رێکخستن نەکەین، ئازاد نابین' ئێمە هەموو گەنجانى کوردستان و تورکیا بانگهێشتی کۆنگرەى ئاسایى خۆمان دەکەین".

ر.م