رۆژنامەوانانی ژن: میدیای ئازاد بێدەنگ نابێت

پلاتفۆرمى ژنانی رۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، لەماوەی ٣رۆژدا ٩ رۆژنامەوان دەستگیر کران و رایگەیاند، "تورکیا لە جیهاندا بووەتە ئەو وڵاتە، کە زۆرترین رۆژنامەی تیادا دەستگیر کراوە، بەڵام میدیای ئازاد بێدەنگ نابێت".

پلاتفۆرمى ژنانی رۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا (مەکەگەپە - MKGP)، لەبارەی گوشارەکانی سەر ئاژانسی هەواڵی ئەتکین (ETHA)، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، دوێنێ لە هەڵکوتانە سەر ئاژانسى هەواڵی ئەتکین (ETHA)دا ٧ کەس دەستگیر کران، کە ٦ کەسیان رۆژنامەوانن.

 لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "هەروەها پۆلیس لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩ / ٢٣ی جۆزەردان هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی رۆژنامەی 'ئۆزگیور گەلەجەک' لە بورسا و ٣ پەیامنێریان دەستگیر کردووە و دەستیشان بەسەر کەلوپەلەکانى نووسینگەکەدا گرتووە".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: "تورکیا بووەتە گرتووخانەیەک بۆ رۆژنامەوانان. رۆژنامەوان ئیتر لە تورکیا خۆیان بە پارێزراو نازانن. بەبیانووی ئەو هەواڵانە، کە بڵاوى دەکەنەوە سزای دەیان رۆژنامەوانان دەدرێت. چەندین رۆژنامەوان ناچار بوون داوای پەنابەری بکەن. ئەو رۆژنامەوانانەی کە بوونەتە ئامانج هاوکات کراونەتە ئامانجی هێرشەکانیش".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش باس کراوە، ئەو رۆژنامەوانانەی کە ملکەچ نابن، دەکرێنە ئامانج و هەموو جۆرە گوشارێکیان دەخرێتە سەر، بەڵام میدیای ئازاد هیچکات بێدەنگ نەبووە و بێدەنگیش نابێت.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، رۆژنامەوانە دەستگیر کراوەکان، ئەو رۆژنامەنووسانەن، کە راستییەکانیان دەنووسی و بڵاودەکردەوە و ئاماژەش بەوەکراوە: "لە هەموو هەلومەرجێکدا ئێمە پشتگیریی میدیای ئازاد بەهێز دەکەین و پشتیوانى لە هەڤاڵەکانمان دەکەین. رۆژنامەوانی تاوان نییە. پێویستە رۆژنامەوانە دەستگیر کراوەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن".

ر.م