رەوشەن مێردین: پێویستە ئاسایش داواى لێبوردن لە گەل بکات

رەوشەن مێردین لەبارەى نزیکایەتیى حکومەتى باشووری کوردستانەوە رایگەیاند "ئەو نزیکایەتییە قبوڵ ناکرێت، چەندین ساڵەوە ئەو شێوازە لەلایەن نەیارەکانمانەوە لە دژمان بەڕێوەدەچێت. چالاکییەکانى گەلەکەمان رەوان و پێویستە ئاسایش داواى لێبوردن بکات".

لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ١٩ی بەرفرانبار ٣ ژنی شۆڕشگێڕ لە پاریس تیرۆرکران. یەکێک لەو ژنە شۆڕشگێڕانە ساکینە جانسز کادێری پێشەنگی بزووتنەوەى ئازادیى کوردستان بوو. بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا ٥ ساڵ تێپەڕی. گەلی کورد لە هەموو کوردستان و ئەوروپا بۆ روونکردنەوەى ئەو کۆمەڵکوژییە، لە ساڵیادى کۆمەڵکوژییەکەدا چەندین چالاکییان ئەنجامدا. لە باشووری کوردستانیش لە شاری سلێمانى ژنانى کورد و گەلی کورد خواستیان بە خۆپیشاندان ناڕەزایەتى و کاردانەوەى خۆیان لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییە بخەنەڕوو، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە رێگرییان لێکرا و چەندین کەس دەستگیرکران.

چالاکیى گەلەکەمان لە سلێمانی رەوایە

رەوشەن مێردین ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەکانى ژنانى کوردستان (کەژەکە) رایگەیاند "کۆمەڵکوژییەکەى پاریس ٥ ساڵی بەسەردا تێپەڕی و چووە شەشەم ساڵەوە. گەلی کورد، ژنانى کورد و مرۆڤە دیموکراتیکەکان بۆ خستنەڕووی راستییەکانى پشتی ئەو کۆمەڵکوژییە و لێێرسینەوە لە بکوژەکان، چەندین چالاکییان ئەنجامدا. بەڵام بە داخەوە تاوەکو ئێستا لێپرسینەوە لە بکوژەکان نەکراوە و دەستەکانى پشتی تیرۆرەکەش ئاشکرا نەکراون. بکوژەکان و ئەنجامدەرانى ئەو تیرۆرە بۆ بزووتنەوەى ئازادیمان روون و ئاشکران و ئێمە دەزانین ئەوانە کێن. بۆ ئەوەى راستییەکان ئاشکرا نەکرێن کەسە بکوژە تەقەکەرەکە کوژرا. بێگومان دەوڵەتى فەرەنسا لەو کۆمەڵکوژییەدا بەرپرسیاری و پشکی هەیە و دەیەوێت ئەردۆغانى فاشیستى هاوپەیمانى بپارێزێت. بەڵام ئێمە وەک بزووتنەوەى ئازادیى ژنانى کوردستان لە هەموو شوێنێکى جیهاندا تێکۆشانى ئازادیمان گەش دەکەین و تۆڵەی هەڤاڵەکانمان دەکەینەوە و لە بکوژەکان و ئەنجامدەرەکانى دەپرسینەوە".

 

رەوشەن مێردین راشیگەیاند "گەلەکەمان لە ساڵیادی شەهادەتى هاوڕێیانماندا لە هەموو شوێنێکدا چالاکییان ئەنجامدا. ئێمە سڵاومان بۆ ئەو چالاکییانە و ئەو بەرخودانەیان هەیە. پێویستە ئەو تێکۆشانە بەرفراوانتر بکرێت و لێپرسینەوە لە بکوژەکان بکرێت. گەل لە هەموو ناوچەکانى وڵات و لە دەرەوەى وڵات راپەڕیوە. گەلەکەمان لە باشووری کوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە چالاکی و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. لەو رۆژەدا هەڵوێستى رەوا و هەموو مرۆڤە خاوەن ویژدانەکان ئەوەیە، کە ئەو تیرۆر و تۆقاندنە قبوڵ نەکەن. لە شاری سلێمانیش بە پێشەنگایەتى ژنانى کورد، مرۆڤە دیموکراتیک و گەلە وڵاتپارێزەکەمان چالاکییەک ئەنجامدرا، بەڵام ئەوەی ئاسایشی هەرێمى کوردستان لە سلێمانى ئەنجامیدا هیچ پەیوەندیى بە دڵسۆزییان بۆ مرۆڤایەتی نییە، لە وڵاتى ئێمەى کورداندا دەبێت ئەو نزیکایەتییە قبوڵ نەکرێت".

چەندین ساڵە نەیارەکانمان ئێمە دەکەن بە گژ یەکتردا و قڕمان دەکەن

رەوشەن مێردین لە قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر تێکۆشان و بەرخودانی ساکینە جانسز (سارا) و رایگەیاند "ئێمە باش دەزانین نەیاران لە بەرامبەر تێکۆشانی هەڤاڵ سارادا چۆکیان دا دا، تێکۆشانی هەڤاڵ سارا لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە، لە ئەرجەنتینەوە  بۆ هێندستان لە ناو چەندین بزووتنەوەى ژنانی جیهاندا دەنگی دایەوە و زۆرێک لە وڵاتانى ئەوروپا هەڤاڵ سارا بە پێشەنگی خۆیان قبوڵ کردووە. تێکۆشانی هەڤاڵ سارا لە دژی فاشیزم و سیستمى کاپیتالیست بوو. بۆ ئازادى و دیموکراسی تێکۆشانی ئەنجامدا. هەموو ژیانى فیدای تێکۆشانەکەى کرد.  

لە شوێنێکى وەک سلێمانی دا بۆ ئەوەى فلیمی ژیان و تێکۆشانی ساکینە جانسز نمایش نەکرێت سینەمایەک داخرا. هاوکات ئاسایش هێرشی کردە سەر چالاکوانان و چەندین کەسی دەستگیرکرد. ئاسایشی سلێمانی لە بەرامبەر ئەو تێکۆشانەدا هەڵوێست و نزیکایەتیى خۆی بەو شێوەیە خستەڕوو. ئەو نزیکایەتییە قبوڵ ناکرێت و ئەوە عەقڵییەتى نەیارانە. نەیاران چەندین ساڵە ئەوەمان پێ ئەنجام دەدەن با ئێمە ئەوە دووبارە نەکەینەوە، چونکە ئەو شێوازە دەکەوێتە خزمەتى نەیارانەوە. چەندین ساڵە نەیارەکانمان ئێمە لە سەردەستى خۆمان قڕ دەکەن، ئەو عەقڵییەت و شێوازە زیان بە یەکگرتنى کوردان، دیموکراسی و ئارامیی وڵات دەگەیەنێت. ئێمە دەوڵەتى تورک زۆر باش دەناسین، ئێمە تەوقەیەکى لەگەڵ بکەین ئەو دەستمان لە بنەوە دەردەهێنێت و دەست دەگرێت بەسەر هەموو شتێکدا. نەیارەکانمان هەرگیز چاکەیان بۆ کوردان نەویستووە و ناشیانەوێت. بۆ ئەوەى یەکسانی و ئارامی لە وڵاتى کورداندا پێشنەکەوێت و هەموو کات ناکۆکی هەبێت چییان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن. لە هەر سەردەم و کاتێکدا ئێمەى کورد لە یەک نزیک بووبێتینەوە و نەیارەکانمان دەستیان بە دروستکردنى ناکۆکی لە نێوانماندا کردووە و کاریان بۆ ئەوە کردووە هەموو کات ناکۆکی دروست بکەن. پێویستە ئێمە لەو بابەتەدا هۆشیار بین. پێویستە حکومەتى باشوور لەو کارەى پاشگەز بێتەوە و ئەوە قبوڵ نەکات. ئێمە لە سەردەمێکداین، کە لە هەموو شوێنێکى جیهاندا گفتوگۆ لەبارەى کێشەى کوردەوە دەکرێت، گفتوگۆ لەبارەى مافەکانى کوردەوە دەکرێت. باسی ئەوە دەکەن باشە بۆ کورد وا بە یەکتر دەکەن. داستان و تێکۆشانی ژنانى کورد گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و بۆ خۆیان بە نمونەى دەزانن، ئەى باشە بۆ ئێوە ئەوە نابینن".

ئەو نزیکایەتی و ئەو شێوازە هیچ سوودێکى بۆ کوردان نییە

رەوشەن مێردین لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "لە کات و سەردەمی ئێستادا هێرشێکى لەو جۆرە لەلایەن بزووتنەوەى ئازادیى ژنانەوە قبوڵ ناکرێت. ئێمە تێکۆشانى خۆمان گەشتر دەکەین. ئەو نزیکایەتی و شێوازە هیچ سوودێکى بۆ کورد نابێت. پێویستە بەڕێوەبەرانى هەرێمى کوردستان باش لەوە تێبگەن، ئەگەر لەو هەڵەیە پاشگەز نەبنەوە، ئەوا میژوو لێیان دەپرسێتەوە و ئەوان بۆ خۆیان تێکدەشکێن. کات کاتی خاوەنداریکردنە لە بەها و نرخەکان. هاوڕێمان ساکینە پێشەنگ و رێبەرمانە، بەها و پیرۆزترین نرخمانە، پێشەنگمانە، ئێمە شوێنکەوتووى ئەوین و درێژەپێدەری رێگاکەین. تاوەکو دوا هەناسە بۆ مافی کورد و ژنان تێکۆشا. ئێمە نزیکایەتییەک ئەنجام نادەین، کە نەکەوێتە خزمەتى کوردبوون و دیموکراسییەوە. پێویستە ئێمەى کورد ببینە هی خۆمان. ئەمڕۆ دەڵێن، ١٥ هەزار ملیۆن دۆلارمان لە دەستچووە بەهۆی نەکردنەوەى هێڵی ئاسمانیى تورکیاوە. ئەو ١٥ هەزار دۆلارە شکۆ و کەرامەتى کورد رزگار ناکات، ئێمە نابێت بۆ ئەوە مرۆڤەکانى وڵاتى خۆمان و ئارامی خۆمان تێکبدەین و دیموکراسی و ئازادى نەهێڵن. ئەوە شایستەى تێکۆشانی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان و ژنان نییە. ئەو کەسانەى کە دەستگیرکراون چەندین ژن و منداڵیان لە ناودا بوو. چەندین ساڵە نەیارانمان ئەو شێوازە لە دژمان بەکار دەهێنن. ئەو چالاکییەى گەلەکەمان دەستى پێکردووە رەوایە و پێویستە ئاسایش داواى لێبوردن لە گەلەکەمان بکات".

با بزووتنەوەکانى ژنان یەکێتیى خۆیان دروست بکەن

رەوشەن مێردین لە کۆتایى وتەکانیدا بانگەوازی بۆ هەموو بزووتنەوەکانى ژنان لە باشوروی کوردستان هەبوو و وتى "بانگەوازم بۆ هەموو بزووتنەوەکانى ژنان لە باشووری کوردستان و ئەوانەى بۆ مافی ژنان تێدەکۆشن ئەوەیە، دەزانن هەموو ساڵێک لە باشووری کوردستان لە سلێمانى خەڵاتی هەڤاڵ سارا دەبەخشرا، بۆیە پێویستە لەو رۆژێکى لەو جۆرەدا هەموو ژنان یەکێتیى خۆیان دروست بکەن و پێکەوە بجوڵینەوە و رێکخستنبوونی خۆیان بەهێز بکەن و بڵێن، ئێمە پێشەنگایەتیى بۆ یەکبوونی کوردان دەکەین. ماوەیەکى دوور و درێژە باسی کۆنگرەى نەتەوەى دەکرێت، ئێمەى ژن پێشەنگایەتیى ئەوە دەکەین و دیسانەوە بۆ کۆنگرەى ژنان پێشەنگایەتى دەکەوێتە سەر شانمان. هەڤاڵ سارا پێشەنگی ژنی ئازاد، ژنی دیموکراتیک و مرۆڤایەتییە. پێویستە هەموو کەس لەگەڵ رێکخراوى ژنانى ئازادی کوردستان (رەژاک - RJAK) دەنگى خۆی بەرز بکاتەوە و ئەو شێوازەی دژ بە مرۆڤایەتى قەبوڵ نەکەن و لێیان بپرسنەوە".

ر.م