زیاتر لە ١٣٠ملیۆن کچی منداڵ لە خوێندن بێبەشکراون

نەتەوە یەکگرتووەکان بە بۆنەی ١١ی تشرینى یەکەم رۆژی جیهانیى کچانى منداڵ رایگەیاند، ئێستاش سەدان ملیۆن منداڵ ناتوانن بخوێنن، یان لە تەمەنی بچووکدا کاریان پێدەکرێت.

بەپێى ئامارێکى سندوقی هاوکاریى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (UNICEF) نیوەى ئەو منداڵانەى کە ناتوانن بچن بخوێنن، منداڵی کچن و داهاتوشیان نادیارە.

چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی ئەو گەنجانە "منداڵانە" کە لە ١٠ساڵی داهاتوودا دەچنە ناو بازاڕی کار بگاتە ملیارێک کەس و لەوەش ٦٠٠ ملیۆن کەسیان کچی منداڵ دەبن.

لەو منداڵانە، کە تەمەنیان لە نێوان ٥-١٧ ساڵدایە و ناتوانن بخوێنن، زیاتر لە ١٣٠ ملیۆن کەسیان کچی منداڵن. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کچان لە دۆزینەوەى کار و هەلی کاردا تووشی ناڕەحەتیى زۆر ببن.

لەگەڵ دژوارییەکانى دەستکەوتنى کاردا، بێبەشکردنى کچانى منداڵ لە خوێندن کاریگەریى لەسەر زۆربوونی توندوتیژی لە دژی ژنان دەبێت. لە دەیان وڵاتى جیهاندا توندوتیژی بەرامبەر بە کچانى منداڵ بەرزترین ئاستی تۆمار کردووە.

ئاشکرایە، ئەو دژوارییانەى رووبەری کچانى منداڵ دەبنەوە زۆر زیاترە لەو دژواریانەى رووبەڕووی پیاوان دەبێتەوە.

بەپێى ئامارەکەى یونیسێف جگە لە بێبەشبوون لە خوێندن، بێکاری لە ناو ژنانى گەنجی تەمەن ١٥-٢٩ ساڵ رێژەى ٧٠%یە. هەر یەک لە ٣ ژنى گەنجیش ئەزموونی کاریان نییە.

لە ناو ئەو گەنجانەدا کە کار ناکەن و ناخوێنن، زیاتر لە رێژەى ٧٥%یان ژنن. یەک لەسەر سێى ژنانی کار بەهۆی ئەوەى منداڵیان دەبێت و دەبنە دایک، ناچار دەبن دەست لەکارەکانیان هەڵگرن.

ر.م