سزای ١٠ مانگ بێبەشکردن لە هەموو کار و چالاکییەک بەسەر سەباحەت تونجەل دا سەپێنرا

سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکى گشتیى دەبەپە بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەن دەستی بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەى ١٠ رۆژ کردبوو، بەڵام بەرپرسانی زیندانەکەى لە بەرامبەردا ١٠ مانگ سزای دیسیپلینیان بەسەردا سەپاند.

 سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکى گشتى پارتى دیموکراتیکى هەرێمەکان (دەبەپە)، کە لە زیندانى ژماریەکى جۆری ئێف لە کاندرییەى کۆجالی لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە دیلکراوە، بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن لەگەڵ ١٤ زیندانى تردا پێکەوە دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەى ١٠ رۆژ کرد.

بەڵام لە بەرامبەردا و لە بریى ئەوەى بە دەم داواکەیانەوە بچن، بەرپرسانى زیندانی کاندرییە ١٠ مانگ سزای دیسیپلین و بێبەشکردن لەهەموو کار و چالاکییەکیان لە ناو زینداندا بەسەر سەباحەت تونجەل دا سەپاندووە.

سەباحەت تونجەل لەو بارەیەوە نامەیەکى رەوانەى دەرەوەى زیندان کردووە و رایگەیاند، لەبەر ئەوەى دەستی بە مانگرتن کردووە لەلایەن بەرپرسانى زیندانەوە ١٠ مانگ سزای دیسیپلین و بێبەشکردنی لە هەموو چالاکییەکان و وەرزش لە ناو زینداندا بەسەردا سەپێنراوە.

تونجەل لە نامەکەیدا رایگەیاندووە "بۆ ئەوەى رێگری لە چالاکیى مانگرتن لە خواردن بکەن پەنایان بۆ سەپاندنی سزادانى دیسیپلین بردووە. عەقڵییەتیان هەمان عەقڵییەتى پێشوو و رێگرە، بۆیە چ لە زینداندا بێت یان لە دەرەوەی زیندان هەر خەریکى سەپاندنى سزان. هەوڵ دەدەن لە هەموو شوێنێکدا ئازادی بێکاریگەر و گۆشەگیر بکەن. دەزانن سیاسەتى گۆشەگیرکردنیان سەر ناکەوێت، بەڵکو توڕەیى و تامەزرۆی و پێداگریى ئێمە گەورەتر دەبێت".

ر.م