كه‌نه‌كه‌: بە یەکێتیمان پیاوسالاری و فاشیزم تێکده‌شکێنین

كۆمسیۆنی ژنانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه‌) به‌بۆنه‌ی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی ڕه‌نجده‌ر به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، پێویستە ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری و دەسەڵاتداریی پیاو لە کۆمەڵگەی کوریدا تێکبشکێنرێت.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی كه‌نه‌كه‌:

ئێمەی ژنانی کورد لە 8ی ئازاری ئەمساڵ بە ناو دوو ئاستەنگیدا تێپەڕئەبین. لە لایەکەوە سیاسەتی فاشیستانەی داگیرکەر لە کوردستان، لە لایەکی تریشەوە زەبر و توندوتیژی کۆمەڵایەتی و پیاوسالاریی گوشارەکانی لە سەر ژنانی کوردستان زیاتر ئەبێت. هەردوولاش هەوڵئەدەن هێزو رێکخستبوونی مەزنی ئازادیی بێدەنگ بکەن. هەموو دەسەڵاتداران چ دەوڵەت و چ پیاوی دەسەلاتدار ئەو راستییە ئەزانن کە بنەمای ئازادیی سیاسی و جڤاکیی، ئازادبوونی ژنە. بۆ ئەوەش کە پێش لەو هێزە بگرن، توندوتیژیەکانیان زیاتر ئەکەن.

لەسەروو هەمووشیانەوە دەولەتی داگیرکەری تورکیا. تورکیا بۆ ئەوەی خۆی لەسەر پێ بگرێت، ئێستا لە باکورو باشوورو رۆژاوا شەڕێکی دژوار لەدژی کوردان بەڕێوە ئەبات. هەموو دانوستانە دیپلۆماسییەکانیشی لە دژی کوردان بەڕێوەئەبات. لە ناو کۆمەڵگەی تورکیاشدا بۆ ئەوەی دەنگی ئازادی بەرزنەبێتەوە، داوای دەسەڵاتداریی پیاوی سەردەست ئەکات و هەتا دێ کۆیلایەتی بەرەوپێش ئەچێت. لە راستیشدا کاراکتەری رژێمی فاشیست ئەوەیە کە نەک تەنیا دژی پڕ ڕەنگی کۆمەڵگەیە، بەڵکو ئەیەوێ لە رێی کۆیلەکردنی ژنانەوە گەلانیش ژێردەستە بکات. داعش ویستی دەسەڵاتێکی لەمشێوەیە لە رۆژاو و سوریاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرێنێ. حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەی ئەندازیاری داعشیش ئەیەوێ بە هەمانشێوە لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم سیاسەت و کلتورە بە یاسایی بکات. لەو چوارچێوەیەدا حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە تەنیا دژیاتی کوردان ناکەن، بەڵکو دژایەتی کردنی ژنانیش خاڵێکی سەرەکیی ستراتیژی ئەوانە.

ژنە گەریلاکانی کورد وەک قارەمان دژی داعش شەڕیان کرد. ئێستا سەرکەوتنی سەربازیی و تێکشکانی داعش بەرەو کۆتای ئەچێت. ئیدی ئەرکی ژنانی کورد ئەوەیە کە شانبەشانی سەرکەوتنی سەربازیی بەسەر داعشدا، لە کۆمەڵگەشدا تێکۆشان دژی ئەقڵیەتی داعشیی کە ئاکەپە-مەهەپە نوێنەرایەتی ئەکات، بەهێزتر بکەن. ئەرکی وڵاتپارێزی و خاوەندارێتی لە تێکۆشانی ئازادیی ژناندا ئەوەیە کە لە 8ی ئازاردا فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا تێکبشکێنرێت.

لە لایەکی تریشەوە پێویستە ئایدیۆلۆجیای پایوسالاری و دەسەڵاتداریی پیاو لە کۆمەڵگەی کوریدا تێکبشکێنرێت. بە زۆر بە شوودانی کەمتەمەنان و کوشتنی ژنان لە کوردستان هەر لە زیادبووندایە. لە باشووری کوردستان و لە کەمپی پەنابەراندا فرۆشتنی کچانی تەمەن 10 و 11 و 12 ساڵ گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک. هەروەها لە باشووری کوردستان رۆژ نییە ژنێک نەکوژرێت. لە رۆژهەڵاتی کوردستان و باکور و هەندەرانیش کوشتن و خۆکوشتنی ژنان روو لە زیادبوونە. ئێمە ژنان پێویستە وەک پرسێکی نەتەوەیی سەیری ئەم رووداوانە بکەین. لە رێی تۆڕی سیاسیی و کۆمەڵایەتی هەڵمەتێک لە دژی ئەم دۆخە بکەین وەک تاوانی دژە مرۆڤایەتی و دژی بەهای نیشتیمان پەرەوەریی لە کۆمەڵگەی کوردیدا کاری بۆ بکەین.

ئەوەی لە ئێستادا لە دژی پیاوسالاریی ژێر سایەی فاشیزمدا و لە قۆناغێکی مێژووی گرنگدا پێشەنگایەتی ئەکات، دیسان ژنی کوردە. لەیلا گئڤەن وەک ژن کوردو وەک ژن ئەمڕۆ بۆتە سیمبوڵی تێکۆشان دژی شەڕ و داگیرکاریی و فاشیزم. پێویستە هەموو ژنانی کورد خاوەندارێتی لە تێکۆشانی لەیلا گئڤەن بکەن، هەتا سیستەمی دژە کورد ودژە ژن تێکبشکنرێت. لەو چوارچێوەیەدا داخوازی لەیلا گئڤەن هەموو مانگرتوان لە خواردن بۆ ئازادیی بەڕیز عەبدوڵا ئۆجەلان زۆر گرنگە. بەڕێز حەبدوڵا ئۆجەلان ئازادی ژنانی کردە پێوەری ئازادیی کۆمەڵگە. ئیدی هەبوون و خۆرێکخستنی ژنان بوو بە گەرانتی رزگاربوونی کوردستان. هەرلەبەر ئەوەش سەرەڕای هەموو داوکەوتوویی و پایوسالاریی و فاشیزمی دەولاتانی داگیرکەر، ژنانی کورد لە ئاستی جیهاندا وەک بەردەوامیی کلارا زیتکین و شۆڕشی نێونەتەوەیی ژنان سەیرئەکرێت.
لە ساڵوەگەری 8ی ئازاردا سەری خۆمان لەبەردەم هەموو ژنانی شەهیددا دائەنەوێنین. هەمانکات پشتگیریی خۆمان بۆ مانگرتوان لە خواردن دووبارە ئەکەینەوە. 

s.m