كه‌ژه‌كه بۆ یه‌كێتی‌: ده‌ست له‌م هه‌ڵسوكه‌وت و بڕیاره‌ به‌رده‌ن

كه‌ژه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، داخستنی باره‌گه‌كانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی و ڕه‌ژاك له‌ به‌هاكانی وه‌ڵاتپارێزی ناوه‌شێته‌وه‌ و داوای له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و یه‌نه‌كه‌ كرد خۆیان له‌و هه‌ڵسوكه‌وت و بڕیارانه‌ به‌دوور بگرن.

كۆردیناسیۆنی كۆما ژنانی كوردستان (كه‌ژه‌كه‌) ده‌رباره‌ی داخستنی باره‌گه‌كانی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان (ڕه‌ژاك) له‌ سلێمانی و ده‌وروبه‌ری،  به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: «بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی باشووری كوردستان و یه‌نه‌كه‌ (یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان) بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و ڕه‌ژاك كه‌ ٢٧ی تشرینی دووه‌م\٦ی سه‌رماوه‌ز له‌ سلێمانی و ده‌وروبه‌ری جێبه‌جێ كرا، له‌ به‌ها ئه‌خلاقی، وه‌ڵاتپارێزی و دیموكراتییه‌كان ناوه‌شێته‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ قه‌ده‌غه‌كار، دواكه‌وتوو و نادیموكراتییه‌ ته‌نیا به‌ كه‌ڵكی ئاكه‌په‌ی فاشیست دێت. ئه‌م بڕیاره‌ له‌ كولتوور و به‌ها وه‌ڵاتپارێزییه‌كانی گه‌لی ئێمه‌ی باشووری كوردستان ناوه‌شێته‌وه‌. له‌ ڕاستینه‌ی سلێمانیش ناوه‌شێته‌وه‌ كه‌ به‌ مێژوو، كولتوور، خۆڕاگری، ڕۆشنبیری و به‌ها وه‌ڵاتپارێزییه‌كانییه‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌. گه‌له‌كه‌مان له‌ باشووری كوردستان به‌تایبه‌تیش سلێمانی، له‌ به‌رانبه‌ر هه‌موو هه‌وڵه‌كانی هێزه‌ سه‌رده‌سته‌كان بۆ سه‌ركوتكردن، له‌ناوبردن و ته‌سلیمگرتن، هه‌رگیز له‌ كوردبوون و به‌ها وه‌ڵاتپارێزییه‌كانیان سازشیان نه‌كردووه‌. به‌هاكانی وه‌ڵاتپارێزی لای ئه‌م خه‌ڵكه‌ی ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌ سه‌رووی هه‌موو به‌هاكانی دیكه‌وه‌ بووه‌.»

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، له‌م كاته‌دا كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێت، كردنه‌ قوربانی به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ وه‌ڵاتپارێزی و دیموكراتیبوون نایه‌ته‌وه‌.

«كرده‌وه‌ و بڕیاری له‌م شێوه‌یه‌ پراگماتیك، هێز به‌ ئاكه‌په‌ ده‌دات كه‌ له‌ پێشكه‌وتن، یه‌كێتی و به‌هێزبوونی كوردان ده‌ترسێت و له‌ هه‌موو شوێنێك و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دوژمنایه‌تیی كورد و كوردستان ده‌كات. ئه‌و ته‌عویزه‌ی كه‌ به‌ هێزه‌ مێتینگه‌ره‌كانی دوژمنی كوردان ده‌درێت، هیچ پارتییه‌كی سیاسیی كوردستان به‌هێز ناكات. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گورز له‌ هێز، یه‌كێتیی و ئاینده‌ی ئازادی كوردان ده‌دات. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی به‌م كاره‌ به‌هێز ده‌بن هێزه‌ مێتینگه‌ره‌كانن.»

«ده‌ست له‌و بڕیاره‌ به‌رده‌ن كه‌ دڵی دوژمنی كوردان خۆش ده‌كات»

له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی كه‌ژه‌كه‌دا هاتووه‌: «باش به‌بیرمان بێت كه‌ ئه‌و په‌یمان و ڕێككه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵ دوژمنانی كورد و كوردستان كراون، به‌ كه‌ڵكی گه‌له‌كه‌مان نه‌هاتوون. تاكه‌ ئامانجی هه‌میشه‌یی دوژمنانمان، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و پارچه‌كردنه‌. هه‌روه‌ها به‌شه‌ڕهێنانی هێزه‌كانی كورده‌. له‌به‌رئه‌وه‌، له‌و ڕێكه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵ دوژمن ده‌یكه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی پێتان ده‌درێت هه‌نگوین بێت، باش بزانن كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ژه‌هره‌. ئه‌گه‌ر به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كیش ته‌عویز به‌ دوژمن بده‌ی، له‌به‌ر چاوی دوژمن تۆ هه‌ر كوردی. هه‌ر وه‌ك چۆن نه‌مری كورد و كوردستان جگه‌رخوێن گوتویه‌تی، [ئه‌گه‌ر ناشبینه‌ یه‌ك، با پێكه‌وه‌ بین یه‌ك به‌ یه‌ك.] له‌به‌رئه‌وه‌ بانگی حكوومه‌تی باشووری كوردستان و یه‌نه‌كه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌ست له‌و هه‌ڵسوكه‌وت و بڕیارانه‌ به‌رده‌ن كه‌ زیان به‌ هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌یه‌نن و دڵی دوژمن خۆش ده‌كه‌ن.»

«پێویسته‌ ژنان هه‌ڵوێست پیشان بده‌ن»

كۆما ژنانی كوردستان (كه‌ژه‌كه‌) بانگی هه‌موو وه‌ڵاتپارێز، دیموكرات، ئازادیخواز و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل و ژنان ده‌كات كه‌ خاوه‌نداره‌تی له‌ به‌ها ئازادیپارێز و دیموكراتییه‌ جیهانییه‌كان بكه‌ن و هه‌ڵوێست پیشان بده‌ن.

كه‌ژه‌كه‌ ڕایگه‌یاندووه‌: «ئه‌وانه‌ی زۆرترین ئێشیان هه‌بووه‌ به‌هۆی كرده‌وه‌ مێتینگه‌رییه‌كانی باشووری كوردستان، كوژران، ئه‌نفال كران و قوربانی گه‌وره‌یان دا، ژن و دایكانی وه‌ڵاتپارێزی ئێمه‌ن. ئێمه‌ بانگی ئه‌وان ده‌كه‌ین كه‌ به‌هێزه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و كرده‌وانه‌ بوه‌ستنه‌وه‌ كه‌ چاویان له‌وه‌یه‌ ئاینده‌ی ئازادی ئێمه‌ تاریك بكه‌ن. هه‌ڵوێستی ژن و دایكان كاریگه‌ری له‌ پڕۆسه‌كه‌ ده‌كات. ئه‌وانه‌ی زۆرترین سوود له‌ یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ها دیموكراتییه‌كان وه‌رده‌گرن و پێشیان ده‌خه‌ن، ژنانن. هه‌ر بۆیه‌ بانگی هه‌موو ژنانی باشووری كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ڵوێست پیشان بده‌ن.»

s.m