لێپرسینەوە لەسەر ڕێپێوانی 'هاوسەرۆکایەتیی هێڵی مۆرمانە" دەستیپێکرد

ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە لە شاری وان ڕێپێوانێکیان بە ناوی 'هاوسەرۆکایەتی هێڵی مۆرمانە" ئەنجامدا. لێپرسینەوە لەسەر ڕێپێوانەکە دەستپێکرا و ژمارەیەک سیاسەتمەدار بۆ وەرگرتنی وتەکانیان داواکران.

هێرشەکانی (ئاکەپە) و (مەهەپە) لەبەرامبەر (هەدەپە) بەردەوامن. ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە لەدژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان لە لایەن قەیومەکانەوە بە دروشمی 'هاوسەرۆکایەتی هێڵی مۆرمانە" لە ٣ی ئەیلولدا لە پارکی داببائۆغلۆی وان ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا، بەڵام هێزەکانی پۆلیسی تورک دەستوەردانیان کرد.

داواکاری گشتیی وان، لێپرسینەوەی دەستپێکرد

لێپرسینەوە لەسەر بەدیعە ئۆزگوکچە هاوسەرۆک شارەوانیى گەورەشاری وان کە لەسەر ئەرکەکەی دوورخرایەوە، یڵدز چەتین هاوسەرۆک شارەوانیی ئەردیش، عایشە میناز هاوسەرۆک شارەوانیی تووشبا، کە بە بڕیاری حکومەتى باری نائاسایى مۆڵەتی کارکردنی پێنەدرا، جازییە دومان هاوسەرۆک شارەوانیى ڕێگای ئاوریشم، سەحەر کادرئۆغلۆ هاوسەرۆک شارەوانیى جۆلەمێرگ، کە بە بریاری حکومەتى باری نائاسایى مۆڵەتی کارکردنی پێنەدرا، یادیشان کارابوولاک هاوسەرۆکی رێکخستنی هەدەپە لە وان دەستپێکرا و بە مەبەستی وەرگرتنی وتەکانیان، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وان بانگکران.

هێڵی مۆر چییە؟

ژنان لە باکووری کوردستان لە دواى دەستگیرکردنى هاوسەرۆک شارەوانییەکان و پەرلەمانتاران و کودەتاکەى ساڵی ٢٠١٦ و راگەیاندنى حکومەتى باری نائاسایى و داخستنى دامودەزگاکان لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە، خۆیان لە چوارچێوەى چەتری پشتگیریى مۆردا رێکخست. ئەوەش دواى ئەوە هات، کە گوڵتان کشاناک هاوسەرۆکی شارەوانیى گەورە شاری ئامەد لە زینداندا کتێبکى بەناوی رەنگی مۆری سیاسەتى کورد نوسی، کە باس لە تێکۆشانی ژنانى کورد و سیاسەتى ژنانى کورد دەکات.

هاوکات هەدەپە و ئەنجوومەنەکانى ژنان و رێکخراوەکانى ژنان سیستمى هاوسەرۆکایەتیى شارەوانییەکان و حیزبەکەیان و رێکخراوەکان بە سیستمی بەشداریى ژن و تێکۆشانی ژن دەزانن. دەوڵەتى تورکیش قەیومی بەسەر شارەوانییەکاندا سەپاند و هاوسەرۆک شارەوانییە ژنەکانى کردە ئامانج بۆ ئەوەى لە کارەکانیان دووریان بخاتەوە، بۆیە ژنانیش قەیوم بە دوژمنی تێکۆشانی ژن و تێکۆشانی مۆری ژنان دەزانن. لەبەر ئەوەش هێڵی مۆر بە واتای هێڵی تێکۆشانی مۆری ژنان و هاوسەرۆکایەتیى مۆری ژنان دێت.

*****

ژ.ت