لە ئوسکێرهنی ئەڵمانیا پانێلێک لەبارەی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە بەڕێوەچوو

بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیى دژ بە ژنان لە شاری ئوسکێرهنی ئەڵمانیا لەلایەن ژنانەوە پانێلێک رێکخرا.

 لە پانێلەکەدا نورسەل ئایدۆغان پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد و دۆنە گیوزەل چالاکوانی بزووتنەوەى ژنانى کورد لە ئەوروپا (تەژەکە ئەوروپا - TJK-E) وتەیان پێشکەشکرد.

گیوزەل باسی لە گۆڕین و گۆڕانکاریى کۆمەڵگە کرد بەهۆی کار و ئەزموونەکانى بزووتنەوەى ژنانى کورد و بزووتنەوە فێمێنیستییەکان. ئەوان درێژە بەرخودانى خوشکانی میرابێل دەدەن، چونکە "ژنى بە رێکخستن نەبوو گارانتیى ژیانى نییە".

گیوزەل ئەوەشى وت، ژنانى کورد بە تێکۆشان و بەرخودانەکەیان مێژوویان نووسیوە. وتیشی، ئەوەش بە پارادیگمای دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازیى ژنان، کە لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە ئافرێنراوە، بەدی هاتووە.

لە بەردەوامیى پانێلەکەدا ئایدۆغان باسی ئەوەیکرد، هەر چۆن خوشکەکانى میرابێل لە دژی دیکتاتۆری تێکۆشاون، ژنانى کوردیش ئێستا لە باکووری کوردستان لە دژی دەوڵەتی تورک هەمان تێکۆشان بەڕێوەدەبەن.

ئایدۆغان باسی ئەوەشیکردووە، لە سایەى تێکۆشانی ژنانى کورد دا بزووتنەوەى فێمێنستی لە تورکیا زیندووبووەتەوە.

ئەوەشی وت "ئێمە رێگامان بە ڕووی گۆڕین و گۆڕانکاریى کۆمەڵگەدا کردووەتەوە. بەهۆی تێکۆشانەکەى ئێمەوە توندوتیژی لە دژی ژنان لە باکووری کوردستان لاواز و کەم بووەتەوە. ژن بوونەتە هێزێکى بە رێکخستنکراو".

ئایدۆغان وتیشی، تێکۆشانی ژنان تێکۆشانێکى هەمیشەیى و بەردەوام دەبێت.

بەشداربووانى پانێلەکە بە لێکدانەوەکانیان بەشداری گفتوگۆکانیان کرد و بۆچوونی خۆیان خستەڕوو. پانێلەکە بە وتنەوەى دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایى پێهات.

ر.م